لە بۆکان ژنێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا

ژنێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە گوندێکی سەر بە شاری بۆکان لە پاڕێزگای ورمێ دەستبەسەرکرا.

بە گوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان شەوی پێنج شەممە ٣٠ی ئایار هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە گوندی یەنگیجەی سەر بە بۆکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێک و هەتاو ئەکرەمییان دەستبەسەرکردووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هێزە ئەمنییەکان بە بێ خستنەڕووی فەرمانی دادوەری و بە لێدان و توندوتیژییەوە ئەو ژنە کوردەیان دەستبەسەرکردووە.

هەتاو ئەکرەمی کە خەڵکی تیکابە ماوەی چەند ساڵێکە لەباشووری کوردستان نیشتەجێیە و لە رۆژانی رابردوودا بە مەبەستی بەشداری لە ئاهەنگی هاوسەرگیری کوڕەکەی گەرابووەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان.

تائێستا هۆکاری دەستگیرکردن و هەروەها شوێنی راگرتنی ئەو ژنە کوردە نەزانراوە.

ماوەی چەند مانگە هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵمەتی گرتن و دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیان و چالاکوانانی کوردیان چڕکردووەتەوە و لە دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ کەس دەستبەسەرکراون.

هـ .ب