ناسر سیمایی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و مامۆستای زانکۆی کۆیە لە باشووری کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لئ کاریگەریی ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە سەر کێشەى کورد و چارەسەریی ئەو کێشە و کاریگەریی لە خەباتی سەرتاسەریی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان کرد.
هەروەها لە وەڵامی پرسیارەکاندا باسی لە پارادیگما و تێزەکانی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیکی رێبەر ئاپۆ و پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و راپەڕینی ٢٢ی شوباتی ١٩٩٩ی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەی و کاریگەرییەکانی لەسەر خەباتی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد.
پێوەندیی ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجالان و ئازادی گەلی كورد چۆن دەبینن و بە بڕوای ئێوە چ كاریگەرییەكیان لە سەر یەكتر ھەیە؟
لەو روەوە کە لایەنگرانی تەڤگەری پەکەکە و خەباتی باکوور و رۆژئاوا بە تایبەت و لایەنگرانیان لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانیش گەورەترین جەماوەری پێکهاتە سیاسیەکانی ناوچەکە پێک دەهێنن مەسەلەی ئازادی ئۆجالان لەگەڵ خەباتی سیاسی و رزگاریخوازی گەلی کورددا گرێدراوییەكی توندیان هەیە و بە هەرحاڵ ئەمە نموونەیەکی مێژووییە کە دوو فاکتەر چۆن بتوانن کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەبێ لە بوارێکی وەھادا زۆرینەیی و نواندنی هێز لەلایەن تەڤگەری رزگاری خوازی گەلی کورد ئەتوانێ بە ئازادی ئۆجالان نوێنەرێکی راستەقینەی رزگاریخوازی گەلی کورد بێت.
گرنگترین خاڵی کاریگەر بۆ ئازادی ئۆجالان چیە؟ ئایا یەکگرتویی گەلی کورد لەم پێوەندیەدا پیویستیەکی سەرەکیە؟
ئەستەمە بتوانین بڵێین كە گرنگترین هۆکاری ئازادی سەرۆک ئەتوانێ چ بێت بەڵام پێکهاتەیەک لە خەباتی رۆژئاوا و بەرەو پێش چوونی ئەو خەباتە و هێزنواندنی هەروەها ئەگەر نەشتوانین بڵێین یەکگرتن لانیکەم هاو هەڵوێستیەکی زۆرینەی تەڤگەر و پارتە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و لەلایەکی تریشەوە خەباتی دەرەوە، ئەویکە هەڤاڵان لە ئەوروپا دەیکەن لە ئامریکا و شوێنەکانی تر دەتوانن بیکەن، پێکهاتەیەک لە هەموویان ئایا بتوانین بڵێین کامیان گرنگترینە ڕەنگە هەر هێزنواندنی ناوخۆ بە هاوهەڵوێستیەوە بتوانێ لەوانی تر گرنگتر بێت.
ئازادی ئۆجالان دەتوانێت چ گۆڕانکاریەک لە تورکیا و کوردستان بەدوای خۆیدا بهێنێت؟ ئایا دیموکراسی ڕاستەقینە دێتە ئاراوە؟
ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان ئاستی چاوەڕوانی خەڵک دەباتە سەرەوە، داواكارییەكانی خەڵک زەقتر و ڕەواتر ئەکات. خەڵکی چەپ و خەڵكی ڕزگاریخواز و خەڵکی مرۆڤ دۆست و ئاشتی خواز هەم لە تورکیە و هەم لە باکووری کوردستان، بەڵام ئایا سەدا سەد بتوانێ یەکلاکەرەوە بێت نازانین چونکە بواری خەباتی سیاسی و زانستی کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی بواری پێشگوویی و پێش بینی سەدا سەد نییە کە ئێمە لە پێشەوە بتوانین دەرەنجامی روداوەکان بزانین بەڵام کاریگەرییەكی هەرە گەورەی ئەبێت و خاڵێکی وەرچەرخان دەبێت لە مێژووی تورکیە و خەباتی چەپ و خەباتی کوردەکانی باکوور دا بەتایبەت و دوابەدوای ئەوە بۆ هەر چوارپارچەی کوردستان.
