لە شەنگال سیمیناری 'دیالۆگەکانی ژیانی ئازاد' بەڕێوەچوو

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) لە چوارچێوەی هەڵمەتی نێونەتەوەیی بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە ناوەندی شەنگال بە ناونیشانی 'دیالۆگەکانی ژیانی ئازاد' سیمینارێکی ئەنجام دا.

لە ناوەندی شەنگال لە هۆڵی ئەنجوومەنی گەلی شەنگال لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بە دروشمی 'دیالۆگەکانی ژیانی ئازاد' بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) سیمینارێک ئەنجام درا.

سیمینارەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ جەنگاوەرانی ئازادی دەستپێکرد. هەموو ئەندامانی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بەشداری مەڕاسیمەکە بوون.

لە سیمینارەکەدا ئەندامی کوردیناسیۆنی تاژێ نەعام بەدەل و ئەندامی دیپلۆماسی تاژێ سوهام شەنگالی قسەیان کرد.

ئەندامی کوردیناسیۆنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) نەعام بەدل گوتی: "وەک دەزانرێت سوپای عێراق لە ١٨ی ئادار لە ناوەندی شاری شەنگال لە بەرانبەر ئۆتۆمبێلی یەبەشە هێرشی ئەنجام دابوو، لە هێرشەکەدا سێ لەوان بریندار بوو، پێنج شەڕڤانی یەبەشە بە دیلگیرا، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەریان نییە."

وتیشی: "وەک کۆمەڵگەی ئێزدی ١١ ساڵە خۆمان بە فکری ڕێبەر ئاپۆ پەروەردە دەکەین. دەوڵەتی تورک و دەوڵەتی عێراق هیرشی دەستکەوتەکانمان دەکەن، بەڵام چی دەبێت با ببێت ئێمە خۆمان لەسەر فکری ڕێبەر ئاپۆ پەروەردە دەکەین و خۆمان بە ڕێکخستن دەکەین."

ئەندامی دیپلۆماسی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئیزدی (تاژێ) سوهام شەنگالی لەسەر کەمپینی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کە لەسەر ئاستی گەردونی بەڕیوەدەچیت قسەی کرد و گوتی: "لە دوای ئەم چالاکییانەوە لە لایەن ڕێبەرێتییەوە پڕۆسەیەک دەستی پێکرد. ڕێبەرێتی دەیەوێت پرسی کورد لە زەمینەیکی سیاسی و یاساییدا چارەسەر بکات، بەڵام دەوڵەتی تورک لەم پڕۆسەیەشدا لە هێرشەکانی لەسەر گۆڕەپانەکانی گەریلا بەردەوامە."