نەورۆزی چەولیگ: ئەو یاسایەی دان بە شوناسی ئێمەدا نانێت، ناچار بە گۆڕانکارییە

چیدەم کلچگون ئوچار لە مەراسیمی نەورۆزدا قسەی کرد و وتی: "ئەو یاسایەی دان بە گەل و شوناسی ئەم وڵاتەدا نانێت دەبێت بگۆڕدرێت."

مەراسیمی نەورۆز لە چەولیگ بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بەڕێوەچوو. هاوڵاتیان بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد وبۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ئاهەنگیان گێڕا و سەمایان کرد. جۆش و خرۆشی هاوڵاتیان بە هاتنی هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، چیدەم کلچگون ئۆچار زیاتر بوو. جەماوەر بەردەوام دروشمی "بژی ڕێبەر ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ"یان وتەوە.

ئاهەنگەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدان دەستی پێکرد. سەرەتا عومەر فاروق هولاکو پەرلەمانتاری چەولیگ قسەی کرد و ڕایگەیاند نەورۆزی ئەمساڵ نەورۆزی ئاشتی و ئازادییە. دواتر سەرنجی بۆ بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە ئەم بانگەوازییە تەنیا بۆ گەلی کورد نییە بەڵکوو بۆ هەموو گەلانە. ئێمە بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی خۆمان بەرامبەر بەو بانگەوازیە درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین.

هەروەها چیدەم کلچگون ئوچار، هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، ئاگری نەورۆزی داگیرساند. جەماوەر لە دەوری ئاگرەکە کۆبوونەوە و دروشمی "بژی ڕێبەر ئاپۆ"یان وتەوە. دواتر هونەرمەندان بەرهەمەکانیان پێشکەش کرد و جەماوەر دەستیان بە ئاهەنگ گێڕان کرد.

لە کۆتاییدا چیدەم کلچگون ئۆچار وتارێکی پێشکەش کرد و وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز وتی: "وا ١٠٠ ساڵە هەوڵی یەکسانکردنی ئەم وڵاتە دەدەن. بەڵام ئەم عەقڵیەتە ناتوانێت مرۆڤ بەرەو هیچ دەرەنجامێک ببات. لە بانگەوازی ٢٧ی شوباتی بەرێز ئۆجالاندا سەبارەت بە دەوڵەمەندی ئەم وڵاتە و مێژوو و تێکۆشانمان ئاماژەی پێکراوە. هەمووان بە تایبەت گەنجان دەبێ لەو بارەوە بەرپرسیار بن. ئێمە بە بانگەوازییەکەی بەڕێز ئۆجالانەوە، دەچینە ناو سەردەمێکی نوێیەوە."

چیدەم کلچگون لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوشدا: "ناکرێ لە لایەک گفتوگۆ هەبێت و لە لایەکی ترەوە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندان بهێڵنەوە. ئەمەش پێچەوانەی ڕاستی سروشتە. ئەو یاسایانەی کە گەلان و شوناسی ئەم گەلە قبوڵ ناکەن، ناچار دەبێت بگۆڕدرێن. ماف و سیاسەتێکمان پێویستە کە هەموو گەلان بگرێتەوە. بۆیە دەبێت 'مافی هیوا' جێبەجێ بکرێت. ئەم نەورۆزە دەبێ ببێتە هۆی ئازادیی هەموو هەڤاڵانی زیندانیمان، بەتایبەتی دەبێت بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکرێت. ئەم وڵاتە پێویستی بە سیاسەتی دیموکراتیک و کۆمەڵگەیەکی دیمۆکراتیکە. دیسان نەورۆزتان پیرۆز بێت."