دوای شەهیدبوونی گەریلا ئاسۆ فەرزاد خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان کە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە شەڕ لەگەڵ سوپای داگیرکەری تورک شەهید بوو، وێنەی دوا ساتەکانی فەرزاد بڵاوکرایەوە. لە وێنەکاندا دەبینرێت کە فەرزاد بەرخۆدانێکی زۆری نیشان داوە، لە دوا ساتەکاندا لەسەر دیوارەکە نووسیویەتی، من پەکەکەیم لە ئەدەبیاتی ئێمەدا شتێک بە ناوی تەسلیمبوون نییە.
شەڕدا مەزڵوم گابار، یەکێک لە فەرماندەکانی یەژا ستار، بابەتێکی لەسەر شەهیدبوون و بەرخۆدانی گەریلا ئاسۆ فەرزاد نووسیوە. ئێمە بابەتەکەی گابار بۆ خوێنەرانمان بڵاو دەکەینەوە:
ڕۆژانێکە بیر لەوە دەکەمەوە کە چۆن باسی ئاسۆ بکەم کە یەکێکە لە منداڵە جوان و ئازا و قارەمانەکانی نیشتمانم، قارەمانێک کە ناتوانم لە بابەتێکدا پێناسەی تەواوەتی بکەم، سەبارەت بە کاریگەرییەکانی دوایین وێنەی لەسەر دڵ و دەروونم، قووڵایی لە هەستەکانمدا و شانازی بە پەکەکە بوونم لە گەڵ هەمووان هاوبەش بکەم. مانای ئاسۆ بە وشە دەرنابڕدرێت، تێگەیشتن و ڕوونکردنەوەی زەحمەتە. نە دڵتەنگیم و نە شانازیم لە وشەکاندا جێی نابێتەوە. تووڕەیی لە ناخ و قوڕگمدا دوای بینینی ئەو وێنەیە ئەوە نیە نەمێنێت و ئاگریی دڵم نازانێت چۆن ببێتە خۆڵەمێش. ئایا وێنەیەک دەتوانێت هێندە کاریگەرییەکی وا لەسەر ژیانی مرۆڤ هەبێت و تا ئەو ڕادەیە بیگۆڕێت؟ ئەمساڵ دوو وێنە وای لێکردم بە قووڵی پرسیار لە مرۆڤایەتی، دڵسۆزی، ئازار، خۆشەویستی و توڕەیی خۆم بکەم. یەکێکیان وێنەی عەباسە کە لە کاتی گواستنەوەی شەرڤان لە خوێن گەوزا بوو، ئەوی تریان وێنەی ئاسو...
دەزانی هەندێک کەس هەن لە یەکەم بینیندا دڵت گەرم دەکەنەوە و سەرەنج ڕاکێشی و ئارەزووی ناسینی هەستت دەجوڵێنێ. کاتێک بۆ یەکەمجار هەڤاڵ ئاسۆم ناسی، بەبێ ئەوەی بە تەواوی بزانم هۆکاری چیە، ئەم هەستەم بە توندی ئەزموون کرد.
مانگی ئاداری ٢٠٢٢ بوو، هەڤاڵ ئاسۆم لە ئەکادیمیای حەقی کارەر ناسی. هەرچەندە ئەو هەڤاڵەم نەدەناسی و هیچ شتێکی ئەرێنی و نەرێنیم لەبارەیەوە نەبیستبوو، بەڵام سەرنجی ڕاکێشام. ڕەفتارێکی یاخی و پرسیارکەر و نائارام، بە ئاسانی قبوڵی نەدەکرد و بە ئاسانی ڕازی نەدەبوو. سەرسام بووم بە چاوە درەوشاوەکانی، بە وردی گوێ لە گفتوگۆی مرۆڤەکان دەگرت و پرسیاری دەکرد، کە نیشانەی زیرەکی درەوشاوەی ئەو بوو، بۆ ئەوەی بە قووڵی لەوە تێبگات کە دەوترێت، هەڵوێستی گونجاوی سەرەنجی منی ڕاکێشا. لایەنی ئەنارشیستی، لێهاتوویی پراکتیکی، بەرپرسیارێتی لە پەروەردەی خۆی، ڕوانگە جیاوازەکانی، زیرەکی بەدوادا چوونەکانی، هێزی هاوبەشکردن و کاریگەری لەسەر مروڤەکان، هەڤاڵ ئاسۆی جیاواز لە هەڤاڵانی دیکە نیشان دەدا. بەهێزی مێشکی و قووڵایی بڕوا و زانینی ئەوەی کە دەیەوێت متمانە بەخۆی دەخوڵقاند. ئەمە وەک سێحری ئاسۆ بوو. پێشەنگایەتییەکەی لە ئاستێکی بەرزدا بوو. کاتێک قسەی دەکرد و دەڕۆیشت، بە خرۆش و ئاگرین بوو. ئەو وەک هەمووان نەبوو. وەک ئەوەی کاتێکی زۆر کەمی هەبێت لە ژیاندا دەژیا، وەک ئەوەی دەبێت بە خێرایی بڕیار بدات یان دەبێ زوو بگاتە شوێنێک وەها بوو.
