کەشتی ئازادی لە ناپۆلی پێشوازیەکی گەرمی لێدەکرێت

کەشتی ئازادی کە بۆ ئازادی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد لە ئەسیناوە بەڕێکەوتبوو، لە شاری ناپۆلی ئیتاڵیا پێشوازیەکی گەرمی لێدەکرێت.

چالاکوانانی کەشتی ئازادی کە ٩ی تشرینی دووەم لە ناوچەی لاڤریۆی ئەسینای پایتەختی یونان بەڕێکەوتبوو، ئەمڕۆ لە ٢٣مین ساڵیادی چوونی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بۆ ئیتاڵیا، دەگاتە شاری ناپۆلی.

نزیکەی ٤٠ چالاکوان، نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پارێزەر، ڕۆژنامەنووس، نووسەر و ڕۆشنبیری جیهانیش، لە شاری ناپۆلی بە شێوەیەکی جەماوەی پێشوازیان لێدەکرێت.

لە چالاکیەکەدا کە لە هەمان کاتدا وەک 'کاروانی ئازادی' بەناو دەکرێت، داوای ئازادی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد دەکرێت. هەروەها داوا دەکرێت پرۆژەی کۆنفیدرالیزمی دیموکرتی عەبدوڵلا ئۆجالانیش لەنێو گەلدا بڵاوبکرێتەوە و تێکۆشان لەدژی هێرشی دەوڵەتی تورکیش فراوان بکرێت.

لە ناپۆلیش بەرنامەیەکی فراوان ئامادە کراوە. کەشتی ئازادی ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ لە بەندەری ناپۆلی پێشوازی لێدەکرێت. چالاکوانان لە بەندەرەکە راگەیەنراوێک بڵاودەکەنەوە.

کاتژمێر ١٦:٠٠ لە مۆدەرنیسیمۆ سینەمای ناپۆلیش بە بەشداری گەل کۆنفڕانسێک ئەنجام دەدرێت.

ف.ق