لە ئامەد پانێڵی 'مافی هیوا' بەرێوە چوو

پارێزەرانی ئازادی (OHD) و فیدراسیۆنی کۆمەڵەی یاسایی و هاوکاری بنەماڵەی زیندانیان و سزادراوان (MED TUHAD-FED) لە ئامەد لە ژێر ناوی 'کۆمەڵگەی دیموکراتیک و مافی هیوا' پانێڵێکیان بەڕێوە برد.

لقی ئامەدی پارێزەرانی ئازادی (OHD) و فیدراسیۆنی کۆمەڵەی یاسایی و هاوکاری بنەماڵەی زیندانیان و سزادراوان (MED TUHAD-FED) بەناونیشانی "بانگەواز بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتیک" و "مافی هیوا" لە هۆڵی کتێبخانەی کولتووری ئامەد پانێڵێکیان ئەنجامدا. لە پانێلەکەدا نوێنەری پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هاوسەرۆکی ئۆهەدە، بەشدار بوون.

سۆزان ئاکیپا، پارێزەری نووسینگەی یاسای سەدە، نووسەر و ڕۆژنامەنووس وفەیسەل ئاڤچی، کە سی ساڵی لە زیندان بەسەر بردووە، عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەلیف توران ئەندامی لقی مافی مرۆڤی یەکێتی پزیشکانی تورکیا (TTB) وتاریان لە پانێڵەکەدا پێشکەش کرد. لە هۆڵەکەدا پانکارتی "بۆ ئاشتییەکی شکۆمەندانە، مافی بەرخۆدانی ئازادیخواز فراوان دەکەین" و "بژی تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی گەلان" هەڵواسرابوون.

 'دەبێت دەستبەجێ مافی هیوا بگەڕێندرێتەوە بۆ بەڕێز ئۆجالان'

سەرەتا سوزان ئاکیپا قسەی کرد و بە ئاماژەدان بە بانگەوازییەکی رێبەر ئاپۆ وتی: "پێویستە لەم پرۆسەیەدا باشتر لە مافی هیوا تێبگەین، ئێمە وەک پارێزەرانی یاسا گرنگی بەم بابەتە دەدەین. دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا زیندانی هەتاهەتایی هەر کەسێک بە ئەشکەنجە وەسف کردووە، مافی هیوا پرسێکی پەیوەندیدارە بە ئازادییەوە، ئەم مافە لە هەموو ڕێککەوتننامەکاندا هەیە، حکومەت دەبێت دەستبەجێ لەو بارەوە هەنگاو بنێت، کاتێک سەیری سیاسەتەکانی ئیمرالی دەکەین، دەبینین بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر لە زیندانە ٢٥ساڵە لەوێ راگیراوە."

سۆزان ئاکیپا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی دۆخی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر بوارە جیاجیاکانی تورکیا ڕوونکردەوە و وتی: "کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٢١دا دۆسیەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانی خستە ڕۆژەڤی خۆیەوە، دەبینین تا ئێستا هیچ یاسایەک لەو بارەوە دەرنەچووە و جارێکی دیکە ئەم دۆسیەیە وروژاندەوە. بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٣ـەوە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری بۆ پرسی کورد دەدات و بەردەوامیشە. هەم بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان و هەم کۆتایی هاتنی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە پێشهاتێکی گرنگن. سەرەڕای هەموو ئاستەنگیەکان، بەڕێز ئۆجالان لە ئیمرالیدا تیۆرێکی پەرەپێدا و کاتێک سەیری تێکۆشانی ٥٠ساڵە دەکەین، دەبینین بەردەوام ئەم ڕێکخراوە خۆی لەگەڵ پێویستی سەردەمدا گۆڕیوە و ئاستی تێکۆشانی فراوانتر کردووە. پێویستە لەسەر ئەم بنەمایە پەیوەندییەکی متمانەدار دروست بکرێت و ئەمەش دەبێت بە شێوەیەکی دوولایەنە بێت. بۆ ئەوەی بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، دەبێت بتوانێت بەبێ بەربەست لەگەڵ گەنجان، ژنان، ڕۆژنامەنووسان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە سیاسییەکان پەیوەندی هەبێت. ئەمەش گرێدراوە بە وەدیهاتنی مافی هیواوە. سەرەتا دەبێت ئەم مافە جێبەجێ بکرێت."

'مافی هیوا جێگەی سەودا کردن نییە'

پاشان ئەلیف توران وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند؛ نابێت ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆش بابەتی سەودا کردن بێت و مافی تەندروستی بە بەشێک لە مافی ژیانە و وتی: "ئێمە ناتوانین وەک ناوەندێکی سەربەخۆ چاودێری ئەو دۆخە بکەین، بەگوێرەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، هەموو حکومەتەکان دەبێت ئەو یاسایانە بەرێوە ببەن، دەبێت بەپێی ئەو یاسایانە مامەڵە بکەن، بەپێچەوانەوە ئەو مافانە پێشێل دەکەن."

'ئۆجالان بۆ خۆی هیوایە'

هەروەها نووسەر و ڕۆژنامەنووس ڤەیسەل ئاڤچی ڕایگەیاند بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان دەستیان بە ڕێبازی هیوا کردووە. ناوبراو باسی لەوەشکرد، ڕێبەر ئاپۆ بۆتە هیوایەک بۆ گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وتی: "بۆیە حکومەت بە موخاتەبی خۆی وەریگرت، ئەو هەنگاوەی بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێکرد، نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیوایەکی بەرزە، کێشەی متمانە لە کۆمەڵگادا هەیە، مافی هیوا تەنها هەنگاوێکی یاسایی نییە بەڵکو هەنگاوێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مێژووییە. ئەم هەنگاوە ڕێگای ئازادیی هەموومانە، پێویستترین هەنگاوە لە بواری دروستکردنی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک و پێویستە ببێتە سەرەتایەک. ئەمە پرۆسەیەکی مێژووییە. حکومەتی تورکیا و گەلی تورکیاش پێویستیان بەم پرۆسەیە هەیە. پرسی کورد بنچینەییترین پرسی تورکیایە. هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی نراوە. دەبێت هەنگاوێکی کاراتر بنرێت بۆ ئەوەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بتوانێت ئازادانە پرۆسەکە بەڕێوە ببات. حکومەت ناچارە هەنگاو بنێت. ئەگینا نائومێدییەکانی کۆمەڵگا بەردەوام دەبێت. چاوەڕێی هەنگاونان دەکەین. پێویستە حکومەت مافی هیوا بە ئاراستەی تورکیایەکی دیموکراتیک بناسێت و جێبەجێی بکات. بۆیە هەنگاونان بە ئاراستەی مافی هیوا لە کەسایەتی بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان بۆ هەموو گەلی کورد هیوا بەخشە."

'ڕێبازێکی نوێ پێویستە'

هەروەها عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند، ئەو سیستەمەی کە سەرۆکی ئاپۆ هەوڵی پەرەپێدانی دەدات زۆر بەرفراوانە و رایگەیاند: "شاندەکە سەردانی دەکات و ئێمەش وەک بنەماڵەیەک هەندێکجار دیداری لەگەڵ دەکەین، حکومەت بەسەختی هەنگاو دەنێت، دەبێت کارێک بکەین. ڕەنگە حکومەت سەخت هەنگاو بنێت، بەڵام شاری ئامەد و کوردستان چی دەکەن؟ رێبەرئاپۆ وتی دەبێت پەکەکە خۆی بگۆڕێت، بەڵام لەڕاستیدا دەبێت هەموومان خۆمان بگۆڕین لەبەر ئەوەی هێشتا کۆمەڵگا نەگۆڕاوە هەندێ گۆڕانکاری کراوە بەڵام ماویە. ٤٧ ساڵە بە هەموو جۆرێک شەڕ ڕوویداوە بەڵام سەرکەوتنیان بەدەست نە‌هێناوە. بۆیە ڕێبازێکی نوێیمان پێویستە.

 ئەوەشی گۆت: "ئێستا دەرگای سیاسەت بۆ ئێمە کراوەتەوە و دەتوانین لە هەموو تورکیا سیاسەت بکەین. پێویستە سیستەمێکی دیموکراتیک بنیات بنین. ڕێبەر ئۆجالان خاوەن ڕۆحێک، سۆز و خرۆشێکە. هاوڕێکانی لەگەڵیدان. ئەمە کاریگەری لەسەر هەر چوار پارچەی کوردستان هەیە. هەموو شتێک بەیەکەوە گرێدراوە. ئێستا کورد مۆدێلێکی نوێ پێشکەش دەکات و لە جیهاندا بەوە ناسراوە. ئەمە ئەو بناغەیەیە کە قارەمانە بێ ناونیشانەکانمان بۆ ئێمەیان خوڵقاندووە. لەمەودوا، ئێمە لەسەر میراتی ئەوان هەتا کۆتایی بە ڕێزدارییەوە درێژە بەتێکۆشان دەدەین و هەتا کۆتایی یادی شەهیدەکانمان بەرز رادەگرین.

 پانێڵەکە بە پرسیار و وەڵام کۆتایی هات.