هۆشیاری وڵاتپارێزی هەڤاڵ ئاسۆ، کە لە دڵی گەلی ڕۆژهەڵاتەکەماندا گەورە بوو، زۆر سەرسام بوو. خۆشەویستی بۆ وڵاتەکەی و خۆشەویستی بۆ مرۆڤایەتی لە قسەکانیدا سنوورەکانی تێپەڕاندبوو، هەستی پێدەکرا و لە دەرەوەی قسەکانی لە وزە، سۆز و سیاسەتەکانی لە ژیاندا هەستی پێدەکرا. ئاسۆ عاشقی شاخ و گەریلا بوو. ئەو کەسانەی شاخیان خۆشدەوێت وەک شاخ وان. وەک شاخێک وان کە دەتوانیت متمانەت پێ هەبێت. ئاسو وەک شاخ هاوڕێیەک قایم و خاوەن کەسایەتی بوو. هەستی متمانەی لە مرۆڤدا دەخوڵقاند و وای لێدەکرد هەست بکەیت کە لە هیچ بارودۆخێکدا بە تەنیا جێت ناهێڵێت. هەڤاڵ ئاسۆ جوانی و ڕەوشتی هەبوو، هەستیارییەک کە دڵی مرۆڤ دەلەرزێنێت و ڕەوشتێک کە کاریگەری لەسەر ڕۆح دادەنا.
هەڤاڵ ئاسۆ ئەم هەستانەی لە مندا دروست کردووە بەبێ ئەوەی زۆر باش بیناسم و چەندین سات و یادەوەری لەگەڵیدا هاوبەش بکەم. ئاسۆ گەنجێکی ئازا و بوێری ئەم خاک و شاخە بوو. دژی گڵاوترین داگیرکەری نیشتمانمان شەڕی کرد. ئاسۆ بە خۆشەویستی و سۆزەوە پابەند بوو بە نیشتمان و شاخ و هەڤاڵانی خۆیەوە. ئەم عەشقە مەزنە و ڕاستەقینەیە تەنها عەشقی ئاسۆ نەبوو. خۆشەویستی گەریلایەک بوو کە شاخەکانی لە دڵی خۆیدا هەڵگرتبوو، لەگەڵ کاتدا دەژیا، بە پابەندبوون بە خەونەکانیەوە شەڕی دەکرد و خۆی بۆ خەونەکانی تەرخان دەکرد. خۆشەویستی بۆ وڵاتەکەی و هەڤاڵانی خۆشەویستییەکی ڕۆحی بوو. بەڵام لەگەڵ سنوورداربوونی زانست لە سەردەمی ئێمەدا، خۆشەویستی تەنیا دەتوانێت هەستێک بێت.
