عەلی حەمە ساڵەح: کردنەوەی دەروازەی فیشخابوور، بەرپرسیارێتییەکی نیشتیمانییە

سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست، عەلی حەمە ساڵەح گوتی: "ئەگەر ئەزموونی ڕۆژئاوا کۆتایی بێت، ئەوا باشووری کوردستانیش دەگرێتەوە". جەختی کردەوە، پێویستە دەروازەی فیشخابوور بکرێتەوە.

ئەمڕۆ سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست، عەلی حەمە ساڵەح لە بارەگای ڕەوتەکەی لە سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا، تیشکی خستەسەر پێشهاتەکان لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان، گوتی: "لە ئێستادا ڕۆژئاوای کوردستان لەبەردەم مەترسییدایە، مەزڵووم عەبدی دەستپێشخەرییەکی گەورەی کرد کە پێویستە هەموو کورد پشتگیریی بکات بەڵام سەرجەم هێزە کوردییەکانی باشووری بێدەنگیان هەڵبژاردووە".

هەروەها بڕیاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی بۆ دانپیانان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا بەبیرهێنایەوە و گوتی: "پێویستە دەروازەی فیشخابوور بکرێتەوە بە ڕووی هەموو هاوکارییەکی مرۆیی، پێویستە بەرپرسانی باشوور بە تایبەتی پەدەکە باش بزانن کە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان کۆتایی پێ بێت، ئەوا باشووری کوردستانیش دەگرێتەوە، بۆیە کردنەوەی دەروازەی فیشخابوور بەرپرسیارێتییەکی نیشتیمانییە".