مزگین ئامەد: بەرخودانی زیندانیان سەرچاوەی هێزە بۆ ئێمە

گەریلای یەژاستار مزگین ئامەد لەسەر بەرخودانی ١٤ی تەممووز و چالاکیی مانگرتنی زیندانیان رایگەیاند، نەریتی دێرینی بەرخودان بەردەوامە و ئەوەش بۆ ئەوان سەرچاوەى هێزە.

مزگین ئامەد گەریلای یەژاستار لەبارەی ساڵیادی بەرخودانی ١٤ی تەممووز و چالاکییەکانی مانگرتن لە زیندانەکاندا و بەرخودان لە کوردستان بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دوا و سەرنجی خستە سەر نەریتی دێرینی بەرخودان و وتی، "بەرخودانی هاوڕێیانمان بۆ ئێمە دەبێتە سەرچاوەی هێز و ورەیەکی گەورە. وەک بازنە ئێمە پێکەوە بەستراوینەتەوە، بۆیە ئێمە کاریگەری لەسەر یەکتر دەکەین.

لەبەر ئەوەش ئێمە هەست بە یەکتر دەکەین و لە یەک تێدەگەین. خۆشەویستیی ئێمە بۆ یەکتر ئێمەى لەسەر پێ راگرتووە. هەڵوێست و بەرخودانی هاوڕێیانمان لە زیندانەکاندا لە دژی پێشێلکارییەکانی بەدەر لە مرۆڤایەتیی و نائەخلاقانەى دەوڵەتی تورک هەڵوێستێکە لە دژی فاشیزم. لە ساڵانی ١٩٨٠ەوە لە زیندانەکاندا بەرخودانی مێژوویی هەیە. ئەو بەرخودانە بە کولتور و هۆشیاریی قارەمانیی ١٤ی تەممووز بە بەردەوامی لەسەر پێ ماوەتەوە و بە هەبوون و ژیانی رێبەر ئاپۆ واتادار بووە".

مزگین ئامەد سەرنجی خستەسەر بەرخودانی چالاکیی مانگرتن لە زیندانەکاندا و وتی، "بەرخودانی هەڤاڵانمان لە زیندانەکاندا بۆ ئێمە بووەتە سەرچاوەی هێزێکی گەورە. رەنگە لە رووی جەستەییەوە ئێمە لەگەڵ ئەوان نەبین، بەڵام ئێمە هەست بە یەکتر دەکەین و رۆحمان پێکەوەیە. بۆ ئازادیی رێبەر ئاپۆ بەرخودانی زیندانیان و تێکۆشانی هەبوونی گەلی کورد بەردەوامە. ئیدی کەس ناتوانێت ئیرادەی گەلی کورد تێکبشکێنێت و ناتوانێت رادەستی بکات. کات کاتی ئازادییە.

گەلە وڵاتپارێزەکەمان بە چالاکی لەسەر پێیە و پشتیوانی لە بەرخودان دەکات. ئێمەش بە ناوی گەریلاکانەوە لە چیاکانی کوردستان شەڕ دەکەین، بۆیە ئێمە برخودانی گەلەکەمان و زیندانیانی ئازادی پیرۆز دەکەین و سڵاویان لێدەکەین".

ژ.ت