نووسەر و چاودێری دیاری کوردستان عەلی کەریمی دەربارەی شەڕ فرۆشتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە پەکەکە سیاسەتی ڕادەستکردنی خاکی باشووری کوردستان بە تورکیا لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و گێرۆدەبوونی ئەو پارتە بە هیزە داگیرکەرەکان بۆ ئاژنسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
بنەماڵەی بارزانی ئەجێندای تورکیا بەڕێوە دەبەن
لە پێناسەی حکومەت و دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی ئەو نووسەرە وتی: "ئێمە لە باشووری کوردستان تووشی دەسەڵاتێک بووین پێی دەڵێن دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی، شتێک نییە بە ناوی حکومەت، حکومەتی هاوبەش، حکومەتی پارتە جیاوازەکان، ئەوەی هەیە تەنها زاهیرە ئەگەر نا ڕاستییەکەی ئەوەیە دەبێت بڵێین، حکومەتێک هەیە حکومەتی بنەماڵەی بارزانییە نەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاستیدا نە ئۆپزسێۆنێکی ڕاستەقینەمان هەیە نە ئەوانەی شەریکن لە حکومەت شەریکێکی ڕاستەقینەن، چونکە بنەماڵەی بارزانی بە تەنها لە ناو حکومەتدا ئەجێندای ئاکەپە و میتی تورکیا لە ناو باشووری کوردستان بەرێوە دەبن، ئەوان ناتوانن لە ستراتیژ و پلان بەرنامە و لە هێڵ و ستراتیژی ئاغای ئەرۆدغان و ئاکەپە بچێتە دەرەوە.
خمخۆری داگیرکەرانن!
هەروەها وتیشی: "نەک تەنها من، بەڵکوو هەموو گەلی کورد دەزانێت ئەو بنەماڵەیە بنەماڵەیەکی خەمخۆری گەلی کورد نییە، بەڵکو بنەماڵەیەکە خەمخۆر و دۆستی داگیرکەرانی کوردستانە. دەبێت ئەوە بەڕاستی و بە خاوێنی بگەەنین بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بۆ گوندەکان، شارۆچکە، شارەکان، خوێندگەکان و هەموو شوێنک پێیان بڵێین: کە ئێستا زوحاکێک دەستی بە سەر کوردستاندا گرتووە، ئەو زوحاکە مووچە و بەربوومت دەخوات، نەوتت تاڵان دەکات، قوتابخانەت دادەخات، مامۆستا بێ مووچە دەکات و منداڵت بێ مامۆستا دەکات، ئەوە دوو مانگ تێپەر دەبێت تا ئێستا خوێندگەکان نەکراونەتەوە."
پارتی دەهۆڵ ژەنی دروستکردووە بە پارەی خەڵك
دەربارەی ئەوکەسانەی کە کار بۆبەرژەوەندیی هاوبەشی تورکیا و پارتی دەکەن و تۆمەت دەبەخشنەوە و کاری چەواشەکاری دەکەن ئەو نوسەرە وتی: "پارتی کۆمەڵێک کۆیلە و دەهۆڵ ژەنی بە پارەی خەڵک دروستکردوە، بە پۆست و بە گەندەڵی، کۆمەڵێک بەناو نوخبە و ڕۆشنبێری لە خۆی کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی ببن بە دەهۆل ژەنی ئەو بنەماڵەیە، ئەو حزبە هیچ شتێکی نییە تەنها پارەی هەیە، پارەکەش ئەو ئەربابە (ئەردۆغان) دەیانداتێ، سەرەتا خۆیان بۆ ئەربابی دەدەزن دوایی ئەرباب پارەیان دەداتەوە."
