لە سلێمانی بەبۆنەی ١ی ئایارەوە رێپێوانێک ئەنجامدرا

لە ڕۆژی جەژنی کرێکاراندا لە شاری سلێمانی ڕێپێوانێک ئەنجامدارا و بەشداربووانی ڕێپێوانەکە جەختیان لە دابینکردنی مافی کرێکاران کردەوە.

ئەمڕۆ کۆمیتەی مەراسیمی یەکی ئایار، بەدروشمی “کرێکاران هێزی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی پێشکەوتنی کومەڵگان” ڕۆژی جیهانی کرێکارانیان پیرۆزکرد و ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا.

کۆمیتەی مەراسیمی یەکی ئایار، کە پێکهاتبوون لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکارانی کوردستان، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لەگەڵ بەشێک لە کرێکارانی سلێمانی بەشداریی ڕێپێوانەکەیان کرد.

ڕێپێوانەکە لە “سەهۆڵەکە” لە شەقامی سالمی ناوشاری سلێمانییەوە بەدروشمی “نان، کار، ئازادی ” دەستیپێکرد و و بەشداربووان بەڕێپێوان چوونە بەردەم باخی گشتی سلێمانی و لەوێ چەند چالاکییەکی تایبەت بەو ڕۆژەیان پێشکەشکرد.

سەرەتای چالاکییەکە بە ساتێک وەستان دەستیپێکرد بۆ گیانی کرێکارانی شەهید، دواتر سرودێک لەلایەن نەجم محەمەدەوە پێشکەش بە ئامادەبووان و کرێکاران کرا.

دواتر بەیاننامەی کۆمیتەی مەراسیم لەلایەن سالار سابیر خوێنرایەوە تیایدا ئاماژە بە گرنگی یەکی ئایار کرا کە وێستگەیەکی گرنگە لەخەباتی چینی کرێکار لەپێناو ئازادیی و یەکسانی و وەستانەوە بەڕووی سیستەمی سەرماییەداریدا.

هەر لەبەیاننامەکەدا هاتبوو “کرێکاران دوای سەدان ڕووبەڕووبونەوەی توند لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرجوازیی و حکومەتەکانیاندا توانیویانە لەئاکامی خەباتەکەیاندا بەشـێک لەو مافانە بەدەست بهێن و لە چوارچێوەی یاساکانی خودی دەسەڵاتی بۆرجوازیدا جێبەجێیان بکات”.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئیدانەی هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنوسان و پێشێلکردنی مافەکانیان و هەروەها گێچەڵپێکردنی سێکسی لەلایەن خاوەنکاران بەرامبەر کارمەندانی ژن کرا.

لەکۆتایی چالاکییەکانیشدا بەشداربوونی ڕێپێوانەکە لە ڕۆژی یەکی ئایاردا جەختیان لەسەر چەندین داواکاریی کردەوە لەوانە “گرێبەستی کاتی کرێکاران بکرێت بە هەمیشەی، پاراستنی ژیان و دابینکردنی سەلامەتی و مافی کرێکاران دابینبکرێت، کارکردنی کرێکاران لە حەوت کاتژمێر زیاتر نەبێت”.

ف.ق