"لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی قەرس دا دەست بەسەر ئیرادە و رەنجی ژنانیشدا گیرا"

رژێمی ئاکەپە – مەهەپە مانگێگ لەوە پیش قەیومیان بەسەر شارەوانیی قەرس دوا شارەوانیی شاری هەدەپەدا داسەپاند. خێرا و بە تایبەت رێکخراوەکانی ژنان داخران و شارەکە گەڕێندرایەوە بۆ دۆخی پێش هەڵبژاردنی ٣١ی ئادار.

پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە هەڵبژاردنی ٣١ی ئاداری ٢٠١٩دا ٦٥ شارەوانیی بە دەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنها شارەوانیی ٤ ناوچە و ٢ شارۆچکە، واتە بە گشتی ٦ شارەوانیی لە دەستدا ماوە و ئەوانی تر لەلایەن رژێمی ئاکەپە – مەهەپەوە دەستی بەسەردا گیراوە. دوا شارەوانیی شاری هەدەپە شارەوانیی شاری قەرس بوو، بەڵام نزیکەى مانگێک لەوە پیش ئەو شارەوانییەش لەلایەن رژێمی ئاکەپە – مەهەپەوە دەستی بەسەردا گیرا و هاوسەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپەیان زیندانیکرد و قەیومێکی داگیرکەریان بەسەر شارەوانییەکەدا داسەپاند.

سەڤدا سوباشی هاوسەرۆکی هەدەپە لە شاری قەرس لەبارەى دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیی قەرس و دۆخی شاری قەرس رایگەیاند، "هەدەپە شارەوانیی قەرسی بە دەنگی گەل و لە هەڵبژاردندا بەدەستهێنا. لە شارەکەدا ریگایەکیش نەبوو. پلانی دروستکردنی بینای زۆریش لە گۆڕێدا نەبوو. هەموو شتەکان خرابوون دەستی هەندێک کەس و ئەوانیش بەرتیلخۆری و گەندەڵییان بەسەرەوە دەکرد. لەو چوارچێوەیەدا تەنانەت هێڵی پاسەکانیشیان رادەستی هەندێک کەسی خۆیان کردبوو. تۆڕی ئاویش ئەوەندە کۆن بوو، کە ئیدی لە بۆرییەکانەوە ئاوی پیس دەهاتە دەرەوە. ئەوانە کێشە گەورە خزمەتگوزارییەکانی قەرس بوون. جگە لەوانەش لە قەرس دا هیچ شتێک بۆ ژنان نەکرابوو".

کێشە بنەڕەتییەکانی قەرس چارەسەر کرابوون

سوباشی باسی ئەوەیکرد، دوای ئەوەى هەدەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ٣١ی ئاداری ٢٠١٩دا سەرکەوت و شارەوانیی قەرسی بە دەستهێنا زۆربەی ئەو کێشە بنەڕەتییانە چارەسەر بوون و وتی، "بە رەنجی ئایهان بیلگەن و ئەڤین ئالاجا هاوسەرۆک شارەوانییەکانی قەرس، قەرس سەر لە نوێ ئاوەدان بوویەوە. پێش هەموو شتێک کێشەى کۆکردنەوەى خۆڵ و خاشاک و فڕێدانی زبڵ چارەسەرکرا و قەرس بووە شارێکی پاک و جوان".

شوباسی رایگەیاند، پێشتر تەندەری زۆر بە شێوەی گەندەڵی و بەرتیلخۆری درابووە کەسانی سەر بە دەسەڵات، بەڵام دووبارە و سەرلەنوێ بەپێی پێوەر و بنەما یاساییەکان رێکخرانەوە و ناوەندەکانی هەرەوەزی پێشخران و لەوەشدا گرنگییەکی زۆر تایبەت بە ژنان درا.

شوباسی وتی، "ناوەندەکانی هەرەوەزی بە رەنج و ماندووبوونی ژنانی دادەمەزران و پێشخران. هەوڵێکی زۆر بۆ ناساندنی بەرهەمە خۆجێییە و دەستکردەکانی قەرس درا. ناوەندی پشتیوانیی ژنان و مۆر کافێ بەرهەمەکانی ژنانیان تیادا دەفرۆشرا، ئەوەش بۆ ژنان کە پێشتر لە هیچ شوێنێکدا ناویان نەبوو، هەنگاوێکی گەورە و گرنگ بوو".

