بە دیمەن

مانگرتنی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدرا

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی پەسەند کردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی مانگرتنی گشتیی دەستی پێکرد، چالاکوانان و ئازادیخوازان داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکە دەکەن.

مانگرتنی گشتی

دوابەداوی کۆبوونەوەی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ١٩ی کانوونی دووەم. بڕیاردرا لە دژی پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی هەردوو ژنە چالاکوان پەخشان عەزیزی و ورشیە مورادی مانگرتنی گشتی لەسەر جەم شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ٢٢ی کانوونی دووەم- ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجام بدرێت.

بەربنەمای بەدەمەوچوونی بانگەوازییەکە سەر لەبەیانی ئەمڕۆ لە سەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی پەسەند کردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی مانگرتنی گشتیی دەستی پێکرد بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی.

هەروەها چالاکوانان و ئازادیخوازان و بنەماڵەی زیندانیانیی سیاسیی، بنەماڵەی قوربانیانی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادیی"، مافخوراوان، خوێندکاران و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای هەڵوەشاندنەوە و ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی هەر دوو ژنە زیندانیی سیاسیی کورد پەخشان و وریشە دەکەن.

هاوكات، شەوی ڕابردوو لەسەر شەقام و کۆڵانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن چالاکوانان و ئازادیخوازان وەک ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر پەسەندكردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دەستیان بە هەڵواسینی وێنەکانی ئەو دوو ژنە کوردە كرد.