لە شارەدێی تەق تەق دژی شەری کورد بە کورد گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو

لە شارەدێی تەق تەق گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دژی شەری کورد بە کورد لەلایەن تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستانەوە ئەنجامدرا.

ئێوارەی ئەمرۆ هەینی کاتژمێری ٣:٣٠ لە باخچەی مۆنۆمێنتی ئەنفال لە شارەدێی تەق تەق بەدروشمی (نا بۆ شەری ناوخۆ و بژی یەکێتی نەتەوەیی)بەئامادەبوونی خەلکی تەق تەق و بەدەستپێشخەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا کە تێیایدا هەوڵەکانی تورکیا بە هاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجامدانی شەری کورد بە کورد ئیدانە و شەرمەزار کرا.

لە گردبوونەوەکەدا نەوزاد محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان بەیاننامەیەکی بۆ ڕای گشتی خوێندەوە و تیدا هاتبوو: '' لە ئیستادا تورکیا هەوڵی تێکدانی قەوارەی کوردی دەدات لە تەواوی کوردستان، هەروەها تورکیا دەستوەردان دەکات لە تەواوی وڵاتانی ناوچەکە و بۆتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە و بەداخەوە وڵاتانی زلهێزیش بێ هەڵوێستن لەبەرامبەر دەستوەردانەکانی تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوین بەگشتی و وڵاتانی زلهێز تەنها رۆڵی تەمەشاکەر دەبین، نابێت کورد بچێتە ژێر کاریگەری پلانەکەی تورکیا بۆ ئەنجامدانی شەڕی کورد بە کورد بۆ بێهێزکردنی قەوارەی کوردی لە باکوور و باشوور و رۆژئاوای کوردستان."

هەروەها نەوزاد محەمەد وتیشی: "پێویستە هۆشیارانە مامەلە لەگەل دۆخەکە بکرێت بەتایبەتی وەزارەتی پێشمەرگە وەکو وەزارەتێکی فەرمی پێویستە هەڵوێستی خۆی روون بکات و لەبیری نەچێت کە پێشمەرگە شان بەشانی کچان و کوڕانی گەریلا شەڕی داعشیان دەکرد بۆ پاراستنی باشوری کوردستان، وە بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێن قەیرانی هەرێمی کوردستان بە شەڕ کۆتایی پێنایات وە ئەو قەوارەیەی باشووری کوردستان دەکەوێتە مەترسیەوە بە ئەنجامدانی شەری کورد بە کورد و جێبەجێ کردنی مەرامەکانی دوژمنانی کورد.''

لە کۆتایدا نەوزاد محەمەد سەبارەت بە چەواشەکردنی ڕای گشتی لەلایەن دەزگا ڕاگەیاندنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی:" داوكارین لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن،  بە تایبەتی ڕاگەیاندنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان كە دەهۆڵی شەڕی کورد و کورد خۆش دەكەن، لەگەڵ دۆخەكە بەشێوەیەكی هۆشیار و هەستیار مامەڵە بكەن، هەروەها داوا لە هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان دەكەین لێدوانی نابەرپرسانە نەدەن لەم دۆخە هەستیارەدا و داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکەین بێنە دەنگ و رێگە نەدەن کورد شەڕی کورد بکات و ئەو جۆرە شەڕانە قەدەغە (حەرام) بکەن."

ف.ق