ئێوارەی ئەمڕۆ دەستەی دەستپێشخەریی بۆ کۆنفرانسی نیشتمانیی لەبەردەم باخی گشتیی شاری سلێمانی، گردبوونەوەیەکی دژی هەوڵەکانی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ ڕێکخست.
ژمارەیەک لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و کەسایەتیی و چالاکوانان بەشدارییان لە گردبوونەوەکەدا کردبوو، تێیدا چەندین پانکاردی وەک “گەرەنتی مانەوەمان لە یەکگرتنماندایە، شەڕی براکوژی هەتاکەی، مێژووی خوێناوی کورد کورد دووبارە مەکەنەوە، براکوژی ئاواتی شەهیدان لەگۆڕ دەنێت”یان بەرزکردبووەوە.
گردبوونەوەکە بە پێشکەشکردنی سرودێک لەلایەن هونەرمەند نەجم محەمەد دژی شەڕی ناوخۆ دەستیپێکرد، پاشان وتاری گردبوونەوەکە لەلایەن سمکۆ ڕەشید، ئەندامی دەستەی دەستپێشخەریی کۆنفرانسی نیشتمانیی کوردستان خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: بەتووندی ئیدانەی جوڵاندنی هێز و خوڵقاندی کەشی هەڵگیرساندنی شەڕێکی نەخوازراو دەکەین، جا بەهەر بیانوویەک و لەژێر هەر پاساوێکدابێت”.
ئاماژە بەوەشکرابوو، کە گەلی کورد داوای یەکڕیزیی و تەبایی و یەکێتیی نەتەوەیی دەکات، “مێژووش سەلماندوویەتی کە گەرەنتیی مانەوە و سەرکەوتنمان تەنها پێکهێنانی یەکێتیی و یەکڕیزییە”.
پاشان عوسمان زیندانی، بەرپرسی کۆمیتەی محەلی سلێمانی حزبی شیوعی کوردستان بەیاننامەی حزبەکەی خوێندەوە و تێیدا داواکرابوو: پەیوەندییەكانی هەر لایەنێک لەگەڵ ئەو حكومەتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە لەسەر حسابی بەرژەوەندی و ئاسایش و سەقامگیریی بەشێكی دیكە نەبێت.
ف.ق