عەلی ئیلیاس وەک نوێنەری روحانی (بابە شێخ) کۆمەڵگای ئێزدی دەستنیشانکرا
میری ئێزدی و ئەندامانی ئەنجومەنی روحانی و ڕیشسپییەکانی کۆمەڵگای ئێزدی، عەلی ئیلیاس ناسریان لە جێگای (بابە شێخ) ڕابەری روحانی کۆمەڵگای ئێزدی دەستنیشانکرد.
میری ئێزدی و ئەندامانی ئەنجومەنی روحانی و ڕیشسپییەکانی کۆمەڵگای ئێزدی، عەلی ئیلیاس ناسریان لە جێگای (بابە شێخ) ڕابەری روحانی کۆمەڵگای ئێزدی دەستنیشانکرد.
لە ١ی تشرینی یەکەمدا بابە شێخ خرتۆ حەجی ئیسماعیل رابەری روحانی کۆمەڵگای ئێزدی لە نەخۆشخانەی هەولێر کۆچی دوایی کرد. ئەمڕۆش عەلی ناسر وەک بابە شێخ هەڵبژێردرا.
میری ئێزدی و ئەنجومەنی روحانی بە پێی یاسا ئایینیەکانی کۆمەڵگای ئێزدی ناتوانن تا دوای ٤٠ رۆژ لە کۆچی دوایی بابە شێخ کەسێکی تر لە جێگەی دیاری بکەن.
لەو ماوەیەدا کەسایەتیە ئایینیەکانی کۆمەڵگای ئێزدی خۆیان وەک کاندید دیاری دەکەن و دواتر ئەنجومەنی روحانی و میری ئێزدی لەناو ئیسیانی بابە شێخ و خانەوادەی شێخ شێخلکی، بابە شێخێکی نوێ هەڵدەبژێرن.
هەموو کاتێک بابە شێخی نوێ لە دوو خانەوادە کە نەوەی شێخ فەخیر ئەل دینن هەڵدەبژێردرێن.
جەهۆر عەلی بەگ میری ئێزدیان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەی راوێژکاری لە دهۆک عەلی ئیلیاس ناسر وەک بابە شێخ هەڵبژێردراوە.
عەلی ئیلیاس ناسر لە ١٨ی تشرینی دووەمدا واتە ڕۆژی چوارشەمە لە لالەش بە شێوەیەکی فەرمی وەک بابە شێخ دەست بەکار دەکات.
بەپێی ئایینی ئێزدی بابە شێخ لەدوای میری ئێزدی دووەم پۆستی گرنگە. هەروەها لە مەراسیم و کاروباری ئایینیدا ئەنجومەنێکی تایبەت و فەرمی هەیە کە لەگەڵ بابە شێخ کار دەکات و هاوکاری دەکات.
ف.ق