لە نێروە فڕۆکەکانی تورک هاوڵاتییەکیان شەهید کرد

لە نێروەی ڕێکانی بادینان، تەرمی هاوڵاتی (حسێن حەیدەر سیتەیی) دۆزرایەوە کە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی تورکی داگیرکەرەوە کرابووە ئامانج.

ڕۆژی سێشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی تورکی داگیرکەر بۆردومانی گەلیێ نێروەی ناوچەی ڕێکانی سەر بە هەرێمی بادینانیان کردبوو. بۆردومانەکە هاوڵاتی (حسێن حەیدەر سیتەیی) کردبووە ئامانج کە سەردانی ناوچەکەی کردبوو و بەو هۆیەوە چارەنوسی بەنادیاری مابوویەوە. شەوی ڕابردوو کەسوکاری ناوبراو و بە یاوەری هاوڵاتیانی ناوچەکە چوونە شوێنی بۆردومانەکە و هاوڵاتی (حسێن حەیدەر سیتەیی)ـان دۆزیەوە، بەڵام هۆی بۆردومانەکەوە شەهید ببوو.
تەرمی هاوڵاتییە شەهیدەکە لەلایەن کەسوکاریەوە بە هاوکاری هاوڵاتیانی ناوچەکە برایەوە بۆ  شارۆچکەی شیلادزێ و بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە بە مەڕاسیمێک بە خاکی بسپێرن.

ئەمە یەکەم جار نییە، فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانە دوورهاوێژەکانی ڕژێمی تورکیا هاوڵاتیانی ناوچەکە و هەرێمی بادینان و باشوری کوردستان دەکەنە ئامانج، بەڵکو لە پاش ساڵی ١٩٩١وە تاوان لەدوای تاوان دژی خەڵک و خاکی باشور ئەنجام دەدەن و بەهۆیەوە تا ئێستا دەیان هاوڵاتیان شەهید و دەیانی دیکەشیان بریندار و کەمئەندام کردوە. ئەوەی جێگەی تێڕامانە تا ئێستا نە حکومەت و پارلەمانی هەرێمی کوردستان و نە حکومەت و پارلەمانی ئێراق هیچ بایەخێک بە گیانی و ماڵی هاوڵاتییەکانیان و داگیرکاری و تاوانەکانی ڕژێمی تورک نادەن و لە سەر شەهیدکردن و بریندارکردنی هاوڵاتیانی کورد و تاوانەکانی ڕژێمی تورک بێدەنگ و بێهەڵوێستن. ئەوەش وای کردوە ڕژێمی تورک دەست ئاوەڵاتر بێت لە ئەنجامدانی تاوانەکانی لە دژی خەڵک و خاکی باشوری کوردستان و ئێراق.

هـ.هـ