نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی شەنگالی کرد

جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، سەردانی شەنگالی کرد و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی شەنگال کۆبوەوە، نوێنەرانی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال، داواکارییەکانیانی بۆ خۆبەڕێوەبەریی شەنگال خستەڕوو.

جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، سەردانی شەنگالی کرد لە ناوەندی لیوای ٢٠ی سوپای عێراق لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی شەنگال کۆبوونەوەیەکی سازکرد.

لە کۆبونەوەکەدا سێ بابەتی سەرەکی تاوتوێ کران: لەوانەش ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر لەسەر شەنگال، گەڕانەوەی کۆچبەرانی ئێزدی بۆ شەنگال و دابینکردنی خزمەتگوزاریی بوو بۆ شەنگال.

دەربارەی کۆبوونەوەکە فارس حەربۆ، وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی خۆسەریی شەنگال قسەی کرد و وتی: “نوێنەری یوئێن ئەمڕۆ سەردانی شەنگالی کرد، هەموو لایەنە سیاسییەکان لە دانیشتنەکەدا ئامادە بوون وەک ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری و پارتی ئازادی دیموکراتیک (پادێ) ئێمەش بەشداری دانیشتنەکە بووین لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر ڕێککەوتنی شەنگال و باس لەوە کرا کە ئەو ڕێککەوتنە لە بواری پراکتیکیدا جێبەجێ نەکراوە.

وتیشی: لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەیان خستوەتەڕوو کە دۆخی شەنگال پێش ڕێککەوتنی سەر شەنگال ئارام بووە و کۆچبەرانی شەنگال زیاتر دەگەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان،  ڕاشیگەیاند، کە ئەوان بۆ خۆسەریی شەنگال و داواکارییەکانی شەنگالییەکان، داواکارییەکنیان پێشکەشی نوێنەری یوئێن کردووە.

ف.ق