"لە بوردومانەکەی شەنگالدا کەسێکی مەدەنی شەهید بوو، شەڕڤانێکیش بریندرا بوو"

هێزەکانی نەسر ئەلموبین رایانگەیاند، بە هۆی هێرشەکەی ئێوارەی دوێنێی فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال، کەسێکی مەدەنی شەهید بووە و شەڕڤانێکیشیان بریندار بووە. هاوکات میتی تورک و پەدەکە وەکو بەرپرسیاری ئەو هێرشە دەستنیشان کران.

هێزەکانی نەسر ئەلموبین لە بارەی هێرشەکەی ئێوارەی دوێنێی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر شەنگال راگەیێنراوێکیان بڵاو کردەوە.

لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئێوارەی دوێنێ کاتژمێر ١٨:٣٠ خولەک بە فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکەیان.

کەسێکی مەدەنی گیانی لەدەستدا و شەڕڤانێکیش بریندار بوو

لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "لە ئەنجامی ئەو هێرشە ئاسمانیەدا کەسێکی مەدەنی گیانی لەدەستداوە، هاوکات ئەندامێکیشمان بریندار بووە. ئەم هێرشە راستەوخۆ لە لایەن میتی دەوڵەتی تورک و هێزەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان-پەدەکەوە ئەنجام درا. ئەم هێرشە بەردەوامی رێکەوتنەکەی ٩ی تشرینی یەکەمی نێوان دەوڵەتی تورک و پەدەکەیە."

لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوەش کرا کە ئامانج لەو جۆر هێرشانە شکاندنی ئیرادەی گەلی ناوچەکە و ئامادەکاریە بۆ ئەنجامدانی فەرمانێکی تر لە دژی گەلی کوردی ئێزدی.

بانگەوازیەک بۆ پەدەکە: ئیدی بەسە دۆستایەتیکردنی دوژمن، ئیدی بەسە دژایەتیکردنی گەلی شەنگال

لە بەردەوامی راگەیێنراوەکەدا هاتوو:

"دەیانەوێت جارێکی تر پلانە قێزەوەنەکانیان لە دژی گەلەکەمان و هێزەکانمان لە نەسر ئەل موبین (یەکەم هێزی سەرکەوتوو)دا بەکار بهێنن کە چەندین ساڵە لە دژی دوژمن وەستانەتەوە و سەدان شەهیدیان داوە. ئێمە جارێکی دیکە بانگەوازی ئاڕاستەی پەدەکە دەکەین و هۆشداریان پێدەدەین. ئیدی بەسە دوستایەتیکردنی دوژمنی گەلانی ژێردەستە، ئیدی بەسە دژایەتیکردنی گەلی شەنگال. واز لە شەڕ و پلانگێریەکانت بهێنە.

لە ئەنجامی هێرشەکانی پەدەکە، تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ شەنگالی شەهید بوون

دوای فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ تا ئەمڕۆ، پەدەکە بە شێوەیەکی فەرمی ٢ جار هێرشی کردووەتە سەر شەنگال و هێزەکانمان. لە ئەنجامی هێرشەکانی پەدەکەدا لە ماوەی رابردووە تا هێرشکردنە سەر شەرفەدین و خانەسوور، ١٣ کەس لە ئەندامەکانمان شەهید بوون. هاوکات بە هاوکاری پەدەکە، بە دەیان جار هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر ناوچەکەمان. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا، نزیکەی ١٠ کەس لە ئەندامەکانمان و خەڵکی مەدەنی شەهید بوون. دوای هێرشە ئاسمانیەکانی ئەم دواییە بۆ سەر ناوچەکەمان و دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد ٢ جار پشتڕاستمان کردەوە کە ئەم هێرشە ئاسمانیانە راستەوخۆ بە هاوکاری پەدەکە ئەنجام دەدرێن. هۆکاری ئەوەش کە نەمانویستووە بە شەڕ وڵامی ئەم هێرش و کردەوانەی پەدەکە بدەینەوە، ئەوەیە کە نامانەوێت ئارامی شەنگال تێک بدەین و شەڕ لە ناوچەکە هەڵگیرسێنین.

'تا ئێستا نەمانویستوە ئەم هێرشانە بکەین بە هۆکاری شەڕ، بەڵام...'

هەڵوێستان هەمیشە ئەوە بووە کە شەنگال وەکو ناوچەیەکی ئارام بپارێزین. بەڵام پێویستە پەدەکە ئەم راستیە باش بزانێت کە ئەگەر تا ئێستا ئەم بابەتانەمان نەکردووەتە هۆکاری شەڕ، بەو واتایە نایەت کە نەمانتوانیوە شەڕ بکەین. هەموو کەسێک هێزی شەڕکردنمان باش دەناسێت. ئەم راستیەشمان لە شەڕی دژی داعشدا سەلماند. بەڵام هیچ کات نەمانویستووە زیان بە دۆزی کورد بگەیێنین. هیچ کات نەمانویستووە لە ناوخۆی کورد دوژمنایەتی دروست ببێت. ئێمە هەمیشە بە بەرپرسیارانە و بە هۆشیارانە هەنگاو دەنێین.

لەمڕۆ بەدواوە ئەگەر پەدەکە بەردەوم بێت لەسەر ئەو کردەوانە و سوور بێت لەسەر دژایەتیەکانی، هەر شتێک کە پێویست بێت ئێمەش دەیکەین. جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە دەبێت پەدەکە واز لەو کردەوانەی بهێنێت."

ز.ش