لە شەنگال جەژنی جمای قوبەی شێخ مەند پیرۆز کرا

لە ڕۆژی دووەم و کۆتاییدا بە خوێندنەوەی سرووت و مەراسیمی ئاینی، گەلی ئێزدی لە شەنگال بە مەراسیمێکی بەفراوان جەژنی قوبەی شێخ مەندیان پیرۆز کرد.

جەژنی جمای قوبەی شێخ مەند

جەژنی جمای قوبەی شێخ مەند، یەکێکە لە جەژنە پیرۆز و دێرین و زۆر گرنگەکانی گەلی ئێزدی، کە ساڵانە کۆمەڵگای ئێزدیی ئەم جەژنە بە مەڕاسیمی تایبەت و سرووتی ئاینیی پیرۆز دەکەن. ئەمساڵیش بەبەشداری هەزاران کەس لە گەلی  ئێزدی جەژنی جمای قوبەی شێخییان  پیرۆز کرد و لە دووەم ڕۆژدا کۆتای بە جەژنەکە هات.

ئەم جەژنە وەکوو هەموو جەژن و سرووت و مەڕاسیمە ئاینییەکانی دیکەی ئێزدییەکان بەهۆی فەرمانی ٢٠١٤ـوە ماوەیەک نەتوانرا پیرۆز بکرێت، بەڵام لە پاش ساڵی ٢٠٢١ـەوە هەموو ساڵێک لە کۆتایی نیسان ئەم جەژنە لە شنگال پیرۆز دەکرێت.

ئەم جەژنە بە دەستپێشخەری عەشیرەتی سمۆقی دەست پێ دەکات و لە تەواوی شنگال و کامپەکانی باشووری کوردستانیشەوە، ئێزدییەکان ڕوو لە گوندی درێجێی سەر بە خانەسۆر دەکەن بۆ پیرۆزکردنی جەژنەکە. لەبەر ئەوەی جمای شێخ مەند دەکەوێتە نێوان دوو چیای بەرزەوە، ئەم جەژنە لە چاو جەژنەکانی تر تایبەتمەندی و جیاوازی خۆی هەیە.

جەژنی جمای قوبەی شێخ مەند لە ٢٤ـی نیسان دەستی پێ کرد و ماوەی دوو ڕۆژ بە مەڕاسیم و سرووتی ئاینیی بەردەوام بوو. ئەمڕۆش بە دانانی پەری و هلێلا لەسەر قوبە کۆتاییان بە پیرۆزباییەکەیان هێنا.