لە کەرکوک چالاکییەکی پاسکیل سواریی تایبەت بە ژنان بەڕێوەچوو

لە چوارچێوەی چالاکیی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا، ژنان لە کەرکوک چالاکییەکی پاسکیل سواریان بە مەبەستی ژینگەپارێزی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری خۆپارێزی لە کۆرۆنا ئەنجامدا.

ئێوارەی دوێنێ لە شەقامی قودس لە شاری کەرکوک، بە بەشداریی ٣٠ کەس لە ژنان و کچانی گەنج لەشارەکە چالاکییەکی پاسکیل سواریی تایبەت بە ژنان ئەنجامدرا، چالاکییەکە بە سەرپەرشتی ڕێکخراوی خانمانی راوێژکاری و بەهاوکاریی تیمەکانی تەندروستی و بەرگریی شارستانی و پۆلیسی فریاکەوتن و هاتووچۆ بەرێوەچوو، چالاکییەکە لە چوارچێوەی چالاکیی خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا بەرێوەچوو.

 شكۆفه محمد بەرپرسی ریکخراوی خانمانى راوێژكار سەبارەت بەم چالاکییە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ٣٠ خانمی شاری کەرکوک بەشدارن لە چالاکییەک بۆ سەرنجڕاکێشانی هاووڵاتییانی کەرکوک بۆ خۆپارستن لە کۆرۆنا، ئەنجامدانی ئەم چآلاکیەمان لەم کاتەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە نزیک دەبینەوە لە وەرزی سەرما، کە ئەمەش بۆ کۆرۆنا خراپ دەبێت، بۆیە هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەم کاتەدا زۆر پێویستە، بەداخەوە خەڵکی لە ئێستادا لەگەڵ هەڵگرتنی قەدەغەی هاتووچۆ رێنماییەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا جێبەجێ ناکەن."

هەروەها سەبارەت بە تایبەتکردنی ئەم چالاکییە بە ژنان شکۆفە محەمەد ڕاگەیاند: "بەشداریی ژمارەیەکی زۆری ژنان و تایبەتکردنی ئەم چالاکییە بە ژنان پەیامێکە کە ئاراستەی لایەنی دەسەڵات دەکرێت لەم شارە، کە پێویستە ژنان لە هەموو کایەکانی کۆمەڵگا بەشداربن، چونکە ژنان نیوەی کۆمەڵگان و دایکی هەموو کۆمەڵگاشن."

لە کۆتایدا شکۆفە محەمەد ووتی: "ئەمڕۆ تیمەکانی تەندروستیی کەرکوک و تیمەکانی پاراستنی شارستانی و هەریەک لە پۆلیسی فریاکەوتن و هاتووچۆ هاوکارمان بوون لەم چالاکییە، ئەم شەقامەی کە ئێمە بڕیارماندا چالاکییەکی تێدا ئەنجام بدەین هەموو پێکهاتەکانی شاری کەرکوکی تیادایە و شەقامێکی زۆر قەرەباڵغە."

ژ.ت