سوباشی رایگەیاند، لە قەرس ٩٧٠ کرێکار لەلایەن شارەوانیی پێشووە کاریان پێدەکرا و وتی، "قەبارەی توانایی شارەوانی بۆ کارکردن ٣٧٠ کرێکار بوو، بەڵام لە بەرامبەر بەرتیل و گەندەڵیدا کار بە زۆر کەس دەکرا. بۆ نمونە، زۆر کەس هەبوون، کە تەنها باج و کارتی شارەوانییان هەبوو، سەرباری ئەوەی هیچ کاریان نەدەکرد مووچەشیان لە شارەوانی وەردەگرت. ئەو گەندەڵانە دەرکران. هەروەها هەندێک کرێکار هەبوون، کە مووچەکانیان پێنەدەدرا، لەگەڵ چاکسازییەکاندا مووچەى ئەو کرێکارانەش درا و مافەکانیان بۆ گەڕێندرایەوە".

هەموو شتە پەیوەندیدارەکان بە ژنانەوە لە ناوبران

سەڤدا سوباشی رایگەیاند، دوای ئەوەى قەیوم بەسەر شارەوانیی قەرس دا داسەپێنرا، هەموو کارە ناوبراوکان راوەستێنران و ئەو رێکخراوانەى پێشتر کرابوونەوە هەڵوەشێنرانەوە و دۆخی قەرس گەڕێندرایەوە بۆ دۆخی پێش هەڵبژاردن. سوباشی راشیگەیاند، "دوای ئەوەى قەیوم داسەپێنرا، ناوەندی هەرەوەزی کە لەلایەن  هەدەپەوە دامەزرابوو و ئەنجوومەنی شاری کرێکاران هەڵوەشێنرانەوە. هەندێک گەڕەک هەبوو، کە ٧ ساڵ بوو هیچ خزمەتگوزارییەکیان پێشکەش نەکرابوو، هەدەپە بۆ ئەو گەڕەکانە دەستی بە دروستکردنی رێگا و بینا و ئاوەدانی کردبوو و کارەکان بەرەو کۆتایی دەڕۆیشتن، بەڵام قەیوم وەک ئەوەى خۆی دەستی بە کارە کردبێت ئەو کارانەى بە ناوی خۆیەوە بڵاوکردەوە.

هەروەها ناوەندی پشتیوانیی ژنان  لە شارەوانی و مۆر کافێ داخران. دەروونناس و کۆمەڵناسی تایبەت بۆ ژنان هەبوون، کارەکانی ئەوانیش لە شارەوانی راگیرا. ناوەندی پشتیوانی لە ژنان ٦ بۆ ٧ مانگ دەبوو دەستی بە کارەکانی کردبوو و لەو ماوەیەدا ٤٠٠ ژن سەردانی ئەو ناوەندەیان کردبوو. هەندێکیان بەهۆی توندوتیژی، هەندێکیشیان بەهۆی دۆخی ئابووری و هەندێکیشیان بۆ چارەسەری دەروونی هاتبوون. خزمەت پێشکەشی هەموویان کرا و هەوڵ درا کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.

بازاڕی کار و رەنجی دەستی ژنان هەبوو، ئەوەشیان بە پاساوی پەتای کۆرۆنا داخست. کەلوپەلەکانی ئەو بازاڕە تاوەکو ئێستا لە عەمبارەکاندان. لە مۆر کافێ ژنانی رۆژانە کاریان دەکرد و بۆ خۆیان داهاتێکی ئابووریان دەستدەخست، بەڵام ئەوەشیان داخست. بە کورتی هەموو کارەکانی شارەوانیی هەدەپە کە بۆ ژنانی ئەنجامدابوو لە ناویان بردن و دایانخست. زۆر قورس بوو لە قەرس ژن بتوانێت هێزی ئابووری بەدەست بهێنێت و ناچار بوو چاوی لە دەستی پیاو بێت. لەبەر ئەوەش ئەوەی دەستی بەسەردا گیرا تەنها شارەوانیی قەرس نەبوو، بەڵکو هاوکات دەست بەسەر ئیرادە، رەنج و ئازادیی ژنانیشدا گیرا".

هەموو کەس ناڕازییە

شوباسی رایگەیاند، گەلی قەرس لە داسەپاندنی قەیوم ناڕازین و لە زیندانیکردنی ئایهان بیلگەن و ٢١ کەسی تر لە قەرس ناڕازین و وتی، "نەک تەنها دەنگدەرانی هەدەپە لە قەرس، بەڵکو لایەنگرانی ئاکەپە و مەهەپەش لەو رووداوانە بێزارن. هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە دەڵێن، ئەوەى بەرامبەر بە هەدەپە کراوە ناهەقی بووە".

ژ.ت