کۆرپەڵەی ئەو دایکە لە مەترسیدایە کە لەلایەن پۆلیسی تورکەوە ئەشکەنجە کرا

پۆلیسی دەوڵەتی تورک خەدیجە بایکارا-یان لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەیاندا ئەشکەنجە کرد و بە هۆی قورسیی ئەشکەنجەکانەوە بایکارا بورایەوە و ژیانی کۆرپەڵەکەى ناو سکیشی لە مەترسیدایە. پۆلیسیش دەستیگرتووە بەسەر راپۆرتی پزیشکی بایکاردا.

پۆلیسی دەوڵەتی تورک دوێنێ لە گەڕەکی تورگوت ئۆزال لە ناوچەى هەزەخی شرنەخ هەڵیکوتایە سەر ماڵی خەدیجە بایکارای دوو گیان، کە دوو گیانەکەى لە ٨ مانگیدایە. پۆلیسەکان بە قۆناغی چەکەکانیان لە بایکارایان دابوو و بە قژ بەسەر زەویدا رایانکێشابوو و بەهۆی قورسی ئەشکەنجەکانەوە بورابوویەوە.

پزیشک: دۆخی کۆرپەڵەکە لە مەترسیدایە

بایکارا بەهۆی ئەشکەنجەى قورسی پۆلیسەوە بورایەوە و لەلایەن کەسوکارەکەیەوە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەى هەزەخ. لە دوێنێوە خەدیجە بایکارا لە ژێر چاودێریی وردی پزیشکدایە و پزیشکەکان رایانگەیاندووە، دۆخی کۆرپەڵەکە لە مەترسیدایە.

پزیشکەکان راشیانگەیاندووە، بەلانیکەمەوە دەبێت خەدیجە بایکارا لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێریدا بمێنێتەوە.

حەلیمە بایکارا رایگەیاند، دۆخی تەندروستیی خەدیجە بایکارای بووکی و کۆرپەڵەکەى باش نییە و وتی، "پزیشکەکان وتویانە، دۆخی کۆرپەڵەکە خراپە".

حەلیمە بایکارا راشیگەیاند، بووکەکەى ئازاری هەیە و سەرباری ئەوەش پۆلیس دەستیگرتووە بەسەر راپۆرتی نەخۆشخانەکەدا، کە لە راپۆرتەکەدا باس لە ئەشکەنجەى پۆلیس بەرامبەر بە بوکەکەى کراوە. وتیشی، "پۆلیس پێی وتین، تاوەکو هاوژینەکەى نەیەت  راپۆرتەکەى نادەین بە ئێوە".

ژ.ت