لەپێناو یادی شەهیدانی فەرمان ژیان لە شەنگال وەستێندرا

لە شەنگال لە پێناو یادکردنەوەی شەهیدانی فەرمانی ٧٤ەمین ژیان وەستێندرا.

ئەمرۆ دەیەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤یە کە ئێزدییەکان وەک "رۆژی رەش" ناودێری دەکەن. لەو رۆژەدا بە هەزاران ئێزدی بە زیندوویی ژێر خاک کران، لەبەر ئەوەی سەریان بەخشی و سڕ و نهێنیان نەدرکاند بە هەزاران ئێزدی بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کۆمەڵکوژکران. بە هەزاران ژن و منداڵی ئێزدی رفێندران، دەستدرێژییان کرایەسەر. بەسەدان کەسی بەتەمەن و منداڵ بە چلەی هاوین بە هۆی تینویەتی و برسێتیەوە گیانیان لەدەستدا. بە هەزاران کەس کۆچبەر بوون و تائێستاش بە هەزارن کەس لە ژێر دەستی داعشدان و بێسەروشوێنن، لە گۆڕی بەکۆمەڵدان یاخود چارەنووسیان نادیارە.

١٠ سآڵە هێشتا برینی ئێزدییەکان ساڕێژ نەبووە، هێشتا لەسەرتاسەری شەنگال دەنگی هاواری دایکان دەبیسترێت. بەڵام زیاتر لە هەموو کاتێک ئەمساڵ زیاتر داوای لێپێجینەوە و چەسپاندنی دادپەروەری دەکرێت. داواکارن کە پەدەکە بە هۆی ئەو فەرمانەوە دادگایی بکرێت.  

لەوپێناوەدا ئەمساڵ بەشێوەیەکی سیستماتیکتر لە هەموو ساڵانی دیکە لە هەموو ئەنجومەنەکان، لە شوێنە گشتییەکان گەل کۆبوونەوە، لە کاتژمێر ١٠:٠٠دا بۆ چەند خولەکێک ژیان وەستێندرا.

لە ناوەندی شەنگال، قبلەت، سەردەشت، بیرداری سۆلاق، سنون، بۆرک، دگورێ و لە هەموو گوند و ناوچەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ئاسایشی ئێزدخان مەراسیمی جەماوەری بۆ رێزلێنان لە شەهیدانی فەرمان سازکرد.

ژیان بە تەواوەتی لەلایەن گەلەوە وەستێندرا. لە زۆر ناوچەی شەنگال گەل دەستی بە دابەشکردنی خواردن و خواردنەوە وەک خێر کرد و لەسەر رێگە گشتییەکان ئاو بەسەر رێبواراندا دابەش کرا.

لە دوانیوەڕۆدا لە ناوەڕاستی شەنگال مەراسیمێکی جەماوەری سازدەکرێت. گەل لە ئەنجومەنی گەلەوە بەرەو خوێندنگەی زەریفە ئۆسێ لەناوەندی شار رێپێوان دەکەن. مەراسیمەکەش لەو خوێندنگەیە کە ببووە دۆزەخ بۆ ئێزدییەکان ساز دەکرێت.