لە شاری ماکۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای ڕێگرییەکانی ڕژیم مەراسیمی پرسە بۆ شەهید دەلیلا بەڕێوەچوو

لە شاری ماکوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای هەڕەشە و رێگرییەکانی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێران پرسەی شەهید دەلیلا چیا کە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا گیانی بەخت کردبوو، بەڕێوەچوو.

لە ڕۆژانی ڕابردوو، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، ناسنامەی چوار گریلای ڕاگەیاند کە ڕۆژی ٣٠ی مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٨ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورک، گیانیان بەختی ڕێگەی ئازادیی کوردستان کردبوو.

یەکێک لەو شەهیدانەش ژنە گەریلایەکی شەهیدی خەڵکی ماکوی سەربە پارێزگای ورمێ-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، کە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بە مەراسیمێک یادی کرایەوە.

ئەو مەراسیمە کە دوای ڕاگەیاندنی ناسنامەی شەهید دەلیلا، لەلایەن خانەوادەکەیەوە ڕێکخرا، لەلایەن خەڵکی ئەو دەڤەرەوە پێشوازیی لێکرا و سەرەڕای هەموو فشار و ڕێگرییەکانی دەزگا ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێران، بە شێوەی جەماوەری بەڕێوەچوو.

ناسنامەی شەهید:

ناسناو: دەلیلا چیا

ناو و پاشناو: نەزیفە بەلخکانلو

ناوی دایک و باوک: زەینەب- حاجی

شوێنی لەدایکبوون: ماکو

شوێن و کاتی شەهیدبوون: ٣٠ ی ١٠ی ٢٠١٨- هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا

لەسەر شەهید دەلیلا هەپەگە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردبووەوە کە تێیدا هاتبوو: هاوڕێمان دەلیلا لە ماکو بە رۆحی بەرخۆدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هەموو کاتێک زیندووە، لە ناو خانەوادەیەکی وڵاتپاریزی و بەڕێز و بەڕەچەڵەکی کوردستان گەورە بوو، بە منداڵی گوێی لە چیڕۆکی قاڕەمانێتی دەگرت و زوو ڕاستیی کورد و کوردستانی ناسی، هەروەها لەناو خانەوادەیەکی بەڕێزەوە گەورە بوو و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ببێتە کەسێکی ڕەنجدەر، لەدژی شەڕی قێزەون بۆ ئەوەی گەلەکەمان و خاکەکەمان بپارێزێت ساڵی ٢٠٠٧ بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بوو و لە ماوەیەکی کورتدا بووبە فەرماندە و لەناو ڕیزەکانی گەریلادا بووە نوێنەرێکی بەهیزی ناسنامەی ژنی ئازاد، بۆ ئەوەی ئایدۆلۆژی ئازادی ژن لە کەسایەتی خۆیدا بە کردەوە بکات، زۆر قووڵ بووەتەوە، بە پێکەنین، سەبر و ڕەنجدەری خۆی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا لەگەڵ هاورێکانی پەیوەندیەکی گەرمی دروست کرد و لە هەموو گۆڕەپانێک بەرپرسیاری خۆی بەبێ کەموکورتی جێبەجێ کرد، هاوڕێکەمان بە پرسیار، لێکۆلینەوە و خۆپێگەیاندن هاوڕێکانیشی بەشداری لە قۆناغی فێرکردن کرد و بووە یەکێک لە نوێنەرە بەهێزەکانی کەسایەتی  میلیتانی ئاپۆیی و فەرماندە لەناو یەژاستاردا.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەش هاتبوو: سەرەتا سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی بەڕیزی هاورێکانمان دەلیلا، کاوەندا، سارا و هێرش و هەموو گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین و سوێند دەخۆین کە تێکۆشانی هاوڕێکانمان بە سەرفرازی بگاتە ئامانجەکەی.

ک-ش