چەمکی دیموکراسی ڕاستەقینە گرێدراوی زۆر شتە ئایا دەوڵەت نەتەوە شتێکی ڕاستە؟ ئایا لەم مەودا ئەسڵەن دیاردەگەلێکی وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆزێک گۆرانکارییان بەسەر مەسەلەی ئازادی بەیان و تەنانەت خودی دیموکراسی هەمە لایەنەش دا نەهێناوە؟ بۆیە ناتوانین غەیب گویی بکەین لەم بوارانەدا و دەبێت چاوەڕوانی رەوتی مێژوویی رووداو و رەوتەکانی تر بکەین.
پشتیوانی و هەوڵدانی نێونەتەوەیی بەتایبەت لەلایەن کەسایەتی و چالاکوانانی جیهانی چ کاریگەریەکی لەسەر ئازادبونی ئۆجالان لەگرتوخانەی ئیمراڵی دەبێت ؟
بەڵێ پاڵپشتی نێونەتەویی بە تایبەت دەرهاتنی پەکەکە لە هەندێ لیست و هەروەها خەباتی سەلاحەدین دەمیرتاش و هەدەپە لە تورکیە ئەگەر ببێتە هۆی ئەوەی کە لە بواری نێونەتەوەی دا پاڵپشتێکی تۆکمە و پاڵپشتێکی بێ وچان وەربگرین لە هەندێ لایەنی چەپ و دیموکراسی خوازی وڵاتانی زلهێزی پیشەسازی، هەشت وڵاتە پیشەسازییە گەورەکە، دەتوانێت کاریگەری زۆری هەبێت لەسەر ئازادکردنی ئۆجالان و لۆبیەکی باش بکرێت لە وڵاتانی دەرەوە لە مەحفەلە دیپلۆماسییەكان و لە کۆڕ و كۆنفڕانسە گەورەکانی سیاسی جیھان دا.
بەبڕوای ئێوە دەستگیرکردنی ئۆجالان وهێشتنەوەی لەزیندانی تاکەکەسی بۆماوەیەکی درێژ تەعبیر لەپێشێلکردنی مافی مرۆڤ ودووڕویی دەوڵەت ودەسەڵاتدارانی جیهان نیە؟
زیندان کردنی سەرۆک بەو شێوەیە لە زیندانی ئیمڕاڵی دا بە حەقیقەت خۆی جۆرێک لە سەرهەڵدانی داعش و داعشیزمە، یانی خراپترین جۆری فاشیزم و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و پێشێلکردنی داخوازییە سەرەکییەكانی مرۆڤ کە هەموو بەهای مرۆڤایەتییە، لە هەر وڵات و بارودۆخێک کە بکرایەت، یانی بەراوەرد ناکرێ لەگەل زیندانیكردنی نیلسۆن ماندێلا، لەگەڵ زیندانی كردنی گاندی و نەھرۆ لەگەڵ زیندانی هیچ کەسایەتیەکی سیاسی و نەتەوەیی و خەباتکاری كۆمەڵایەتی، زۆر ئەستەمە بتوانین بەراوەردی بکەین. تەنانەت لەگەڵ کوژرانی گیڤارا لەگەڵ زۆربەیان دا ناتوانێ بەراوەرد بکرێ، پێشێلکاری و نامرۆیی تێیدا لە زۆربەیان زەقترە نازانم ئەوەندەی ئێمە خوێندومانە و بیستومانە یەک لە گەورەترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤە و زەقترینیان و بەرچاوترینیانە بە بەرچاوی ڕاگەیاندنەکانی جیهانەوە بە بەرچاوی تەڤگەر و پارتە سیاسیەکانی ئوروپا و رۆژهەلاتی ناوەراستەوە.
