لە کەمپێکى ئاوارەکانی سنوورى زاخۆ ئاگر کەوتەوە

بە گوێرەی بەڕێووەبەرایەتی بەرگری شارستانی زاخۆ، بەیانى ئەمڕۆ ئاگر لە کەمپی بێرسڤێ زاخۆ کەوتووتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی زاخۆی دهۆک لەبارەى ئاگر کەوتنەوەکەوە راگەیەندراوێکى بلاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەیانى ئەمڕۆ ئاگر لە کەمپی بێرسڤێ سنووری زاخۆ کەوتەوە، بەهۆى ئاگرەکەوە چەندین خێوەتێکى دانیشتووانى ناو کەمپەکە سووتاون.

لەبارەى هۆکارى رووداوەکەوە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی زاخۆ هیچ زانیارییەکى دیکەی بڵاو نەکردووتەوە.

جێگەى ئاماژەیە، کەمپی بێرسڤێ ساڵی ٢٠١٤ دروستکراوە و هەزار و ٥٥٥ بنەماڵەی ئێزدى تێدادەژین و ئەمەش چەندەمین جارە حاڵەتى ئاگر کەوتنەوە لە کەمپەکە ڕوودەدات و زیانی لێدەکەوێتەوە.