"پارتی بە چ روویکەوە دێتەوە بۆ شەنگال؟"

ساڵح ئێزدین خەلۆ هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی دوهۆلیا رایگەیاند، پارتی ساڵانی ١٩٧٢ و ٢٠١٤ مەترسیی لەسەر شەنگال دروستکرد و بە هێرشەکانی ئەمدواییەى درێژە بە خیانەتەکانی دەدات. راشیگەیاند، "پارتی بە چ روویەکەوە دەیەتەوە بۆ شەنگال".

ساڵح ئێزدین خەلۆ ئەندامی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی شەنگال و هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی دوهۆل رایگەیاند، لە هێرشەکان ناترسن و بەرخودانەکەیان بەهێزتر دەکەن.

ساڵح ئێزدین خەلۆ و دایە هەمشێ رەشید لە شەنگال لەبارەی هێرشەکان بۆ سەر شەنگال بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.

خەلۆ و رۆشید رایانگەیاند، هێرشەکان بۆ سەر شەنگال ئیدانە دەکەن و بەرخودانی خۆیان بەهێزتر و گەشتر دەکەن.

ساڵح ئێزدین خەلۆ ئەندامی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی شەنگال و هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی دوهۆل وتی، "ئێمە ئەو هێرشە دڕندانە بۆ سەرمان و بێدەنگیی دەوڵەتی عێراق بەرامبەر هێرشی تورکەکان بە توندی ئیدانە دەکەین. فڕۆکەکانی تورک هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی یەبەشە و شەڕڤانانی یەبەشە شەهید و بریندار دەکەن. کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بارزانی و ئەردۆغان پێکەوە ئەو پلانانە ئەنجام دەدەن. هاوبەشن، وەک هێڵێک لە دژی ئێمە دروستیان کردووە و ئەو هێرشانەمان دەکەنە سەر. ئەگەر بارزانی دەڵێت، من کوردم و کوردستان دەپارێزم، ئەی بۆ ئەو هێرشە چەپەڵانە دەکاتە سەرمان؟ ئەردۆغان و مەسعود بارزانی ئەو هێرشە چەپەڵانە دەکەنە سەرمان. لە بەغدا لەگەڵ کازمی چاوپێکەوتنیان ئەنجامداوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت شتی خۆمان لەسەر دەستی خۆمان دروست بکەین. بۆ لەسەر کەرکوک چاوپێکەوتن ناکەن؟ لای ئێمە نە نەوت هەیە، نە زێڕ هەیە و نە ئاسنیش هەیە. هەموو ئەوانە لە کەرکوک دا هەیە. ئەی بۆ کەرکوکی بە جێھێشت و رایکرد؟ بۆ کاتێک تۆ ریفراندۆمت کرد، هەموو دەوڵەتەکان وتیان مەیکە، بەڵام تۆ هەر کردت، تۆ سەرکەوتیت، بەڵام خاوەنداریت لە ریفراندۆمەکەى خۆت نەکرد و راتکرد. لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا تۆ دووبارە جارێکیتر لێرە بویت، تۆ نەتهێشت ئێمە بەرخودان و بەرگری لە خۆمان بکەین، تۆ وتت، من ئێوە دەپارێزم، من ناهێڵێم کەس ئێرە داگیر بکات، شەنگال شەرەفی منە، کوردستانە، کچان و ژنانی شەنگال شەرەف و ناموسی کوردستانن.   

لە ماوەى ٤ کاتژمێردا گەلی گرزەر، کوسیبا، شێخ خدر و تەل قەسەر بەرخودانێکی زۆر گەورەیان کرد تاوەکو بنەماڵەکانیان گەیشتنە شوێنی ئارام، بڕیارێک بۆ ئەو هێزانە هات و وتیان شەڕ مەکەن و ئێمەیان خستە ناو چەپۆکەى کۆمەڵکوژکردن و پاکتاوکردن. دەوڵەتە ئەوروپییەکان و ئەمریکییەکان هاوکاریی مرۆیی و لۆجستییان دا بە تۆ وتیان، ئێزدییەکان بپارێزە و ئەو هاوکارییانەیان پێ بگەیەنە، تۆ ئەوەشت بە ئێزدییەکان نەگەیاند و ئەو هاوکاریانەت دا بە چەتەکانی خۆت، کە لە نێوان ئەوان و داعش دا رێککەوتن هەبوو، خاڵەکانیان ٢٥ مەتر لە یەکترەوە دوور بوون. لە نێوان ئەوان و داعش دا هیچ دوژمنایەتییەک نەبوو و نییە، ئەوە بڕیاری ئەردۆغان و مەسعود بارزانییە. کێ ئەمڕۆ بە کوردی قسە بکات دەبێتە دوژمنی بارزانی. بە تورکی قسە بکات دەبێتە برای بارزانی. ئێمە دوور و نزیک چاودێریی سیاسەت دەکەین، ئەردۆغان بووەتە برای بنەماڵەى بارزانی.

