لە ئەنجامی هێرشێکی داعش بۆ سەر سەنگەری پێشمەرگە لە پردێ، ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و برینداربوون

‌بەرەبەیانی ئەمرۆ لە ئاکامی هێرشی چەکدارانی داعش بۆسەر دوو سەنگەری پێشمەرگە لە شاوچکەی پردێ لە کەرکوک، سێ پێشمەرگە شەهیدبوون و دوانی دیکەش بریندابوون.

بەرە بەیانی ئەمڕۆ شەممە، چەکدارانی ڕێکخراوی داعش لە بەرزاییەکانی نزیک گوندی پڕکان لە سنووری میحوەری پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە لە پردێ، هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی لیوای ١٠ی هێزی پێشمەرگە.

بەرپرسی میحوەری كەركوك - پردێ دەڵێت، "چەکدارانی داعش سوودیان لە پێنج کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی بینیوە بۆ هێرشکردنە سەر پێشمەرگە و لە ماوەیەکی کەم هێرشەکەی داعشمان تێکشکاندووە."

نوری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری كەركووك- پردێ دەربارەی هێرشەکەی بەرە بەیانی ئەمرۆ یەکی ئایاری ٢٠٢١ وتی، "چەکدارانی داعش سوودیان لە بۆشایی ئەمنی نێوان پیشمەرگە و سوپای عێراق بینیوە کە درێژەییەکی پێنج کیلۆمەترە لەو ناوچەیە."

ئاماژەی بەوەشکرد، '' دوای کاتژمێر ١٢، داعش هێرشەکەی ئەنجامداوە و لە دوای ٤٠ خولەک، هێرشەکە تێکشکێنراوە و هێزەکانی پێشمەرگە دوای چەکدارە هەڵاتووەکان کەوتوون."

لەبارەی پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکەش، نوری حەمە عەلی ئاماژەی بەوەکرد، ''سەنگەرمان لە ناوچانە هەیە، بەڵام حکومەتی عێراق رێگای نەداوە لەو شوێنانە پێشمەرگە جێگیر ببن، بۆیە بەرپرسیارەتی لە ئەستۆی ئەوانە."

دەربارە زیانە گیانییەکان ئەوەی خستەڕوو، ''لە دوولاوە، لە بەرزاییەکانی زورگە زراو هێرشکراوەتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لیوا ١٠ و تەنها لە یەک سەنگەر زیانی گیانیمان هەبووە، و لە هێرشەکەدا سێ پێشمەرگە شەهید بوون و دووانی دیکەش بریندارن."

بەگوێرەی زانیارییەکان، هەریەک لە ( نەقیب پشتیوان زراری، هێمن یەحیا، ئیدریس بەهرام) لە لیوای ١٠ی هێزەکانی پێشمەرگە شەهیدبوون.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێم لەبارەی ھێرشەکەی ئەمشەوی داعشەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەتوندی بەرپەچی ھێڕشەکەی تیرۆریستانی داعشی داوەتەوە و تێکیشکاندوون."

وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لەکاتی راوەدونانیان ژمارەیەکی زۆر لە چەکداری داعش کوژراون و لاشەکانیان جێماون، بەداخەوەش شەھید و بریندار لەڕیزی ھێزی پێشمەرگەدا ھەن."