ڕۆڵی ئۆجالان لەچارەسەرکردنی پرسی کورد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا چەندگرنگ دەبینن؟
گرینگی مەسەلەی زیندان کردنی سەرۆک و ئازادبوونی لەم بارودۆخەدا ئەوەیە کە تورکیە لە حاڵەتێکی قەیرانی مەشروعیەت و سیاسی و ئابوری دایە. لە کاتێکدا کە ئەردۆغان سەرۆک کۆماری بۆ خۆیی هەژدە سال و بیست سال درێژ دەکاتەوە و لە کاتێكدا کە کور و زاوا و كەسوكاری خەریکی روتانەوەی کوردن لە تورکیە و رۆژئاوا و لە ناو سوریا و لە باشووری کوردستان. لەم کاتەدا ئازادبوونی کەسێکی وەک ئۆجالان و گەڕانەوەی بۆ چالاکی سیاسی راستەوخۆ دەتوانێت زۆر یەکلاکەرەوە بێت لە هەندێ لە هاوکێشەکانی ئەو ئاڵۆزی و داماوی و بەربەستانەی لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی ودیموکراسی لەناو تورکیە هەیە و بەشێکی دراوسێکانی گرتوەتەوە بۆیە گرنگە و یەکلاکەرەوەیە.
بۆچی پارادیگما و دونیا بینی تایبەتی ئۆجالان و هەروەها پرسی ئازادی بەڕێزیان لەئاستی نێونەتەوەیی دا گرنگی پەیدا کردوە؟
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێشتا کاریزما و قودرەت و ناوبانگی تاکەکەسی رۆڵێكی زۆری هەیە لە سیاسەتدا بۆیە ئازادکردنی ئۆجالان ئەتوانێت کاریگەرییەكی زۆری لەسەر چارەنووسی کورد بێت لەم ناوچەدا هەر چەندە دیسان دەبێت ئاماژە بدەین کە رەوتی رووداوەکان و بەسەرھاتەكان لە پێشەوە بە ئاسانی دەرناکەوێ دەبێت تۆزێک حەزەری خۆمان وەربگرین و خۆ دوور بگرین کە بە ئاسانی غەیب وێژی بکەین یان پێشگۆیی داهاتوو بکەین بەڵام کاریگەرییەكی زۆر گەورەی هەیە.
ئازادی ئۆجالان لەکۆتایهاتنی شەڕ چەندە کاریگەرە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبونی چوار دەوڵەتی ئێران و عێراق و تورکیا و سوریا توشی چ گۆڕانکاریەک دەبێت؟
لە کاتێکدا ئەم شیکاریە ئەکەین کە ئازادی ئۆجالان چ کاریگەرییەکی لەسەر جەنگەکان وپێکهاتەکانی ئەم چوار وڵاتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە ئێران و تورکیا و سوریا کە ئێمە نازانین سێ مانگی تر رەنگە ئێرانی ئێستا ئەم ئێرانە نەبێت شەش مانگی تر رەنگە عێراق ئەم عێراقە نەبێت، هیچ کامیان لە حاڵەتی سەقامگیری و ئیستقراردا نین سوریا کە هیچی دیار نیە و ھەروەھا خودی تورکیەش بەهۆی سیاسەتەکانی ئەردۆغان قەیرانی ئابوری و دابەزینی پارە و قەیرانی مەشروعیەت و ململانێ لە چەند شەڕی ئەفریقا و ئاسیا و ئەمانەدا نازانین سێ مانگ، شەش مانگی تر چیان بەسەردێت بەتایبەت ئێستا مەسەلەی ئۆکراین و هەندێ مەترسی شەڕی نێونەتەوەی گەورە و شەڕی ئەتۆمی هەیە بۆیە هیوادارین کە سەرۆک ئازاد بێت و کاریگەری باشی هەبێت.
