کەجەکە پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ قوربانیانی ئاگرەکەی بۆلو بڵاوکردەوە

کەجەکە: "ئاشکرایە کارەساتەکە بەهۆی خەمساردییەوە ڕوویداوە. لەبەرئەوەی دەوڵەت و دەسەڵات ئەرکی سەرەکیی خۆیان جێبەجێ ناکەن، لە تورکیا ڕووداوەکانی وەک کەمتەرخەمی و گەندەڵی و هەژاریی گەل و سەختی ژیان زیاتر دەبن".

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەبۆنەی سووتانی هوتێل گراند لە شاری بۆلو کە تێیدا ٦٦ گیانیان لەدەستدا، ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە: "لە ئەنجامی سووتانی هۆتێلێک لە کارتالکایا لە بۆلو دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون. بۆ ڕای گشتی بڵاوکرایەوە کە ٦٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٥٠ کەسیش بریندار بوون. خەمگینی خۆمان بەم ڕووداوە دەردەبڕین. خودا ڕەحم بەو کەسانە بکات کە گیانیان لەدەستداوە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان دەکەین. هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

ئاشکرایە ئەم کارەساتە بەهۆی خەمساردییەوە ڕوویداوە

ئاشکرایە کارەساتەکە بەهۆی خەمساردییەوە ڕوویداوە. کارەساتی لەم جۆرە لە تورکیا بەزۆریی ڕوودەدەن، هەمیشەش هۆکارەکەی خەمساردییە. لەبەرئەوەی دەوڵەت و دەسەڵات ئەرکی سەرەکیی خۆیان جێبەجێ ناکەن، لە تورکیا ڕووداوەکانی وەک کەمتەرخەمی و گەندەڵی و هەژاریی گەل و سەختی ژیان زیاتر دەبن. دەسەڵاتی تورکیا، لە چوارچێوەی لەسەر بنەمای خزمەتکردنی گەل ناجووڵێتەوە، لەکاتێدا ئەمە ئەرکی سەرەکی دەسەڵاتە. تاکە شتێک ئێستە دەسەڵات پێداگرە لەسەری و داهاتەکانی بۆ خەرج دەکات، قڕکردنی گەلی کورد و شەڕکردنە دژی گەلی کورد. هەموو ناهەقی و کارە نادیموکراتیکەکان و گەندەڵی و خەمساردی و دزی، بەرئەنجامی ئەم زیهنیەتەن و تادێت زیاتر دەبن. گەر فشار نەکرێت و لێکۆڵینەوەی فراوان لە ڕووداوەکە بکرێت، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەم ڕووداوە ڕاستەوخۆ گرێدراوە بەم زیهنیەتەوە.

پێویستە ئۆپۆزیسیۆن خەمساردی و هۆکارە ڕاستەقینەکان ئاشکرا بکات

بەڵام وەک هەموو جارێک فشار دەکرێت، بڕیاری قەدەغەی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکە لە ڕاگەیاندن دراوە، ڕێگە لە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و بەرفراوان دەکرێت. وەک هەموو جارێک، بە شاردنەوەی ڕاستییەکان و شێواندنی ڕووداوەکە، دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کەسێک وەک تاوانبار دیاری دەکەن و یان چەند کەسێک دەستبەسەر دەکرێن و ڕووداوەکە پەردەپۆش دەکرێت. بەداخەوە، هۆکارە ڕاستەقینەکان و زیهنیەت و سیاسەتی ژێر ئەم هۆکارانە ئاشکرا ناکرێن. بەهیواین ئەم جارە ئۆپۆزیسیۆن و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی فراوانتر لەسەر ئەم ڕووداوە بوەستن، خەمساردی و هۆکارە ڕاستەقینەکانی خەمساردییەکە ئاشکرا بکەن، بەرنامەی نوێبوونەوە و دیموکراتیکبوون کە دەبێتە مایەی ڕاستکردنەوەیەکی ڕاستەقینە، پێش بخەن".