بە دیمەن

لە کەرکوک، بە دروشمی "ئایار هێمای ماف و خەبات" کۆڕێک بەڕێوەچوو

لە شاری کەرکوک بەبۆنەی ١ی ئایار رۆژی جیهانی کرێکاران، بەدروشمی "ئایار هێمای ماف و خەبات" کۆڕێک بۆ یەکێتی سەندیگاکانی کڕێکاران ڕێکخرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە هۆڵی کۆشکی ڕۆشنبیری و هونەری کەرکوک لە باشوری کوردستان، بەبۆنەی رۆژی جیهانی کرێکاران، کۆشکی ڕۆشنبیری و هونەر لە کەرکوک بە هاوکاری لەگەڵ یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاران لقی کەرکوک، سیمینارێک بە ناونیشانی "ئایار هێمای ماف و خەبات" بۆ "وەحیدەدین محێدین" نوێنەری یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاران ڕێکخست.

لە سەرەتای کۆڕەکەدا، وەحیدەدین محێدین، نوێنەرو ئەندامی نووسینگەی سەندیگاکانی کرێکار لە کەرکوک، باسی لە مێژووی دیاری کردنی رۆژی ١ی ئایار وەکو رۆژی جیهانی کرێکاران کرد، پاشان تیشکی خستەسەر یاسایی کرێکار لە دەستوری عێراق و ئاماژەی بەوەکرد هەر کەسێک لە وڵاتدا کە بەرامبەر کارەکەی پارە وەردەگرێت بە کرێکار هەژمار دەکرێت لەوانە سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و پارێزگارەکانیش بە کرێکار هەژمار دەکرێن نەک تەنها خەڵک چینی کرێکار لەناو کۆمەڵگا.

هەروەها ناوبراو لە کۆڕەکەدا، باسی لەوەشکرد کە ژمارەیەکی زۆر لە سەندیگا و یەکێتی کرێکاران مۆڵەتی کارکردنیان وەرگرتووە بەڵام سەندیگای فەرمی دەوڵەت نین و ڕایگەیاند: بەداخەوە لە عێراق ژمارەیەکی زۆر لە سەندیگا و یەکێتی کرێکاران هەیە کە وایکردووە متمانەی کرێکاران بە ئێمەی سەندیگای فەرمی دەوڵەت نەمینێت چونکە مافی کرێکار لەنێوان سەندیگاکان دەفەوتێت، هەندێک لایەن هەیە دەیانەوێت سەندیگاکانی کرێکاران لاواز بکەن، ئەو لایەنانەی بەناو سەندیگاوە کار دەکەن و سەندیگای فەرمی دەوڵەت نین لەلایەن حزبەکانی دەسەڵاتەوە پاڵپشتی دەکرێن بۆ بەرژەوەندی خۆیان کاردەکەن نەک بەرژەوەندی کرێکار.

سەبارەت بە کۆڕەکەی، وەحیدەدین محێدین نوێنەرو ئەندامی نووسینگەی کەرکوکی سەندیگاکانی کرێکار، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) گووتی: "ئەمڕۆ بانگهێشتی کۆشکی ڕۆشنبیری و هونەریمان قبوڵ کرد بۆ بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی کرێکاران، کە بۆنەیەکی خۆشەویستە لە دڵمان و لە دڵی هەموو کرێکارانی ووڵات بە گشتی، کرێکارانی کەرکوک وەکو کرێکارانی هەموو جیهان کار بۆ گەیشتن بە مافەکانیان و دابینکردنی بژێوی ژیانیان دەکەن، ئێمە وەکو سەندیگاکانی کرێکاران شانازی بەو بۆنانە دەکەین و بەشداریمان لەم کۆڕە کرد بۆئەوەی بتوانین بەشێک لە ئازارەکانی خوشک و بڕا و رۆڵەکانمان لە چینی کرێکاری کەرکوک بگەینین، کە بەدەست کەمی کرێ و درێژی کاتژمێرەکانی کارکردنەوە دەناڵێنن".

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو نوێنەرەی سەندیگاکانی کرێکاران، جەختی لە گرنگی تۆمارکردنی کرێکارن لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی کرد و ڕایگەیاند: "تۆمارنەکردنی کرێکاران لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی "گرەنتی کۆمەڵایەتی" لەلایەن خاوەن کارەوە گرفتێکی گەورەیە بۆ داهاتووی ژیانی کرێکار، وەک هەموومان دەزانین تۆمارکردنی کرێکار لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەستپێشخەرییەکی باشە لەلایەن حکومەتەوە بەمەبەستی ئەوەی کرێکار بتوانن داوای مافی خۆیان بکەن بۆ دەستەبەرکردنی ژیانی داهاتوویان".