لە لایەکی ترەوە عەشقە مەعنەوییەکان لە قوڵایی مێژوودا نێژراون و لە ئەفسانەدا ماونەتەوە. ئایا مرۆڤ دەتوانێت وڵاتێک یان حزبێکی تا سەرە مەرگ خۆش بوێت؟ ئایا دەتوانێت عاشقی شاخ و بەرد و خاک و ئاو و گیاندارانی وڵاتەکەی بێت؟ ئایا دەکرێت لە عەشقی هەڤاڵ ئاسۆ تێبگەین و ڕوونی بکەینەوە و بینووسینەوە؟ ئەی ئەو هەستانەی عەباس لە کاتێکدا شەڕڤانی هەڵگرتبوو، بە زانستێک کە دەڵێت هەموو شتێک دەزانێت، ڕوون دەکرێتەوە؟ ئایا بیرکردنەوە و هەست و توڕەیی ئاسۆ لە خیانەت دەکرێ پێش ئەوەی خۆی بتەقێنێتەوە وەک خۆی باس بکرێت؟
مرۆڤ هەروەک ژیان، مردنیش پێناسە دەکات. مرۆڤی ترسنۆک بۆ ڕزگاربوون لە مردن دەژی، لە کاتێکدا مرۆڤی ئازا بە نرخی مردن خۆی بۆ باوەڕەکانی تەرخان دەکات. ئەمە نهێنییەکە کە وەڵامەکەی لە کتێبەکاندا نەنووسراوە. ئەوانەی دڵیان ئەوەندە گەورەیە کە ئەزموونی بکەن، چارەسەری دەکەن نەک مرۆڤی ئاسایی. ئەوانەی دڵیان تاریکە و عەقڵیان ناتوانێ بیبینێ، قەد ناتوانن لەم حەقیقەتە نزیک ببنەوە. ئەگینا لە ئاگری گەورەیی ئەم عەشقەدا دەسووتێن. ئەوەی مرۆڤ لە دوا هەناسەیدا دەیڵێت و دەیکات، بنەڕەتیترین واقیعییەتی ژیان و تێگەیشتنی ئەوە. لە دواساتەکاندا ئەو شتانەی دەگوترێ ڕاستیەکی ڕەهایە بە دوور لە درۆ. لە دوا هەناسەیدا قووڵترین، مانادارترین و ڕاستترین ووشەی خۆی نووسی. لەسەر دیوارەکانی ئەو ماڵەی کە تێکۆشانی بۆ ئەو ڕاستیانە دەکرد کە باوەڕی پێی هەبوو ڕاستیەکەی ژیان و عەشقی خۆی نووسی و خۆی تەقاندەوە.
هەڤاڵ ئاسۆ لە بەهاری ساڵی ٢٠٢٢ بۆ گەشتێکی درێژخایەنی ئازادی ڕووی لە هەرێمی دێرسیم کرد. نەزانین و ئاشنا نەبوون بەو شوێنەی کە دەڕوات قەد نەیتوانی ڕێگە لە عەشقەکەی بگرێت.
لە ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ئاسۆ لە ماڵێکدا لە گوندی تانزیک، هەرێمی گمگم (وارتۆ) لە شاری موش گەمارۆ درا و ئاسۆ تا دوا گولە شەڕ دەکات. ئاسۆ فەرزاد لەو ماڵەی کە گەمارۆ درابوو، خۆی ڕادەست نەکرد و نارنجۆکی دەستی بەسەر دوژمندا تەقاندەوە و بە ئاگر وەڵامی داوای تەسلیمبوونی دوژمنی دایەوە. لە کاتی شەڕەکەدا دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "پەکەکەیی بوون شانازییە"، "شتێک بە ناوی تەسلیمبوون لە ئەدەبیاتی ئێمەدا نییە"، "من پەکەکەم" و "بەد ڕەوشتەکان"ی لە سەر دیواری ماڵەکەدا بە قەڵەمێکی شین دەنووسێت. لەو شوێنەی کە شەڕی کردووە پاشان ئەم دەقەی بە خوێن و نیشانەکانی گولەکانی ڕازاندەوە. کاتێک گولەی تەواو دەبێت، وەک ئەوەی شایستەی پەکەکە بوون بوو، بۆمبەکەی لە دەستیدا دەتەقێنێتەوە و لە پێناو ئەو ڕاستییەی کە باوەڕی پێی هەبوو و عەشقی ڕاستەقینەی، بەسەر مەرگدا تێدەپەڕێت. ئەگەر هەزار کتێبیش بخوێنمەوە و بە چەندین پەروەردەی ئەکادیمی تێپەڕ بکەم، ئەوەندەی نووسینەکانی سەر ئەم دیوارە ناتوانێ کاریگەری لەسەر دڵم دروست بکات.
بێگومان ئەمە ئەرکی ئێمەیە لە واقیعی کەسایەتی و ئەو هۆکارە کۆمەڵایەتیانەی کە دەبنە هۆی ئەم جۆرە چالاکیانە تێبگەین. پێویستە بە قووڵی لە چیرۆکی پشت ئەم چیرۆکە قارەمانانە تێبگەین کە بە بوێرییەکی زۆرەوە ئەنجامدراوە و ئەو بەرپرسیارێتی و ئەرکانەی کە بۆ داهاتوو دەکەوێتە سەر شانمان. ئەمە قەرزداریی ئێمەیە بە ئاسۆ کە بەقەد دڵی جوان، وەک مێشکی ئازاد، وەک زەردەخەنەکەی سادە بێت و بەقەد نیگاکانی قووڵ بێت. وەک هەڤاڵمان ئاسۆ گوتی لە ئەدەبیاتی ئیمەدا شتێک بە ناوی تەسلیمبوون نییە، هەڤاڵ ئاسۆ پەکەکەیی بموونەیەکی ئەم راستیەیە.