پارێزەرانی كەیسی چالاكوان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان تانە لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێم دەدەن

تیمی پارێزەرانی كەیسی چالاكوان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان رایگەیاند، ئەگەر لە كۆی پێنج دادوەر، دوو دادوەر باوەڕیان بەم تۆمەتانە نەبوبێت كە بۆ دەستگیركراوانی بادینان دروستكراوە، چۆن خەڵك و ڕایگشتی باوەڕ بەمە دەكات.

ئەمڕۆ تیمی پارێزەرانی ئەو كەیسە لەبەردەم دادگای هەولێر گردبوونەوە و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا بە توندی توندیان بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێمیان رەخنە کرد.

بەشدار حەسەن سەرۆكی تیمی پارێزەران لە کۆنگرە رۆژنامەنوسیەکەدا وتی: دەستەی سزای دوو لە دادگای پێداچوونەوە، لەكۆی پێنج ئەندام سێ ئەندام واژۆیان لەسەر سزادانی دەستگیركراوانی بادینان كردووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات ئەگەر دوو دادوەری بە ئەزموون باوەڕیان بەم تۆمەتانە نەكردبێت و واژۆیان لەسەر بڕیاری سزادانەكە نەكردبێت، چۆن خەڵك و ڕایگشتی باوەڕ بەم تۆمەتانە دەكەن.

بەشدار حەسەن  باسی ئەوەشی کرد کە پێویستە كونسوڵخانەكانی ئەمریكا و ئەڵمانیا ڕونكردنەوەی خۆیان لەبارەی ڕاگەیەندراوەکەی دادگای پێداچوونەوە بدەن و دەشڵێت، ئەوان تانە لەو بڕیارە دەدەن و مۆڵەتی یەك مانگ دەدەنە دادگا بۆ پێداچوونەوەی، لە ئەگەرێكی تریشدا سەرۆكی هەرێم دەتوانێت لێبوردنێكی گشتیان بۆ دەربكات و ئازاد بكرێن.

لە لایەکی دیکەوە حاكم شێخ لەتیف شارەزا لە یاسا لە نوسینێکدا رایگەیاند، بەپێی بڕیارەكەی دادگا كە پلەی كۆتایی وەرگرتوە، هەردو كونسوڵخانەی ئەمریكا و ئەڵمانیا لە هەولێر، شوێنێكن بۆ كاری سیخوڕی و تێكدانی ئاسایشی هەرێم و وتی، "ئەو دو كونسوڵخانەیە ئەگەر بەو جۆرەن ئەوا نابێت لەنێو خاكی هەرێمدا بمێنن و ئەگەر واش نین دەبێت هەڵوێستیان هەبێت."

لە ماوەی ڕابردوودا و دوای بەرخۆدانی شێلادزێ لەبەرانبەر بارەگاکانی سوپای داگیرکەری تورک و میتی تورک، زیاتر لە 75 مامۆستا و چالاکوان و ڕۆژنامەنوسی بادینان و هەولێر، لەلایەن دەسەڵاتەوە زیندانیكراون و رۆژی ١٦ی شوباتی ئەمساڵیش هەریەک لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا، ئەیاز کەرەم، لەلایەن دادگای هەولێرەوە بەتۆمەتی سیخوڕیكردن بە شەش ساڵ زیندانی سزادران.

ف.ق