ئەمڕۆ بە چ روویەکەوە دەڵێیت، من دێم بۆ شەنگال. پێشتر لە ساڵی ١٩٧٢ دا تۆ شەنگالت بەجێهێشت و هەموو چەکەکانی ئێزدییەکانیان کۆکردەوە. مرۆڤی بێ چەک هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ نەبووندا نییە. ئێمەیان چەک کرد و بێ چەک بەجێیان هێشتین. دەوڵەتی سەدام حوسێنیش ئەو چەکەی لە دەستماندا و لە ناو ماڵەکانماندا بوو کۆی کردەوە و ماڵ و موڵکی وێران و خاپوور کردین. هەموو ئەوانەش بە هۆی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە بوو و ئێمە وتمان، کێشە نییە، بەڵام سەرباری ئەوەش ئەمدواییە جارێکیتریش خیانەتی لێکردینەوە. ئێمە ئەمڕۆ لەسەر پێ راوەستاوین، ئێمە دەزانین چۆن بەرخودان و بەرەنگاری بکەین و چۆن میللەتەکەی خۆمان بپارێزین. ئێمە شوێنی خۆمان دروستکردووە و چەکیشمان هەیە. هێزەکانی یەبەشە و یەژەش-مان دروستکردووە. هێزی پاراستنی گەلمان هەیە، هێزی ئاسایشمان هەیە، ئێمە ناوچەکە دەپارێزین، بەڵام ئەمڕۆ داوا دەکرێت دووبارە چەتەکان بێنەوە بۆ سەر خاکە پیرۆزەکەمان و خاکەکەمان پیس بکەن. ئێمە ئەوە رەتدەکەینەوە و قبوڵی ناکەین. با باش بزانن تاوەکو دوا دڵۆپی خۆێنمان بەرخودان و بەرەنگاری دەکەین. ئێمە ئەگەر قوربانیی گەورەش بدەین بەرەنگاری و بەرخودان دەکەین. چەکی قورسمان نییە تاوەکو فڕۆکەکانیان بخەینە خوارەوە، بەڵام ئێمە لە دژی ئەو هێرشانە رێپێوان ئەنجام دەدەین و لەسەر پێ رادەوەستین. ئێمە دەنگی خۆمان بە رێکخراوە خێرخوازەکان، رێکخراوەکانی ئەوروپا دەگەیەنین تاوەکو لە دژی ئەو هێرشانە بوەستنەوە. ئەو فڕۆکە جەنگییانەى دێنە سەر سەرمان لە تورکیاوە نایەن، لە هەرێمی کوردستانەوە دێن".

هەمشێ رەشید: ئێمە لە فڕۆکەکانیان ناترسین

دایە هەمشێ رەشید لە شەنگال وتی، ئێمە لە فڕۆکەکانی ئەردۆغان ناترسین. ئێمە ئەو هێرشانەیان ئیدانە دەکەین. رۆڵەکانی ئێزدی ماڵ و موڵکی خۆیان دەپارێزن. هێرشیش بکەنە سەر رۆڵەکانمان، ئێمە بەرخودانی خۆمان بەهێزتر و بەهێزتر دەکەین. ئێمە لە فڕۆکەکانیان ناترسین. هەر کات فڕۆکەکانیان هاتە سەر شەنگال، ئێمەش رێکخستنی خۆمان بەهێز دەکەین، ئەگەر منداڵەکانمان شەهید ببن، ئەو شەهیدبوونەیان بۆ ئێمە دەبێتە هێز".

ژ.ت