'لە هێرشی دژی فەرهاد شبلیدا بەڕێوەبەری خۆسەر کراوەتە ئامانج'

ئەڤین سوێدا نوێنەری خۆبەڕێوەبەری لە باشور، شەهیدکردنی فەرهاد شبلی جێگری هاوسەرۆکی دەستەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار کرد و وتی، " لە کەسایەتی شبلیدا بەڕێوەبەری خۆسەر کراوەتە ئامانج."

دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوێنێ لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە لە نزیک شاری کەلاری سلێمانی، ئۆتۆمبێڵی فەرهاد شبلی جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کردە ئامانج. لە ئەنجامدا فەرهاد شبلی و ٣ کەسی دیکە شەهید بوون.

ئەڤین سوێدا نوێنەری خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە باشوری کوردستان لەبارەی هێرشەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار قسەی کرد.

ئەڤین سوێدا رایگەیاند کە فەرهاد شبلی جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ چارەسەری پزیشکی سەردانی باشوری کوردستانی کردبوو.

ئەڤین سوێدا باسی ئەوەشی کرد کە هێرشەکەی سەر فەرهاد شبلی جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هێرشە لەدژی خۆبەڕێوەبەریەکەیان و هەموو پێکهاتەکانی باکوری و رۆژهەڵاتی سوریا.

هەروەها رایگەیاند کە حکومەتی عێراق و باشوری کوردستان بەرپرسیاری شەهیدکردنی فەرهاد شبلین و وتی، " پێویستە هەموو کەسێک هەڵوێستی خۆی لە بەرانبەر هێرشەکە رۆن بکاتەوە. ئەم هێرشە پێشێلکردنی سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستانە، هەروەها پێشێلکردنی پەیمانی ڤیەننایە لەبارەی پەیوەندیە دیپلۆماسیەکان.

ف.ق