بیرۆکەی تێزی ئۆجالان لەچوارچێوەی کۆنفیدڕاڵیزم و نەتەوەی دیموکرات لەڕۆژهەڵاتی ناوین و هەمو جیهان بۆتە جێگەی مشتومڕ وموناقەشە، بۆچی ئەم شێواز و سیستەمە بەم شێوە و تا ئەم ئاستە کاریگەربووە؟
فەلسەفەیەک کە ئۆجالان باسی دەکات لە کاتێکدایە کە هەم فەلسەفەی شیوعیەت و مارکسی خۆی نەگرتوەتەوە لە پاش رووخانی سۆڤییەت و گۆڕانی هاوکێشە ئابورییەکانەوە ماوەییەک زەربەیەکی گەورەی لێکەوت و ئەو رەوایی و پەسەندکراویە نێونەتەوییە و جەهانییەی خۆیی زۆر لاواز بویەوە هەر چەند خەریکی هەڵکشانە ئێستا هەندێ لە بیردۆزەکان روو لە هەڵکشانن مەسەلەی کۆرۆنا بووە ئەوەی چینی هەژار و کرێکار باشتر لەبارودۆخی یەکتر و خۆیان تێبگەن ئەگەری زۆرە لەمەشدا گۆڕانگاری گەورە روویدابێ بەڵام هێشتا ئاسۆکەی زۆر دیار نییە، و لە حالێکدا سەرمایەداری ململانێ لەگەڵ قەیرانگەلێکی ئابوری و ئەخلاقی و حقوقی و ئەوانەدا دەکات فەلسەفەی نەتەوە و دەوڵەتی دیموکراتیک کە سەرۆک پەرەی پێدەدات و رەخنەی لێ دەگرێ و دروستی دەکاتەوە، ئەتوانێت کلیلی زۆر لەم بەربەست و ئالۆزیانە و ئەو پرسیارە وەڵام نەدراوانە بێت لە بواری سیاسی و زانستی کۆمەڵایەتی مرۆڤایەتیدا و تەقریبەن جۆرێکە لە چەپی مۆدێرن کە پێشتریش ئێمە هەندێ لە هەوڵ و کردارەکانی وڵات گەلێکی ئیسکاندیناڤیا وەک سوئێد و سویس و دانمارک کە ئەوانە لە پێناو ئەوەدا پێشەکییەکیان دەست پێ کردبوو و حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئوروپا تا حەدێ کوڵاندبویان تا حەدێ، ئەگەر ئۆجالان داهێنانێکی گەورەی لەمەدا کردبێ و دیسان تازەی کردبێتەوە و جل و بەرگێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بکاتە بەری کارێکی زۆر گەورەی کردوە و ئەگەری زۆرە دەرەنجامی گەورەی بێ بۆ هەموو ناوچەکە و پاشان بۆ وڵاتانی تریش.
گۆڕانکاریەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە گیرۆدەی قەیرانگەلێکی جیاوازە، تا چ ئاستێک لە ئازادی ئۆجالان و چارەسەری کێشەی کورد ئەتوانێ سود وەرگرێ؟
ئازادی ئۆجالان سودێکی تایبەتی هەیە بۆ هەموو ئێران. ئێران تێدەگات کە مەسەلەی کورد و مەسەلەی خەباتی چەپ و دیموکراسی خواز و ئاشتی خواز شتێکی جدییە، هەتا ئێستا ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە کاریزمایەکەوە، بە بەرێوبەرێکی ناسراو ئەو شتەی نەسەلماندوە. هەرچەند ئۆجالان نابێتە رەهبەر بۆ گەلانی ئێران بەڵام بە هەرحاڵ ئەوان تیشک و بروسکێکی گەورە لەم بابەتەیان پێدەگات و دەکەونە سەر لەرزین و پێداچوونەوە لەسەر خەباتی خۆیان و کرداری خۆیان، ھەم دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی و ھەم ئوپۆزیسیۆنی ئێرانیش و تێدەگەن كە مێژوو ئەوان ناینوسنەوە مێژوو خەباتی گەل و هزری رێكخەری ئاشتیخوازی و ھێزی رێكخەری دیموكراسی راستەقینە ئەینوسێتەوە. هەروەها بۆ رۆژهەڵاتی کوردستانیش متمانە بەخۆ بوون دەگەرێنێتەوە ئەو شوناسەی كە چەند ساڵە دروستبووە نوێ سازی ئەکرێت. ئەتوانین بڵێین بەهاری دیموکراسی و بەهاری ئاشتیخوازی و بەھارێكی شوناسخوازی کە گەلی کورد بە زمان و کەسایەتییەکانی خۆیەوە شانازی ئەكات، و ئەو بەهارە روودەدات و گۆڕانکاری گەورە دەبێ بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و بۆ هزری سیاسی لە پایتەختی ئێراندا.
