لە شاری سلێمانی پرسەی شەڕکەر بۆتان بەڕێوەچوو

لە گەڕەکی ئازادی شاری سلێمانی، پرسەی شەهید بەختیار عەبدوڵا، ناسراو بە شەڕکەر بۆتان بەڕێوەچوو.

دوای ئەوەی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، ڕۆژی هەینی، بە ڕاگەیاندراوێک یادی ئەو شەهیدانەی کردەوە کە لە 7 ی حوزەیرانی 2020 لە هەرێمی ئاڤاشین شەهیدبوون، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە گەڕەکی ئازادی، لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان و هاوسەرۆک و ئەندامانی تەڤگەری ئازادی و کەسانی ئازادیخواز، پرسەی شەهید بەختیار عەبدوڵا، ناسراو بە شەڕکەر بۆتان بەڕێوەچوو.

لە میانی پرسەکەدا، هەڤاڵ عەبدولوەهاب، ئەندامی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان پرسە و سەرخۆشی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهید کرد و وتیشی: "ئەوان لەپێناو پاراستنی گەلەکەیان گیانیان بە نیشتمان بەخشی، ئێمەش لەسەر ڕێو ڕێبازی ئەوان بەردەوام دەبین."

هەروەها حاجی ئازاد، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی وتی: "شەهیدان نامرن و ئێمە شانازییان پێوە دەکەین و ڕێوڕێبازیان بەردەوامی پێدەدەین."

لە کۆتایدا هەمووان  دروشمی "شەهید نامرێت" یان وتەوە.