بە دیمەن

لە کەرکوک، سەبارەت بە "مێژووی حزبی شیوعی لە عێراق" کۆڕێک بەڕێوەچوو

لە کەرکوک، کۆڕێک لەژێر ناونیشانی (خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی، قەقنەس لە ئاگردا) بۆ نووسەرو سیاسەتمەداری کورد عەدنان کەریم ناسراو بە ئەحمەد موعین بەڕێوەچوو.

ئێوارەی دوێنێ لە ناوەندی دیالۆگ لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی رۆشنبیر و سیاسی شارەکە، لەژێر ناونیشانی (خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی، قەقنەس لە ئاگردا) کۆڕێک لەلایەن ناوەندی سیکیولاری کەرکوک بۆ نووسەرو سیاسەتمەداری کورد عەدنان کەریم ناسراو بە ئەحمەد موعین بەڕێوەچوو، 

جێگای ئاماژەیە، نووسەر لە کتێبەکەیدا باس لە مێژووی قۆناغی سیاسی حزبەکانی کورستان و عێراق بەگشتی و مێژووی حزبی شیوعی بەتایبەتی دەکات. 

جێگای باسە، عەدنان کەریم نووسەر و سیاسەتمەدار، لە ساڵی ١٩٧٧ بۆ ماوەی دوو ساڵ بەهۆی چالاکی سیاسی لەلایەن رژێمی پێشووی بەعسەوە وەکو زیندانی سیاسی زیندانی دەکرێت، دواتر لە چوارچێوەی بزوتنەوە چەپ گەرایی درێژەی بە خەباتی سیاسی دا تاوەکو ڕاپەرینە مەزنەکەی گەلی باشوری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ کە بەشدارییەکی چالاکانەیان کرد وەکو بزوتنەوە چەپەکان، پاشان کۆچی دەرەوەی وولاتی کرد و وەکو خۆی دەلێت تاوەکو ئیستا دانەبڕاوە لە خەباتی سیاسی خەڵکی کوردستان، تاوەکو ئیستاش ئەمە دووەم کتێبێتی چاپی کردووە و چەندین ووتاریشی وەکو چالاکوانی سیاسی نووسیوە. 

سەبارەت بە کۆڕەکەی، عەدنان کەریم نووسەرو سیاسەتمەداری کورد، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) گووتی: "کۆڕەکەی ئەمڕۆمان سەبارەت بە قۆناغێکی گرنگی مێژووی سیاسی عێراق بوو کە قۆناغی سەرەتای سەرهەڵدانی دەوڵەتی عێراق و سەرهەڵدانی حزبی شیوعی بوو، ئەو رۆڵەی حزبی شیوعی لە ساڵانی نێوان ١٩٣٤ بۆ ١٩٥٨ گێرابووی لە خەبات و ژیانی سیاسی خەڵکی عێراق و رزگارکردنی خەلکی لە حوکمی پاشایەتی و داگیرکاری بەڕێتانیا، هەروەها پێکهێنانی پردی پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتەکانی عێراق کە بەداخەوە لە ئیستادا پێکهاتەکانی عێراق لەسەر بنەمای ئاین و نەتەوە دابەش کراون". 

هەروەها نووسەر لەدرێژەی قسەکانیدا باسی لە ناوەڕۆکی کۆڕەکەی کرد و ڕایگەیاند: "لە کؤڕەکەدا باسی چەند خاڵ و قۆناغێکمان کرد لەوانەش مێژووی سیاسی حزبەکانی کوردستان لەپیناو بەدی هێنانی مافی گەلی کورد، لەوانەش بوژاندنەوەی ژیانی سیاسی لە باشوری کوردستان لە ساڵانی ١٩٤٠کان، وەکو بەشێ لە خەباتی سیاسی خەڵکی کوردستان و گەلانی عێراق داوای مافی خۆیان کرد، حزبی شێوعی لەو کاتەدا لە دوو قۆناغی رۆڵی باشی هەبووە لە سالانی ١٩٤٥ و ١٩٥٦ کە پێداگیری لە مافی گەلی کورد بۆ دیارکردنی مافی چارەنووسی کرد تەنانەت تا ئاستی جیابوونەوە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی".