فەرماندەیی بڕیارگەى ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) بۆ گەریلاکانی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، چاوەڕێی هێرشی دەوڵەتی تورک بووین. راشیگەیاند، "ئەم شەڕە لە نێوان ئێمە و دوژمنەدا لە بەرزترین ئاستدا دەبێتە گۆڕەپانی لێپرسینەوە و حساب خواستن".
نەپەگە ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر دەوڵەتی تورک لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشین ئەنجام بەدەست نەهێنێت ئەوە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەى ئەنقەرە و وتی، "بۆ ئەوان لەو ئاستەدا بابەتێکی گرنگە. راستییەکی وەها هەیە: بۆ رژێمی ئاکەپە – مەهەپە ساڵی ٢٠٢١ ، یانی شەڕی ئەمساڵ شەڕی مان و نەمانە. ئەگەر سەربکەون ئەوە دەمێننەوە و ئەگەریش سەرنەکەون ئەوە بە دڵنیاییەوە لەبەریەک هەڵدەوەشێن".
نەپەگە رایگەیاند، نایانەوێت لەم شەڕەدا تەنها بەرگری بکەن و وتی، "ئێمە دەمانەوێت دوژمن تێکبشکێنن و سەرکەوتن مسۆگەر بکەین" و ئەم بانگەوازەیانکرد، "بەشێوەی نەتەوەییانە لەدژی ئەم داگیرکەرییەى دەوڵەتی تورک بوەستینەوە. بەرخودانێکی نەتەوەیی بکەین. نەوەتەوەکەمان پێویستی بەوەیە".
خاڵە بنەڕەتییەکانی پەیامی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە):
"دەبێتە گۆڕەپانی لێپرسینەوە"
"هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین هێرشێکی ئاسایی نییە. بەرزترین ئاستی سیاسەتی پاکتاوکردن و لە ناوبردنە لە دژی گەلەکەمان. هەر خۆی ئێمە چاوەڕێی ئەم هێرشە بووین. دوای تێکشکاندنە قورسەکەیان لە گارە، ئێمە باش دەمانزانی دەوڵەتی تورک بۆ تۆڵەکردنەوە هێرشێکی نوێ ئەنجام دەدات. لەسەر ئەو بنەمایە زانیاریی هەواڵگریمان لە بەردەستدا بوو، بۆیە لە ئاستێکدا ئامادەکاریمان هەبوو. ئەو هێرشەی دوژمن لە نێوان ئێمە و دوژمندا لە بەزرترین ئاستدا دەبێتە گۆڕەپانی لێپرسینەوە و حساب خواستن".
ئامانجەکانیان...
بێگومان ئەو هێرشە داگیرکەرییە بە رەزامەندی و پشتیوانیی هێزە پیلانگێڕەکان پێکهاتووە. ئەگەر ئەوان رەزامەندییان نەدایە، ئەستەم بوو لە خاکی عێراقدا لەو ئاستەدا جموجوڵی فڕۆکە و بۆردومان ئەنجام بدرایە. سیاسەتی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی بزووتنەوەکەمان هێشتا بەردەوامیی هەیە. دەوڵەتی تورکی داگیرکەری پاکتاوکار لە رێگەى ئەم هێرشەوە دەیەوێت پیلانگێڕیی نێونەتەویی سەربخات و لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ئەنجام بە دەست بهێنێت. دەیەوێت لە رێگەى ئەو هێرشەوە تۆڵەى تێکشکاندنەکەى خۆی لە گارە بکاتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە دەیەوێت کۆتایی بە ورە روووخاوی، شپرزەیی و لاوازیی خۆی بهێنێت.
لە پرۆژەکەیەدا بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان دەیەوێت هەنگاوێکی گرنگ بهاوێژێت، ستراتیژترین شوێنەکان داگیر بکات و سبەی پلانی خۆی لەسەر باشووری کوردستان و ناوچەکەش جێبەجێ بکات و لە سەنگەرە گرنگەکاندا خۆی جێگیر بکات. بۆ ئەوەش دەیەوێت سەرەتا هەموو گەلی کورد پاکتاو بکات و لە ناویان ببات. ئەوە بەرنامەی ئەوانە. ئەگەر رژێمی ئاکەپە – مەهەپە و ئەرگەنەکۆن بتوانن ئەم قۆناغە بۆ خۆیان سەربخەن، ئەوا دەتوانن تەمەنی خۆیان درێژ بکەنەوە و بە داگیرکردنی سنوورەکانی پەیمانی نەتەوەیی (میساقی میللی) دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر گەلانی ناوچەکە. بە خەون و خەیاڵی نیو عوسمانیانەیان زۆر زیاتر پەلاماری ئیرادەی خەڵکی عەرەب دەدەن و سیاسەتی هەژمونگەرایانەى خۆیان بەڕێوەدەبەن.
"ئەگەر سەرنەکەون بە تەواوەتی هەڵدەوشن"
رژێمی ئاکەپە – مەهەپەی فاشیست ئەمڕۆ لە قەیرانێکی زۆر گەورە و قورس و قوڵدایە. زۆر لاواز بووە، لە لێواری هەڵوەشاندایە، بەڵام ئەو رژێمە دەیەوێت هاوپەیمانی، سیاسەت و هەبوونی خۆی لەسەر لەناوبردن و سڕینەوە بونیات بنێت و بەو شێوەیە مانەوەی خۆی هەمیشەیی بکات. ئەگەر بتوانن سیاسەتی پاکتاوکردن لە تەواوی کوردستاندا سەربخەن و تورکیا گەورە بکەن و بیگەیەننە قۆناغێکی نوێ، ئەوا رژێمە خۆی بە هەمیشەیی دەکات، بەڵام ئەگەر نەتوانێت لەو پلانەیەدا سەربکەوێت، ئەوا بە تەواوەتی تێکدەشکێت و خۆشیان باش ئەوە راستییە دەزانن، بۆیە هەرچەند لاوازیش ببن، هەموو شتێک لە شەڕدا خەرج دەکەن و هەوڵ دەدەن بە شەڕ ئەنجام بەدەست بهێنن. ئەگەر لە شەڕ لە دژی گەریلا بتوانن ئەنجام بە دەست بهێنن، ئەوا درێژە بە مانەوەی خۆیان دەدەن، بەڵام ئەگەر نەیانتوانی ئەنجام بە دەست بهێنن ئەوا بە تەواوەتی لەبەر یەک هەڵدەوەشێن. شکست و هەڵوەشاندنەوەیان لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا بۆ ئەوان تەنها تێکشکاندن نییە لە بەرەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا، بەڵکو دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەى ئەنقەرە. یانی رژێمی ئەنقەرە هەڵدەوەشێتەوە. بۆ ئەوان لەو ئاستەدا بابەتێکی گرنگە. راستییەکی وەها هەیە: بۆ رژێمی ئاکەپە – مەهەپە ساڵی ٢٠٢١ ، یانی شەڕی ئەمساڵ، شەڕی مان و نەمانە. ئەگەر سەربکەون ئەوا دەمێننەوە و ئەگەریش سەرنەکەون نامێنەوە و هەڵدەوەشێنەوە.
"ئێمە نامانەوێت تەنها خۆمان بپارێزین، ئێمە دەمانەوێت سەرکەوتن مسۆگەر بکەین"
ئەو راستییە بۆ ئێمەش دەبێت. ئێمەی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، ئەگەر ئەو هێرشەى دەوڵەتی تورک تێکبشکێنین ئەوا ئەو کاتە ئێمە سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین. ئێمە بۆ بزووتنەوەکەمان، بۆ گەلەکەمان، رێبەرەکەمان و هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئازادی و دیموکراسی بەدەست دەهێنین، بەڵام ئەگەر ئێمە وەڵامی پێویست بەو هێرشانەی دوژمن نەدەینەوە، ئەوە بۆ گەلەکەمان دەبێتە سەرەتای لە ناوبردن. بۆ گەلانی ناوچەکەش دەبێتە سەرەتای سەردەمێکی تاریک. بۆ ئێمە لەو ئاستەدا ستراتیژیک و گرنگە. لەبەر ئەوەش دەبێت ئێمە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان ئاگاداری ئەو راستییانە بین. ئەو شەڕەى کە ئەمساڵ روودەدات، بە تایبەتیش شەڕی ئێستا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بۆ ئێمە سەرەتایەکی زۆر گرنگە. ئێمە نامانەوێت لەم شەڕەدا تەنها خۆمان بپارێزین، ئێمە دەمانەوێت دوژمن تێکبشکێنن و سەرکەوتن مسۆگەر بکەین. بۆیە دەبێت ئێمە ئاگاداری گرنگیی ئەم قۆناغە ببین و بۆ سەرکەوتنی بەرخودانی مێژوویی و پیرۆزیمان دەبێت هەوڵ و فیداکاریی پێویست ئەنجام بدەین. دەبێت ئێمە بە دڵنیاییەوە وەڵامی پێویست بە دوژمن بدەینەوە. ئێمە بۆ سەرکەوتن بە ئەندازەی پێویست دەرفەت و توانای پێویستمان هەیە. لەسەر بنەمای ئەزموونەکانمان، ئاستی سەرلەنوێ بونیادنانەوەى گەریلا، دەرفەت و تواناییەکانی ئێستامان بەشی ئەوە دەکات، کە تەکنەلۆژیا و هەواڵگریی دوژمن پووچ بکەینەوە. ئێمە دەتوانین دوژمن تێکبشکێنین.
"دەمانەوێت لە ساڵی ٢٠٢١ دا ئەنجام بە دەست بهێنین"
ماوەیەکی دوور و درێژ ئێمە گفتوگۆمان دەکرد، کە چۆن دەتوانن ئەنجامی بدەین و پێکبهێنین. رێنماییەکان بە روونی دیارن. بە شەڕی گەریلایی نۆژەن، بە گەریلای مۆدێڕنیتەى دیموکراتیک، بە پسپۆڕی لە شەڕەدا، بە شێوازی تیم، لەگەڵ ئەوەشدا بە شەڕی تونێلەکان، یانی شەڕ لە ژێر زەویدا، ئێمە دەتوانین هەموو هێرشەکانی دوژمن پووچ بکەینەوە، بە تاکتیکە دەوڵەمەند و بەهێزەکانمان، بە بەکارهێنانی گۆڕەپانەکان بە شێوەیەکی قوڵ و بەرفراوان، دەتوانرێت گورزی پێویست لە دوژمن بدرێت و ئێمە دەتوانین دوژمن بەو شێوەیە تێکبشکێنین. وەک لە شەڕەکانی ئەم ساڵانەی دوایدا ئەنجامماندا و ئەوەى خستەمانە بەرچاو، ئەگەر ئەنجامیان بدەین ئەوا ئێمە سەردەکەوین. ئەو دوا شەڕانەى لە حەفتانین و گارە ئەنجامدران، ئەو راستییانەى زۆر زیاتر بۆ روونکردینەوە. دەبێت گرنگی بەوانە بدەین. گەریلاکانی سەردەمی نوێ ئازایانە، فیداکارانە، بە هۆشمەندیی ئاپۆیی، بە تاکتیک و شێوازە جۆراوجۆرەکان، بە رۆحی فیدایی ئاپۆیی دەجوڵێنەوە. ئەگەر لە تاکتیک و تەکنیکدا ئافرێنەری مرۆڤ بەهێز بکرێت، بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین. فەلسەفە، رۆح و ئازایەتی و چاونەترسیی ئاپۆیی ئەو هێز و تواناییەی بە ئێمە داوە، کە دەتوانین ئەوە ئەنجام بدەین. ئێمە دەمانەوێت لەسەر بنەمای بڕیاردان و پێداگرییەکی بەهێز و گەورە لە ساڵی ٢٠٢١دا ئەنجام بەدەست بهێنین. کات کاتی ئازادییە! کات کاتی ئازادیی رێبەر ئاپۆیە. ئازادیی رێبەرمان بە بەرخودانی گەل و گەریلا پێکدێت.
"ئەو هێرشە لە دژی هەموو گەلی کوردە"
لەلایەکی ترەوە، ئەوانەى دەڵێن، "هێرش بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، بۆ سەر ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا، تەنها هێرشێکە لە دژی پەکەکە و گەریلا"، یان لە رووی سیاسییەوە قوڵ نین، یان بە ئەنقەست نایانەوێت ئەو راستییە ببینن. لە هەموو روویەکەوە ئاشکرا بووە، کە ئەو هێرشە لە دژی هەموو گەلی کوردە. لە پێش هەموانەوە دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان و دەستکەوتەکانی هەموو گەلی کورد لە ئامانجی دەوڵەتی تورکی فاشیستدایە. لەسەر ئەو بنەمایە لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا دەجوڵێنەوە. دەوڵەتی تورک لەسەر ئەو پرۆژە رێککەوتنی ناوخۆیی بۆ خۆی دروستکردووە. ستراتیژیاکەشیان ئەوەیە: سەرەتا پەکەکە و گەریلا، کە لەمپەری بەردەمیانن لە ناو ببن و پاکتاویان بکەن. بۆ ئەوەى ئامانجەکەى خۆیان بچووک بکەنەوە ، سەرەتا گەریلا دەکەنە ئامانج و بەو شێوەیە دەجوڵێنەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا دەیانەوێت هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ناو ببەن.
"لە دژی داگیرکەری بەرخودانی نەتەوەییانە دەکەین"
بۆیە ئێمە ئەم بانگەوازەمان هەیە: بە شێوەی نەتەوەییانە ئێمە بەرامبەر ئەو داگیرکەرییەى دەوڵەتى تورک دەوەسیتنەوە. ئێمە بەرخودانی نەتەوەییانە دەکەین. پێویستیی نەتەوەکەمان بەوەیە. گەلەکەمان پێویستە لەو چوارچێوەیەدا لە وڵات و دەرەوەی وڵات بڕژێنە گۆڕەپانەکان، پشتوانی لە بەرخودانی گەریلا بکەن و لە هەمان کاتدا دەبێت هەڵوێستی نەتەوەییانەی خۆیان نیشان بدەن. ئێمە سڵاو لە هەموو ئەو چالاکوانانە دەکەین، کە دەیانەوێت لەو چوارچێوەیەدا کار بکەن و هەوڵ بدەن. دەبێت هەموو کەس وتە و چالاکییە نەتەوەییەکانی بەهێز بکات. نزیکایەتی و هەڵسوکەوت لە دەرەوەی ئەوە خزمەت بە بەرخودانی گەریلا و نەتەوەی کورد ناکات. بۆیە هەڵوێستی لایەنەکان چی دەبێت با ببێت، ئێمەى گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە بڕیار و پێداگرین، بە رێنماییەکانی رێبەر ئاپۆ وەڵامی پێویست بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکی پاکتاوکار دەدەینەوە و سەردەکەوین. ئێمە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لەم کاتە مێژووییەدا بەرپرسیارییەکی گرنگ و مێژوویمان لەسەر شانە. ئێمە خاوەنداری لەو ئەرکە مێژوییە دەکەین. بە ناوی گەریلا فیداییەکانی ئاپۆییەوە ئەوە بەڵێن و پەیمانمانە. با گەلەکەمان هەرگیز لەوەدا گومانی نەبێت و با بە بڕیار و پێداگر بن. ئێمە هیودارین هەموو کەس لەسەر بنەمای هەموو ئامانجە پیرۆزەکان دەجوڵێنەوە و ئەوەی پێویستە ئەنجامی بدەن.
یەک نا، ٣ - ٤ گارە!
ئەنجامی گرنگی ئەو بەرخودانە مێژووییە لە ماوەی ٤ رۆژدا روون بوویەوە. وەک دەزانرێت بەرخودانی گارە چوار رۆژ بەردەوامیی هەبوو، ئەنجامی گرنگ بە دەستهاتبوو و دوژمن تێکشکا. شەڕی ئێستا کورت ماوە نابێت و درێژخایەن دەبێت. رەنگە بە درێژایی ئەمساڵ بەردەوامیی هەبێت. لەبەر ئەوەش ئەم شەڕە کورتخایەن نابێت و درێژخایەن دەبێت و دەرەنجامەکانیشی گەورە دەبن. سەرفیرازیی گارە گورزێکی گەورەی لە دوژمن دا، بەڵام بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو رژێمە فاشیست و پاکتاوکارە تەنها گارەیەک بەش ناکات. دەبێت وەک گارە ٣-٤ سەرفیرازیی تر هەبێت. یەک نا، بەڵکو ٣-٤ گارە! ئەوەتا ئیستا دیارە قارەمان و پاڵەوانەکانی شوێنی مێژوویی زاگرۆس دەستبەکار بوون. سەرفیرازیی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا رووخان و تێشکاندنی دوژمن تەواو دەکات. هەر خۆی رۆڵ و ئەرکی بەرخودانی ئەو هەرێمانە هەر ئەوەیە. یانی سەرفیرازیی گارە دروست دەبێتەوە و بەو شێوەیەش ئەنجام بە دەست دێت.
پێرفۆرمانسی چوار رۆژی سەرەتای شەڕەکە وەک شەڕی گارەیە
کاتێک مرۆڤ سەیری پیرفۆرمانس (ئەدا و لێھاتوویی) چوار رۆژی سەرەتای شەڕەکە دەکات، ئەنجامی ئەو ٤ رۆژە، کە بە رەنجی شەهیدانی قارەمان و هاوڕێیانمان ئافرێنراوە بووەتە بناغەى سەرفیرازییەکی گەورە. هاوڕێیانمان تاکتیەکانی سابوتاژ، نیشانەشکێنی، گورزلێدان و چوونە سەریان و دەستەویەخەبوون لەگەڵیان پێکهێناوە. بە تایبەتی لە ئاڤاشین چالاکیی سەر شاخی پیرامیت چالاکییەکی زۆر سەرکەوتوو بوو. ئێمە هەموو ئەو هەڤاڵانەى کە بەشداری ئەو چالاکییە بوون و رەنجیان تیادا دا پیرۆز دەکەین. بەبێ ئەوەى هیچ زیانێک بدەن ئەو دوژمنانەیان پاکتاو کرد و چوونە سەر تەرمەکانیان و چەکەکانیان هەڵگرتن. لەوێ تاکتیک و شارەزایی و لێهاتوویی هەیە.
هەروەها لە ماوەی ئەو ٤ رۆژەدا بەرخودان لە شاخی شەهید سەردار و مام رەشۆ بەرخودانی گرنگن، کە هێژای پیرۆز کردنن. هەموو هاوڕێیان، کە لەو بەرخودانەدان و رەنجیان داوە پیرۆز دەکەین. لە ناوچەى مەتینا لە گۆڕەپانی زەندورا بە هەمان شێواز و بەپێی تاکتیکی هاوچەرخ ئەنجامێکی گرنگ بە دەستهات. هەموو هاوڕێیانی بەشداربوو لە بەرخودانی زەندورا پیرۆز دەکەین و سەرکەوتنی گەورە بۆ هەموو هاوڕێیان دەخوازین.
لە ئاڤاشین چوار هاوڕێی قارەمانمان لە دژی دوژمن بەرخۆدانی مێژوویی بێ وێنەیان نیشاندا، کە دوژمن دەیخواست لەوێ خۆی جێگیر بکات، ئەو هاوڕێیانە، هاوڕێ ئەکین، چیاگەر، دڵشێر و ئاسیا بوون، کە بە قارەمانی شەڕیان کرد و قارەمانانە شەهید بوون، بۆیە بە رێزەوە یادیان بەرز رادەگرین. شەهیدانی یەکەمی بەرخودانی مێژووین. بە فیداکاری، رۆح و بەرخودانێک، کە لە خۆیان نیشاندا هەموو کات وەک نمونە دەبینرێن و دەبنە بناغەى بە دەستهێنانی سەرفیرازی. ئێمە ئەو بەڵێن و پەیمانەى بەوانمان داوە دووبارەی دەکەینەوە. ئێمە تاوەکو دوا هەناسەر لەسەر هێڵی شەهیدان دەبین و نوێنەرایەتییان دەکەین.
"بەرخودانی ئێمە لەم سەردەمە مێژووییەدا بەرخودانی هەموو گەلی کوردە"
بەرخودانی ئێمە لەم سەردەمە مێژووییەدا بەرخودانی هەموو گەلی کوردە. بەرخودانی ئێمە بەرخودانی دیموکراسی و ئازادیی گەلانی ناوچەکەیە. بەرخودانی ئێمەیە بۆ ئازادیی رێبەر ئاپۆ و کوردستان. ئێمە تەنها ئەو شەڕە بۆ ئەوە ناکەین، کە خۆمان و ناوچەکانمان لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بپارێزین، بەڵکو ئێمە بۆ ئەوەى دوژمن تێکبشکێنین و دەرەئەنجامی گرنگ بە دەست بهێنین ئەو بەرخودانە پیرۆزە ئەنجام دەدەین.
لەم سەردەمە مێژووییەدا ئێمە کچان و کوڕانی کوردستان و گەلانی ناوچەکە بۆ ئازادی، دیموکراسی، بۆ ئەوەى رێگری لە پاکتاوکردن و سڕینەوە بکەین، بۆ هەبوون و ژیانێکی شکۆمەندانە ئەو شەڕە پیرۆزە مێژووییە ئەنجام دەدەین. ئەمڕۆ هەموو گەلانمان و جیهان سەیرمان دەکەن. دەبێت بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە بە بەرخودانێکی قارەمانانە وانەیەکی گرنگ بە دەوڵەتى تورکی پاکتاوکەر بدەین، کە جەلادێکی فاشیستە. ئەوانە جەلادی گەلن، خوێنمژن و خوێن دەخۆنەوە. بە رژاندنی خوێن و شێوازەکانی پاکتاوکردن و سڕینەوە دەیانەوێت دەسەڵاتی خۆیان لەسەر پێ بهێڵنەوە. بێگومان بەرخودان لەم سەردەمە مێژووییەدا لە دژی ئەو فاشیزمە دڕەندە داگیرکەرەی تورک زۆر واتادار و پیرۆزە.
لەو چوارچێوەیەدا بەرخودانی پیرۆز، کە هاوڕێیانمان بە رۆحی فیدایی ئاپۆیی ئەنجامی دەدەن سەرکەوتنی گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێت و لە دامێنی چیاکانی زاگرۆس مێژووی نوێ دەنووسرێتەوە و رێکردنی رێگای ئازادیی سەردەکەوێت".
ژ.ت