لە سلێمانی بە ڕێپێوانێک هەوڵە تێکدەرەکانی پەدەکە شەرمەزار کرا
ئێوارەی ئەمرۆ گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر بە ڕێپێوانێک هەوڵە تێکدەر و شەرخوازەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان شەرمەزار کرد.
ئێوارەی ئەمرۆ گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر بە ڕێپێوانێک هەوڵە تێکدەر و شەرخوازەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان شەرمەزار کرد.
ئێوارەی ئەمرۆ هەریەک لە کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر بە ڕێپێوانێک هەوڵە تێکدەر و ئاژاوەگێریەکانی پارتی دێموکراتی کوردستانیان لە چیای گارە و شەنگال شەرمەزار کرد و ئەو هەوڵانەیان وەک خیانەتێک لە تێکۆشانی گەلی کورد بەناو کرد.
چالاکی گەنجان بە هەڵکردنی مەشغەڵی تێکۆشان لەبەرامبەر هێڵی خیانەت لە باخی گشتی شار دەستی پێکرد و بە ڕێپێوان بەروو شەقامی سەهۆڵکە ڕۆیشتن، لە ڕێگادا درووشمەکانی" (بژی بەرخودانی گەریلا) ، ( بمری خیانەت) و (بژی بەرخودانی شەنگال) وترانەوە و دوای ئەوەی گەنجان گەیشتنە گۆرەپانی سەهۆڵەکە لێدوانێکیان بۆ ڕای گشتی و ڕاگەیەندنەکان خوێندەوە.
پارتی لە ژێر فەرمانی میت دایە
لە سەرتای بەیانامەکداە گەنجان وتبویان:" پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە ژێر فەرمانی دەزگای هەواڵگری (میت)دایە،هەروەها جموجۆڵ و حسابە سیاسیەکانیشی لەلایەن دەزگای ھەواڵگری میتەوە دیاریی دەکرێت و کار بۆ پرۆژە و ئامانجەکانی دەوڵەتی تورک و ئاکەپە بە تایبەتی دەکا."
هاوکات لە بەیانەمەکەی گەنجاندا ئاماژە بەوەش کرابوو کە:" پارتی لە هەرچوارپارچەی کوردستان سەرقاڵی لاواز کردنی ھێزی کوردانە و ھەر ڕۆژە و بە سیناریۆیەک و بە بیانویەکی جیاواز ھەوڵ دەدات شەڕی کورد بە کورد دەست پێ بکات ئەمەش تەنیا لە بەرژەوەندی دوژمنانی گەلی کوردە."
پەدەکە بە فەرمانی دەوڵەتی تورک دەیەوێت سزای لەسێدارەدان بەسەر رۆڵەکانی گەلی کورددا بسەپێنێت
لە درێژەی بەیانامەکەدا، گەنجان سەرنجیان خستە سەر ژیانی ئەو دوو گەنجەی کە چالاکیان لەبەرامبەر ئەندامێکی میتی تورک کرد لە ڕێستورانی هوقەبازی هەولێر و رایانگەیاند:" سەرباری ئەو ھەموو ھاوکارییەی لە باشوری کوردستان و بە تایبەت لە بادینان، پارتی لە دژی پەکەکە پێشکەش بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەکات، بەڵام بە ئاشکرا دیارە پارتی و خودی مەسعود بارزانی و تورکی داگیرکەر ئەم هاوکارییەی بە کەم دەزانن و دەیانەوێت خوێنی گەریلا و سەربازەکانی پارتی نەک «ھێزەکانی پێشمەرگە» بە دەستی یەکتر برژێت."
پەدەکە بە فەرمانی دەوڵەتی تورک دەیەوێت سزای سێدارە بەسەر رۆڵەکانی گەلی کورددا بسەپێنێت کە ساڵی ڕابردوو میتێکی تورکیان بە سزا گەیاند کە دەستی سوور بوو بە خوێنی کورد.
دژی پلانەکانی پەدەکە دەوستینەوە
لە کۆتایی بەیانامەکەدا ڕاگەیەنرا کە ئەوان وەک گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر بە توندی دژی ئەو پیلانە قێزەونەی پارتی و دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەوەستنەوە، هەروەها وتیشیان:" لێرەوە رایدەگەیەنین لە ئاست ھیچ ھێزێکدا بە بێ دەنگ نامێنینەوە کە ھۆکار بێت بۆ ھەڵگیرسانی شەری کورد بە کورد، لەم چوارچێوەیەشدا خاوەن ھەلوێست دەبین لەبەرامبەر ھەموو پێشێلکاریەک لە دژی بەرژەوەندی گەلی کورد و کوردستان بێت."
دەقی بەیانامەکە وەک خۆی
بۆ رای گشتی؛
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە ژێر فەرمانی دەزگای هەواڵگری (میت)دایە،هەروەها جموجۆڵ و حساباتە سیاسیەکانیشی لەلایەن دەزگای ھەواڵگری میتەوە دیاریی دەکرێت و کار بۆ پرۆژە و ئامانجەکانی دەوڵەتی تورک و ئاکەپە بە تایبەتی دەکا.
