لە شاری سلێمانی یادی شەهید چەلەبی کرایەوە

محەمەد زەکی چەلەبی وڵاتپارێزی کورد، کە لە هێرشێکی چەکداریدا لە شاری سلێمانی شەهید بوو، لە شاری سلێمانی یادیشی کرایەوە.

بە بۆنەی چلەی تیرۆرکردنی وڵاتپارێزی کورد محەمەد زەکی چەلەبی، لەشاری سلێمانی مەراسیمێکی یادکردنەوە بەڕێوەچوو و شیرینی دابەشکرا. لە مەراسیمەکەدا خانەوادەی زەکی چەلەبی، کەسایەتییە سیاسییەکان، پیاوانی ئاینی، ڕۆژنامەنووسان و کەسوکاری شەهیدان ئامادەبوون و مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستیپێکرد.

لە مەراسیمەکەدا ئیسنان ستێرک هاوڕێی چەلەبی وتی: "با حکومەتی هەرێم و سلێمانی باش بزانن، ئێمە ئەوەندە لاواز نین، کە ببینە بەرخی بەر چەقۆی دوژمن. بیر و باوەڕی ئێمە تێکۆشانی ئێمەیە، ئێمە مافەکانی خۆمان دەوێت. ئێمە زوڵم لە کەس ناکەین و کەس ناچەوسێنین و ستەمیش لە هیچ کەسێک قبوڵ ناکەین. تۆڵەی زۆربەی شەهیدانمان کرایەوە، بە دڵنیاییەوە تۆڵەی شەهید زەکی چەلەبیش دەکرێتەوە. داواکارین ئیدارەی سلێمانی خۆی کەڕ و لاڵ نەکات، بکوژ و بکوژان و خائینەکان دەستنیشان بکات، ئەو هەموو هاوڕێیەمان شەهید دەکرێن و چیتر ئارامیمان نەماوە".

هەروەها مەلا نادر لە مەراسیمەکەدا وتی: "شەهید زەکی چەلەبی کەسێکی زیرەک و بەهرەمەند بوو. سەری بۆ هیچ وڵاتێکی دەسەڵاتدار دانەنەواند و خزمەتکاریی قەبووڵ نەکرد".

لە درێژەی مەراسیمەکەدا نورتەن چەلەبی هاوژینی محەممەد زەکی چەلەبی وتی: "دەزانم زەکی گوێی لێمە. من لەگەڵ زەکی چاوم کرایەوە، لەگەڵ ئەو وڵات و کولتووری خۆم ناسی. من زۆر خۆشحاڵم زەکی باوکی منداڵەکانمە".

نورتەن چەلەبی ڕاشیگەیاند، محەممەد تەنها بۆ ئەو هاوژین نەبوو، بەڵکو لە هەمان کاتدا بۆ ئەو دایک و باوک و وڵاتیش بوو.

دوای وتەکان فیلمێک لەبارەی ژیانی محەممەد زەکی چەلەبی-یەوە نمایشکرا.

مەراسیمەکە بە درووشمی "شەهید نامرن" کۆتایی پێهات.

ژ.ت