لە ئامەد ناڕەزایەتی: تا ئازادی تێدەکۆشین!
سزاکانی دۆزی کۆبانێ لە ئامەد شەرمەزارکرا، هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند ئەوان هەنگاو بۆ پاشەوە نانێن و تێکۆشان مەزن دەکەن.
سزاکانی دۆزی کۆبانێ لە ئامەد شەرمەزارکرا، هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند ئەوان هەنگاو بۆ پاشەوە نانێن و تێکۆشان مەزن دەکەن.
لە ئامەد دژی بڕیارەکانی دۆزی کۆبانێ چالاکی "کۆبوونەوەی ئازادی و دادپەروەری" بە پێشەنگایەتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) ئەنجامدرا.
هاوسەرۆکانی گشتی دەبەپە چیدەم کلچگون ئوچار و کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری بەشداربوون، چالاکوانان لەبەردەم بینای دەبەپە کۆبوونەوە، وێنەی سیاسەتمەداران و درووشم و هەلهەلەیان بەرزکردەوە.
پۆلیس هەوڵیدا ڕێگری لە ڕێپێوانەکە بکات بەڵام جەماوەر سەرەڕای ئاستەنگی پۆلیس دەستیان بە ڕێپێوان کرد، ڕێپێوانەکە لە شەقامی وێستگە کە داعش لە ٥ ی حوزەیرانی ٢٠١٥ هێرشی ئەنجامدابوو کۆتایی هات.
تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە چالاکییەکەدا ڕایگەیاند بڕیارەکان سیاسیین و لە کۆشکی ئەردۆگان و هاوبەشاکانییەوە دەرچوون، دۆزی تۆڵەکردنەوە لە هەدەپە و بندەستان و گەلی کوردە، دووپاتی کردەوە ئاکەپە-مەهەپە ویستیان سەرمان پێ نەوی بکەن و گوتی: "بەڵام ئێمە لە ئامەد دیسانەوە بەڵێن دەدەین، پاشەکشە لە تێکۆشان ناکەین. شان بە شان درێژە بە تێکۆشانی گەلی کورد دەدەین".
حاتەم ئۆغۆللاری ئاماژەی بەوە کرد لە ساڵی ٢٠١٥ لە هەمان شوێن هەدەپە گردبوونەوەی ئەنجامدا و ڕێگە بۆ هێرش و تەقینەوەی داعش لەم شوێنەدا کرایەوە، گوتی: "ئەوانەی لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕێگەیان بۆ داعش خۆشکرد، ڕۆژێک لێرە دادگایی دەکرێن. ئێمە سەربەرزین دژی داعش تێکۆشاوین. ئێمە لە بەرخۆدانی داعش ڕێگەمان بە داعش نەدا و هەرگیز ڕێگەی پێ نادەین".
حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند کۆمەڵکوژییەکەی داعش لەبەرچاوی دەسەڵات و میت ئەنجامدرا و گوتی: "ئێمەش لە شوێنی کۆمەڵکوژییەکە دەستمان بە کەمپەینەکەمان کرد. دەچینە ئەو شوێنانەی کۆمەڵکوژیان تێدا ئەنجامدراوە و یادیان دەکەینەوە. ئێمە دژی ئەوانەی کۆمەڵکوژیان ئەنجامدا تێکۆشاین بۆیە دۆزی کۆبانێیان ئامادە کرد. داعش یەکەمجار لە کۆبانێ شکستی هێنا. هەموو جیهان خاوەنداری لەم بەرخۆدانە کرد. نەوەک هەر لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەرخۆدانەکە لە تەواوی جیهان دەنگی دایەوە".