لە دەنگدانی تایبەتدا ١٩ حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان تۆمارکراوە

ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان بڵاویکردەوە، لە دەنگدانی تایبەتدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانى هەرێمی کوردستان ١٩ پێشێلکاریی دژ بە ڕۆژنامەنووسان تۆمارکراون.

ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان سەبارەت بەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە دەنگدانی تایبەتدا ئەنجام دراون لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەتدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بە گشتیى ١٩ پێشێلکاریی دژ بە ڕۆژنامەنووسان تۆمار کراوە.

روونیشیکردووەتەوە، زۆرترین ئەو پێشێلکارییانەی دژ بە ڕۆژنامەنووسان کراوە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بووە، بە جۆرێك ١٥ پێشێلکاری لە هەڵەبجە و سێ لە هەولێر و یەك لە دهۆك تۆمار کراون.

ڕێکخراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئاکرێ و سۆران و کۆیە و هەڵەبجە ڕێگرییەکی زۆر لە میدیاکان کراوە بۆ ڕوماڵکردنی پڕۆسەکە.