لە سلێمانی یادی سارا، رۆژبین و رۆناهی کرایەوە کە لە پاریس شەهیدکران

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بەبۆنەی هەشتەمین ساڵیادی شەهیدانی پاریسەوە مەراسیمێکی لە شاری سلێمانی ڕێکخست و تێیدا وێڕای پێشکەشکردنی چەند بەرهەمێکی هونەریی، خەڵاتی ڕێزلێنانیش بەخشرایە دایکی دوو شەهید.

مەراسیمەکە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی گەلەریی کارگەی جگەرەکەی سلێمانی بەڕێوەچوو، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیان و چالاکوانان و توێژە جیاجیاکان بەشدارییان تێدا کردبوو.

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان و شەهیدانی پاریس (ساکینە جانس، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز) دەستیپێکرد، پاشان وتاری ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان لەلایەن سۆما فەرهاد، ئەندامی ڕێکخراوەکەوە پێشکەشکرا کە تێیدا هاتبوو: ئەم سێ ژنە شۆڕشگێرە پێشەنگی تێكۆشانی سیاسی بوون، دیسان شه‌هیدان بوونه‌ هێز و باوه‌ڕی بۆ ژنانی شه‌نگال و وه‌ک خوێندکاری ساكینه ‌جانسز به‌سه‌دان ژنی ئێزیدی بوونه‌ قه‌ڵغان و له‌ئازادكردنی شه‌نگالدا جێگه‌یانگرت.

ئەوەش هاتبوو: بەرهەمی ئەم ژنە شۆڕشگێڕانە بوو بە گەورەترین هێزی داینامیك لە كۆمەڵگادا، ئەوەتا لە كوردستاندا شۆڕشی ژنان گەورەترین ڕۆڵ دەگێڕن بۆ پێشەنگایەتی كردنی هەموو جیهان.

هەر لە مەراسیمەکەدا وتاری هەریەکە لە کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان و تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان پێشکەشکران و تێیاندا جەختکرایەوە لە گرنگیی درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدانی پاریس و ژنە شۆڕشگێرەکانی دیکە و داواکرا ژنان بە ڕۆحییەتی ئەو پێشەنگانەوە دژ بە نادادپەروەرییەکان ببووەستنەوە.

هاوکات خەڵاتی ساڵانەی شەهید ساکینە جانسز کە لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان ئامادە دەکرێت ئەمساڵ بەخشرایە دایکی شەهید دیار غەریب، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کەجەکە و دایکی شەهید هەڤرین خەلەف، هاوسەرۆکی پارتی پێشەڕۆژی سوریا.

پاشان نمایشێکی شانۆیی لەبارەی وێستگەکانی ژیان و تێکۆشانی شەهید ساکینە جانسز پێشکەشکرا کە لەلایەن ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەریی ئامادەکرابوو.

لەکۆتاییشدا مەراسیمەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی “شەهید نامرێ” و “ژن ژیان ئازادیی” کۆتاییهات.

ف.ق