لەم پێناوەشدا ھەرچی لە بەرژەوەندی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دا بێت بەبێ سڵەمینەوە و لەناوبردن و لە گۆڕنانی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیی کورد و ھەرێمی کوردستان جێ بەجێی دەکات، بێ ئەوەی گرنگی بە رەوشی کۆمەڵگا بدات کە لە ئێستادا دۆخ و گوزەرانی دانیشتوانی هەرێم لە خراپترین دۆخی ئابووریدا ژیان بەرێ دەکەن، پارتی لە هەرچوارپارچەی کوردستان سەرقاڵی لاواز کردنی ھێزی کوردانە و ھەر ڕۆژە و بە سیناریۆیەک و بە بیانویەکی جیاواز ھەوڵ دەدات شەڕی کورد بە کورد دەست پێ بکات ئەمەش تەنیا لە بەرژەوەندی دوژمنانی گەلی کوردە.
لەم چوار چێوەیەشدا لە چەند مانگی رابردوەوە ھەوڵ دەدات ناوی تەڤگەری ئازادیی کوردان لەهەرچوار پارچەی کوردستان و کوردانی وڵاتپارێز بشوێنێ تۆمەتی ناراست و نارەوا دەداتە پاڵیان، بەمەش نەوەستاوە لە پێناو کار ئاسانی بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە مانگی رابردوودا رێکەوتنێکی لەگەل حکومەتی عێراق واژۆ کرد بۆ گەراندنەوەی ئەو هێزانەی کە لە کاتی کۆمەڵکوژیدا شەنگالیان چۆڵکرد و گەلی ئێمەی ئێزیدییان دڕندەترین دوژمن بەتەنیا هێشتەوە. لە کاتێکدا ئێستا شەنگال خاوەنی ھێزی پاراستنی جەوھەری خۆیەتی کە سەرجەمیان خەلکی شەنگالن و بێ جیاوازی کردن لە نێوان پێکھاتە و بیروباوەڕ و ئیتنیکەکان لەناو ئەو ھێزەدا جێگەیان گرتووە، پارتی بەم رێکەوتنەی دەیەوێت ئامانجی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر جێ بەجێ بکات و گەلی ئێزیدی ڕووبەڕووی فەرمانێکی تری قڕکەر بکاتەوە، پارتی بە هاوکاری تورکیا دەیانەوێت ئیرادەی بەهێزی خەڵکی شەنگال لە ناو ببەن، لە دوای ئەم ڕێکەوتنە ترسناکەی پارتی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئێستاش بە فەرمانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر چەندین بنکەی سەربازی و ھەواڵگری بردۆتە ھەرێمەکانی گەریلا و بە دیاری کراوی زینی وەرتێ و چیای گارە. دەیەوێت بەم کارە قێزەونەی جارێکی تر ڕۆڵەکانی نیشتمان لە شەڕێکی ناوخۆیی کورد بە کوردا جوانە مەرگ بکات و پەڵەیەکی بێزراو ڕەش بۆ مێژووی گەلەکەمان زیاد بکات، پاشان لە نوێترین لێدوانی سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانیدا بە ئاشکرا دیارە کە جاڕی شەڕ لێدەدات لەگەڵ پەکەکە بە بیانوی ئەوەی پەکەکە لە چەند ناوچەیەکی باشوری کوردستاندا بونیان ھەیە، جەنابیان پێیان قبوڵە بنکە و بارەگای سەربازی وھەوالگری دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە خاکی باشوردا ھەبن، بەلام پێیان قبوڵ نییە ھێزێکی کوردیی شۆرشگێر لە خاکی باشوری کوردستاندا بونی ھەبێت، لێرەدا بە بیری ڕایەدارانی پارتی و ھەموو ھاوئاوازەکانی دەخەینەوە کە پەکەکە پێش دروست بوونی ھەرێمی کوردستان بوونیان لە باشوری کوردستان دا ھەبووە، لە ھەموو ساتێکدا پەکەکە ڕۆڵی پارێزوانێکی کیانی کورد و ھەرێمی کوردستانی ھەبووە، مەگەر لەبیرتان چۆتەوە ئەو کاتەی لەلایەن چەتەکانی داعش بوونی ھەرێمی کوردستان کەوتە ژێر مەترسی ئەوە گەریلا بوو لە سەنگەرەکان ھاوشێوەی پێشمەرگە خۆیان دەکردە قوربانی بۆ گەلی کورد و خاکی کوردستان و لەو پێناوەشدا چەندین شەهیدیان داوە، تا ئێستاش سەرباری ئەو ھەموو ھاوکارییەی لە باشوری کوردستان و بە تایبەت لە بادینان دا پارتی لە دژی پەکەکە پێشکەش بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەکرێت، بەڵام بە ئاشکرا دیارە پارتی و خودی مەسعود بارزانی و تورکی داگیرکەر ئەم هاوکارییەی بە کەم دەزانن و دەیانەوێت خوێنی گەریلا و سەربازەکانی پارتی نەک «ھێزەکانی پێشمەرگە» بە دەستی یەکتر برژێت.
پارتی دیموکرات بە فەرمانی دەوڵەتی تورک دەیەوێت کە سزای سێدارە بەسەر رۆڵەکانی گەلی کورددا بسەپێنێت کە پار ساڵ میتێکی تورکیان بە سزا گەیان کە دەستی سوور بوو بە خوێنی کورد.
ئێمەش وەکو گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر بە توندی دژی ئەو پیلانە قێزەونەی پارتی و دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەوەستینەوە، لێرەوە رایدەگەیەنین لە ئاست ھیچ ھێزێکدا بە بێ دەنگی نامێنینەوە کە ھۆکار بێت بۆ ھەڵگیرسانی شەری کورد بە کورد، لەم چوارچێوەیەشدا خاوەن ھەلوێست دەبین لەبەرامبەر ھەموو پێشێل کارییەک لە دژی بەرژەوەندی گەلی کورد و کوردستان بێت ."
ف.ق