لە جزیر گەل دژی گرانبوونی کارەبا رێپێوانی کرد
لە جزیر بەسەدان کەس گرانبوونی کارەبا و دەسەڵاتداری ئاکەپە و مەهەپەیان شەرمەزار کرد.
لە جزیر بەسەدان کەس گرانبوونی کارەبا و دەسەڵاتداری ئاکەپە و مەهەپەیان شەرمەزار کرد.
لەناوچەی جزیری شڕنەخ بە سەدان هاوڵاتی لە کۆڵانی هونەر لە دژی گرانبوونی کارەبا و ئەو پێشێلکاریانەی ئەنجام دەدرێن کۆبوونەوە و ویستیان راگەیەنراو بدەن. بەر لە راگەیەنراوەکە کۆڵانەکە لە لایەن پۆلیسەوە گەمارۆدرا. پۆلیسەکان دوای ئەوەی کۆڵانەکەیان بە بەربەست داخست، هاوڵاتیانیان پشکنی و دواتر هێشتیان تێپەڕبن.
لەوێ هاوڵاتیەک بە ناوی عەبدی بولبول (٧٠) ناڕەزایەتی بەرمابەر پسوڵەی زۆری کارەبا و بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبا نیشاندا وتی: "ئەمە چییە؟ نەلە سەردەمی کەنعان ئەڤرەن و نە لەسەردەمی تانسۆ چیلەریش بەم جۆرە نەبوو. با بێن بمانکوژن. من چی بکەم؟ من هەژارم. وەرن بمانکوژن. خودا مافمان بستێنێت".
دوای ئەو قسانە بولبول جلەکانی بەری دادڕی و لە هۆش خۆی چوو. کاسبکارێکیش لەوێ بە توندی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای شەرمەزار کرد و وتی: "لە شڕنەخ و ناوچەکانی هەرچەندە زێدەڕۆیی نەکراوەتە سەر کارەبا بەڵام بە هەزار لیرە سزا بەسەر هاوڵاتیاندا سەپێنراوە. لەگەڵ پۆلیسەکان هەڵدەکوتێتە سەر ماڵ و گەڕەکەکانمان. ئێمە رەخنە لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبا دەگرین. ئەوانەی بەڕێوەبەرایەتی کارەبا بەڕێوەدەبەن لەلایەن ئەم گەل و کۆمەڵگایەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت".
'لە هیچ شوێنێک ستەمێکی لەو جۆرە بوونی نییە'
دوکانداریکی دیکەش وتی: "داهاتەکەم دوو هەزار و ٨٠٠ لیرەیە، بەڵام پسوڵەی سێ هەزار و ١٨٥ لیرەم بۆ هاتوەتەوە. من ئاو نەخۆمەوە، نان نەخۆمو جل و بەرگ نەکڕم. بۆ مەگەر بەو جۆرە گوزەران دەکرێت؟ لە هیج شوێنێک ستەمێکی بەو جۆرە بوونی نییە. من دەمەوێت لە جزیر نرخی کارەبا چەند بێت، لە ئوشاکیش هەمان نرخ بێت. با لە تورکیا یەکسانی هەبێت، ئەو کاتە ئێمە پارەی پسوڵەکانمان دەدەین".
کرێکارێکی بیناسازی باسی لەوەکرد کە منداڵێکی تووشی شێرپەنجەی سی بووە و ناتوانێت پسوڵەی کارەبا بدات و وتی: "کوڕەکەم دوو ساڵە لە نەخۆشخانەی شێرپەنجەی جگەر خەوێنراوە. لە کۆلێژی ئامەد چارەسەری بۆ دەکرێت. هیچ بژێویەکم نییە. من بە دەستی بەتاڵەوە دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە. ئێمە لە ئاو و رۆنی خۆماندا دەتوێینەوە. ئێمە لە ماڵەوە نەبووین، بەڵام بەێوەبەرایەتی کارەبا ئەو پسوڵەیان پێداین. ١٢ هەزار و ٨٣٠ لیرە سزای ماددیان بۆ بریومەوە. من ناتوانم ئەو پارەیە بدەم. بەڵام بەداخەوە ئێمەیان بە هەند وەرنەگرت، وتیان ئەگەر پارەکە نەدەیت کارەباکەت دەبڕین. کوڕەکەم ئامێری ئۆکسیجین بەکاردەهێنێت ئەگەر کارەبا ببڕن ئەوا کوڕەکەم دەمرێت. ئۆباڵەکەشی لە ئەستۆی ئەوان دەبێت".
پۆلیسەکان رێگەیان نەدا گەل رێپێوان بکات
هاوڵاتیەکی ژنیس بەم جۆرە ناڕەزایەتی خۆی نیشاندا: "لە ماڵەکەمدا کەس نییە کە کار بکات، من سێ چوار هەزار لیرە لە کوێ بێنم؟".
دواتر جەماوەر ویستیان بەرەو بینای بەڕێوەبەرایەتی کارەبا رێپێوان بکات، بەڵام پۆلیسەکان بە پاساوی قەدەغەی والیگەری رێگەیان نەدا. جەماوەر لە دژی ئەوە بە بەرزکردنەوەی دروشمی "بەڕێوەبەر دەستلەکاربکێشەرەوە"، "بەڕێوەبەرایەتی کارەبای دز"، "نەمان بۆ بەڕێوەبەرایەتی کارەبا" تا شەقامی ئۆرهان دۆغان رێپێوانیان کرد. لەوێ پۆلیس دەستوەردانی خۆپیشاندانەکەی کرد. سەرباری هەموو دەستوەردانەکانیش جەماوەرەکە درێژەی بە رێپێوانەکەدا. دوو ژن کە بە هەلهەلەوە پسوڵەکانی کارەبایان سوتاند پۆلیس لێیاندان و دەستگیری کردن.
لەو ژنانەی دەستگیرکران یەکیان ئازادکرا، بەڵام ئەو ژنەی دیکە بە هۆی ئەوەی لە هۆش خۆی چوو بە ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی ناوچەکە.
هەروەها پۆلیس نەیانهێشت رۆژنامەوانان وێنەی ئەو دوو ژنانە بگرن کە لێیان درابوو.
هـ . ب