لەسەر سنوور تەرم دەدۆزرێتەوە

تەرمی دوو کەس لە خەندەقێکدا دۆزرانەوە، کە دەوڵەتی تورک بۆ دروستکردنی دیوار لە نێوان وان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا هەڵیکەندووە.

دەوڵەتی تورک دیوارێکی ٦٤ کیلۆمەتری لە نێوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سنووری پارێزگای وان لە باکوری کوردستاندا دروست دەکات. تا ئێستا  ٤٣ کیلۆمەتری لەو دیوارە دروستکردووە. نزیک بوونەوە لە دیوارەکە تاوەکو ٥٠٠ مەتر لە هەموو کەس قەدەغە دەکرێت و رۆیشتنی هاووڵاتییانی گوندەکانی نزیک سنوور بۆ کوێستانەکانی ئەو ناوچانە قەدەغە دەکرێت و رێگایان پێنادەن ئاژەڵەکانیان لەو ناوچانەدا بلەوەڕێنن و راوکردنیشیان لێ قەدەغە دەکەن.

ئامانجی دەوڵەتی تورک لە دروستکردنی بنکەی سەربازی و خاڵی چاودێری لەسەر سنوورەکان و دروستکردنی دیوارەکان بۆ ئەوەیە، کە کوردانی باکوور - ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەکتر داببڕێت.

تەرمی دوو گەنج لە خەندەقێکدا دۆزرانەوە، کە مانگی ڕابردوو ئەو خەندەقە بۆ دروستکردنی دیوار لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هەڵکەندرابوو. سەربازانی خاڵی چاودێری و بنکەى سەربازیی گوندی ئاخرۆک لە سەر سنووری ڕۆژهەڵات تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ناسنامەی تەرمی ئەو دوو گەنجەوە بڵاونەکردووەتەوە.

تەرمی ئەو دوو کەسە براون بۆ پزیشکیی داد لە نەخۆشخانەى ناوچەى قەلقەلییە و مەزەندە دەکرێت کەسانی کۆچبەر بن.

کاربەدەستان دەڵێن، ئەو پیاوانە کاتێک هەوڵیانداوە لە سنوور بپەڕنەوە کەوتوونەتە ناو خەندەقەکە، بەڵام شایەتحاڵەکانی رووداوەکە دەڵێن، لەلایەن سەربازەکانەوە بە ئەشکەنجە کوژراون و فڕێدراونەتە ناو خەندەقەکەوە.

هەروەها بە وتەی گوندنشینانی سنوورەکە، پرسی پەنابەران بووەتە بابەتێکی بەرتیلخۆری و گەندەڵی لە نێوان سوپای ئێران و سوپای تورکیا و هەندێک گروپیان بۆ کاری قاچخچێتیکردن بە کۆچبەران لە نێوانیان خۆیاندا دروستکردووە و ئەو گروپانە کۆچبەرەکان بە پارە دەپەڕێننەوە، بەڵام کاتێک هەندێک لە پەنابەران پارە بەو گروپە چەتە و قاچاخچییانە نادەن و بۆ خۆیان دەیانەوێت لە سنوورەکان بپەڕنەوە، دستگیریان دەکەن و ئەشکەنجەیان دەکەن و دەیانکوژن و دواتریش لە چاڵێکی سنوورەکەدا تەرمەکانیان فڕێ دەدەن.

گوندنشینان دەڵێن، ئامانج لە دروستکردنی دیوار بۆ رێگریکردن لە قاچاخچێتی نییە، بەڵکو دەیانەوێت ناوچەی سەربازی دروست بکەن و هاتوچۆی نێوان رۆژهەڵات و باکووری کوردستان بپچرێنن و کوردی ئەو ئەو دوو بەشەى کوردستان لە یەکتر داببڕن.

ژ.ت