مێرمنداڵێک لە کاتی کۆڵبەریدا رەقبووەوە

لە ناوچەیەکی سنووریی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەرێکی مێرمنداڵ لە کاتی کۆڵبەریدا رەقبووەوە و سێ کۆڵبەری دیکەش، کە دوانیان مێرمنداڵن بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە نەوسود، مەریوان و بانە برینداربوون.

بە گوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان شەوی یەکشەممە مێرمنداڵێک بە ناوی هەستیار عەبدولکەریمی لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچەی شنووری میشیاوی سەقز بە هۆی سەرما رەقبووەتەوە و گیانی لەدەستداوە.

هەر لەو رۆژەدا کۆڵبەرێکی مێرمنداڵ بە ناوی میلاد حسێنی لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان، مێرمنداڵێکی دیکە بەناوی ئاورین حەقانی لە ناوچە سنووریەکانی بانە و کۆڵبەرێکیش بە ناوی جەمیل عەبدی لە نەوسود بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران برینداربوون.

بەم پێیە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە دوو کۆڵبەر بەتەقەی هێزەکانی دەوڵەت کوژراون و دوو کۆڵبەریش بە هۆی وەستانی دڵ و رەقبوونەوە گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم ٧ کۆڵبەریش برینداربوون.

بەگوێرەی ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، مانگی رەشەمێ ٨ کۆڵەبەر و کاسبکار لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقەی هێزەکانی دەوڵەت، کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی و رووداوی هاتووچۆ لە کاتی رۆیشتن بەرەو ناوچە سنوورییەکان گیانیان لەدەستداوە.

هەرلەو ماوەدا ٤٧ کۆڵەبەر و کاسبکاری کورد برینداربوون کە زۆرینەیان لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە کرابوونە ئامانج.

هاوکات بە گوێرەی ئامارێکی کۆڵبەر نیوز لە ساڵی رابردووی کوردیدا ٤٤٤ حاڵەتی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە ناوچە سنووریەکان تۆمار کراوە.

هـ . ب