لە کەرکوک بۆ نەهێشتنی پێشێڵکاریی میدیایی دیدارێک بەڕێوەچوو

لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، دیدارێک ئەنجامدرا بۆ نەهێشتنی پێشێڵکاریی بەرامبەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن.

ئێوارەی ئەمرۆ لە سەنتەرمۆڵ لە گەڕەکی ڕەحیماوەی شاری کەرکوک، بە بەشداری نوێنەرانی هەردوو سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستان و عێراق و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی رۆژنامەنووسان و دەنگی ئازاد، لەژێر ناونیشانی(دیداری کەرکوکی بۆ نەهێشتنی پێشەڵکاری میدیایی) دیدارێک بەڕێوەچوو.

ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەنووس و میدیاکارانی شارەکە ئامادەی دیدارەکە بوون، هەروەها لە دیدارەکەدا میوانداری کرا لەهەریەک لە مەهدی زریان سکرتێری لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، رزگار شوانی بەرپرسی ڕاگەیاندنی سەندیگای رۆژنامەنووسانی عێراق لە کەرکوک، دلێر شوانی بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت و ڕەحمان غەریب ڕێخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی ڕۆژنامەنووسان.

دەربارەی ئەنجامدانی ئەم دیدارە، رۆژنامەنووس ئاکام وەزیری ڕێکخەری دیدارەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات گوتی: "ئەمرۆ ئێمە وەکو رۆژنامەنووسانی شاری کەرکوک هەستاین بە ئەنجامدانی ئەم دیدارە بۆ کۆمەڵێک لە کەسایەتی بەرپرس لە ڕێکخراو و دامودەزگاکانی تایبەت بە کاری رۆژنامەوانی و داکۆکیکار لە مافی رۆژنامەنووسان."

سەبارەت بە گرنگی ئەنجامدانی ئەم دیدارە، ئاکام وەزیری ڕێکخەری دیدارەکە گوتی: " لەم کاتەدا بە گرنگمان زانی دیدارێکی لەم شێوەیە ئەنجام بدەین چونکە لە ماوەی ڕابردوو و بەتایبەتی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ژمارەی پێشەڵکارییەکان بەرامبەر رۆژنامەنووسان ڕووی لە زیادبوون کردووە، کە چەندین پێشەڵکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان تۆمارکراوە، بۆیە ئامانجی ئێمە ڕێگریکردنە لەزیادبوونی پێشەڵکارییەکان بەرامبەر رۆژنامەنووسان."

لەکۆتاییدا سەبارەت بەو کەسانەی کە میواندارییان کراوە بۆ پێشکەش کردنی دیدارەکە، رۆژنامەنووس ئاکام وەزیری، ئاماژەی بەوەکرد: "لەم دیدارەدا توانیمان میوانداری لە هەریەک لە مەهدی زریان سکرتێری لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، رزگار شوانی بەرپرسی ڕاگەیاندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق لە کەرکوک، دلێر شوانی بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت و ڕەحمان غەریب ڕێخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لەمافی ڕۆژنامەنووسان بکەین و هیوادارین بتوانین پێکەوە ببینە ڕێگر لە بەرامبەر پێشەڵکارییەکانی دژی رۆژنامەنووسان و بتوانین سنورێک دابنین بۆ ئەو پێشەڵکاریانەی ڕووبەڕووی رۆژنامەنووسان دەبنەوە."

ف.ق