ڕاپەڕینی ٣ی ئیسفەندی ساڵی ١٣٧٧ (٢٢ی شوباتی ١٩٩٩) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چ گۆڕانکاریێکی لە تێکۆشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساز کرد؟
چالاکی و بزوتنەوەکانی ٣ی ئیسفەندی ١٣٧٧ و تەقریبەن ئەتوانم بڵێم چەند مانگ و دوو سێ ساڵ پێش ئەوە و ئەوەی كە دوای ئەویش تا چەند مانگێك لە رۆژھەڵاتی کوردستان رویدا لە پەیوەندی لەگەڵ گیرانی سەرۆک و ئەو نا رەزاییەتیانەی دەربڕدرا و بە بۆنەی ئەوەوە داواکارییە رەواکانی کوردی رۆژھەڵات ھەڵکشا بۆ ئاستێکی زۆر بەرز و پێکھاتەییەکی زۆر بەقوەت تر ئەمە تایبەتمندی خۆی ھەیە ئەویش ئەوە بوو کە تێیدا بۆ یەکەم جار ئەمان بینی کە یەکگرتووییەک و ھاوھەڵوێستییەک ھەیە نەک یەکگرتوی، لە ناو گەلی کورددا تەنانەت ھەندێک لە حیزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان کە حەزیشیان بەم بەزمە نەدەکرد و رەنگە دژیشی وەستان و تەنانەت راگەیاندنیان دا لە میدیاکانی خۆیاندا بەڵام خەڵکی لایەنگری ئەوان ڕژایە سەر شەقام. ئەمە ھاودڵیێكی گەورەیە بۆ گەلێك کە حیزبی ٧٠ ساڵەی ھەیە و بەتایبەت لە سەروبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا گۆڕانکاری بەسەر ریژیمدا ھات خەڵک تەجروبەی زۆریان بوو ھەموو ئەوانەیان نوێ سازی کردەوە لە ٣ی ئیسفەند دا. پێم وتی لە پاشخان و لە رووداوەکانی دوای ئەویش دا، لە ھەڵوێستەكانی دوای ئەویش دا ھەتا ئەوەی لە سەر ئیعدامكردنی شەھید کەمانگەر بازاری سنە دەبەسرێت و ئەمە ھەمووی لە بەر راھێنانی کۆمەلێک گەنج و کۆمەڵە خەلکێکی سیاسی کە لەسەر ھزر و خەباتکاری و کردارە سیاسیەکانی ئۆجالان و کۆنسەی سەرۆکایەتی، و ھەروەھا ئەمە بوو ھۆی ئەویکە بۆ یەکەم جار یەک دەنگییەکی زەق و ئاشکرا و زۆر رەوا کە بەڕاستی دەسەڵاتی سیاسی ئێرانی ترساند و تەنانەت ھەندێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیشی ترساند لەوەی کە گەلی کورد بە ھزری ئاشتیخوازانەی نوێوە بە داواکاری رەوای زۆر تۆکمەترەوە بە توانایەکی زۆرە و ئەتوانێ لە ھەندێ بارودۆخدا بە یەکگرتوی بێتە سەر شەقام و بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە و مەدەنی و ئەگەر پێویست کرا بە شێوەیەکی توندوتۆل و بە شێوەی تەنانەت گۆڕانخوازی خێرا بتوانێ ھەڵوێستی خۆی دەربڕێ. ئەم بوارە ئەتوانێت وێڕای ئەوەی كە شەھید و بەندکردنیش لێکەوتەوە بەڵام وەک جەژنێکی نەتەوەیی بۆ رۆژھەڵاتی کوردستان گرنگییەکەی وەک نەورۆزێکی نوێیە وەک ئەوەی خەلک توانیبێتیان بە شێوەیەکی نوێ بەرامبەر زوحاکێکی ستەمکار ھەڵوێستێكی نوێیان وەرگرتبێت.
ژ.ت