پارتی گێرۆدەی دەسەڵاتی تورک بووە
دەربارەی گێرۆدبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە مێژوودا تا ڕۆژی ئەمڕۆ بە هێزە داگیرکەرەکان عەلی کەریمی بەو شێوەیە قسەی کرد: "گێرۆدەیی لە ژیانی مرۆڤەکاندا هەیە، واتا هەندێک مرۆڤ گیرۆدە دەبن بە ماددە هۆشبەرەکان یان مرۆڤێک گیرۆدە دەبێت قومار واتا پێوەی پەیوەست دەبێت و ناتوانێت وازی لێ بێنێت، بەهەمان شێوەش پارتی گیرۆدەی دەسەڵاتی تورک بوونە، ئەگەر بگەڕێینەوە مێژوو دەبینین ئەوان هەر وا فێربوونە، کە ئەربابیان هەبێت، لای ئەوان بەرژەوەندیی پارە لە شەرەف و ناموس و نیشتمانی دایک زۆر لە پێشترە، لە ساڵانی شەستەکان ئەوان گیرۆدەی شای ئێران بوون، شۆڕشی ئیلولیان لەسەر سینییەک پێشکەشی شای ئێران کرد، دوای ئەوەی شای ئێران نەما ئاخوندێکی نوێ هاتە سەر دەسەڵاتی ئێران و ئەو جارە پارتی لە ژێر ناوی قیادەی موەقە گیرۆدەی ئەو ئاخوندە نوێیی ئێران بوو و خومەینیش داوای لێکردن ئەگەر ببن بە معشاخۆر و بەردەستی ئێمە دەبێت پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات دەم کوت بکەن، پارتیش بۆیکردن، بۆ ئەوەش بەڵگەمان ناوێت نووسینەکانی دکتۆر قاسملو بەس بۆ ئەوەی لێی تێبگەین هەیە، لە ئێستاشدا گیرۆدەی دەسەڵاتی ئاکەپە بوونە، کەلەپچە و کۆت و بەندی دەسەڵاتی ئاکەپەیان لە ملدایە."
دەرباری کەسانی وەک عەلی عەونی و جنێوفرۆشەکانی تری پارتی عەلی کەریمی وتی: "ئەو جۆرە کەسە کاڵفامانە تەنها زۆرن بەناوی نوخبە و ڕۆشنبیر زۆرن لە دەوری ئەو ڕەشماڵەی بنەماڵەی بارزانی، ئەوان خۆشیان نایشارنەوە کە ئەو قسانەی دەیکەن تەنها بۆ ئەوەیە، کە قسەکەیان بگاتە گوێی فڵان کوڕی بارزانی، بۆ ئەوەی بڵێن ئەها ئێمە چۆن دیفاعتان لێدەکەین، ئەگەر نا خۆشیان باش بنەماڵەی بارزانی دەناسن، ئەو قسانەی دەیکەن خۆشیان باوەڕیان پێی نییە و تەنها بۆ ئەوەیە ماڵی بارزانی گوێیان لێبێت و دەستێک بەسەریاندا بێنن و دەفتەرە دۆلارێکیان بدەنێ".
لە کۆتایی قسەکانیدا ناوبراو بانگەوازێکی ئاراستەی پارت و لایەنە سیاسییەکان کرد و وتی: "داوا لە یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو، تاک بە تاکی ڕؤژنامەنووسان، تکا بە تاکی خوێندەوار دەکەم و دەڵێم: چاکسازی لە حکومەتی بنەماڵەی بارزانی کە بە حکومەتی هەرێم ناسراوە ئیمکانی نییە و چاک نابێت، ئەم حکومەت نابێتە حکومەتی هاوڵاتی، نابێتە حکومەتی خەڵکی شارەزوور، قەڵادزی، گەرمیان و هەموو هاوڵاتییەک، ئەم حکومەتە حکومەتێکی سەرەڕۆی خێڵە و وەک دەسەڵاتی میر و میرزادەکانی کۆنە، بۆ ئەوەی ئەو حزبانەش نەبنە شەریکی حکومەتێکی وا و لە مێژوودا مۆری خیانەت بەناوچەوانیان نەکەوێت وا باشترە ئەمڕۆ لە حکومەت بێنەدەرەوە و شەراکەتی ئەو دز و تاڵانییە نەکەن، چونکە دەزانم هیچ دەسەڵاتێکیان نییە".
ژ.ت