کریکارێکی کەمپی شەهید رۆستەم جوودی (مەخموور) بە ناوی ماهیر سێرتی کە ٤٥ رۆژ لە زیندانی ئاسایشی هەولێردا مایەوە و ٣ رۆژ لەمەوبەر ئازادکرا رایگەیاند، لە ئاسایش و زیندانی هەولێر ڕووبەڕووی ناخۆشیەکی زۆر بووەتەوە و وتی، "نزیکەی ساڵ و نیوێکە کەمپەکەیان لەژێر گەمارۆدایە. رێگری لە خوێندکار، کرێکار و نەخۆشەکانی کەمپەکە دەکرێت کە دەیانەوێت بچن بۆ هەولێر. رۆژی ٢٥ی ئەیلول بۆ کارکردن بەرەو هەولێر بەڕێکەوتین، لە رێگادا دوو کەس بە جلی مەدەنی کە ئەنجامی هەواڵگری ئاسایشی هەولێر بوون ئێمەیان وەستاند. داوای ناسنامەیان کرد و دواتر ئێمەیان رادەستی خاڵی کۆنترۆلی هەولێر کرد. لەوێ بۆ ئاسایشی گشتی هەولێر براین، نزیکەی ٢٥ رۆژ لە ئاسایشی هەولێر بەندکراین. لەوێ ناخۆشیەکی زۆرمان بینی، هەڵوێستێکی زۆر ناخۆشیان هەبوو. ئێمەیان لەگەڵ ٥٥ کەسی تر تێکەڵ کرد لە یەک قاوشدا. لەناویاندا ژمارەیەک کەس کە چەتەی داعشبوون و بەهۆی مادەی هوشبەرەوە دەستگیرکرابوون هەبوون. لەوێ ئێمەیان چەندین جار خستە زیندانی تاکەکەسی. سێ جار چەندین جار دەست و قاچی ئێمەیان بەستەوە و ئێمەیان بەو شێوەیە بەجێ دەهێشت. کاتێک بۆ ئیفادە دەبریاین، دەست و قاچی ئێمەیان دەبەستەوە. لە کاتی ئیفادە وەرگرتندا قسەی نەشیار و ناراستیان دەوت.
دوای ٢٥ رۆژ لە ئاسایشی گشتی، ئێمەتان رادەستی زیندان کرد و لەوێش ١٥ رۆژ دەستبەسەرکراین. بە درێژایی ئەو ٢٥ رۆژەی کە لە ئاسایش بووین، خانەوادەکانمان هیچ زانیاریەکیان لەبارەی ئێمەوە نەدەزانی، رێگەیان نەدەدا کە بە تەلەفۆن لەگەڵ خانەوادەکانمان قسە بکەین. لە زیندانەکەی تر دەرفەتیاندا کە لەگەڵ خانەوادەکانمان قسە بکەین. دوای ئەوەی لەوێش وتەمان لێوەرگیرا، ئێمە یەک ملیۆن دینارمان دا تا ئازادکراین. ئێمە خۆمان کرێکارین، وتمان ناتوانین ئەو بڕە پارەیە بدەین، وتیان با ٢٠٠ دۆلار بێت، ئێمەش ٢٠٠ دۆلارماندا و جارێکیتر ئێمەیان رادەستی ئاسایشی کۆیە کرد. لە کۆیەش نزیکەی هەفتەیەک دەستگیرکراین. لەوێش بە کەفالەت و بە شەرتی دادگا ئازادکراین. لەگەڵ ئەوەی بێتاوان بووین، ئێمە ٤٥ – ٤٦ رۆژ لە زینداندا ماینەوە."
کرێکارێکی تر بە ناوی ئەشرەف کۆرهانیش رایگەیاند کە کاتێک ئەوانیان دەستگیرکردووە، جلەکانیان داکەندووە، دەست و قاچیانیان بەستووە و وتی، "کاتێک دەستگیرکران بۆ ئاسایشی گشتی هەولێر ڕەوانەکراین و لەوێ سەرەتا جلەکانیان داکەندین و دەست و قاچیان بەستینەوە. لەوێ زۆر قسەی ناخۆش و ناشیاویان پێ وتین و قسەی نەشیاویان بە هەموو خەڵکی کەمپەکە وت. نزیکەی ٢٥ رۆژ لە ئاسایشی گشتی ماینەوە و لەوێ هەڵوێستیان زۆر خراپ بوو. لە ئاسایش مانەوە خۆی ئەشکەنجەیە. لە قاوشێکدا ماینەوە کە ٥٥ کەسی تێدا بوو. هەموو کەس لە سەر زەویەکە بوو. بۆئەوەی ئازارمان بدەن دەنگی تەلەڤزیۆنیان زیاد دەکرد، بەیانیان بە لەقە خەبەریان دەکردینەوە، بە دەنگی بەرز گورانی عەرەبیان لێدەدا. خۆی زۆربەی ئەوانەی ناو زیندانەکە چەتەی داعش بوون و ئەو کەسانە بوون کە بەهۆی مادەی هوشبەرەوە دەستگیرکرابوو. دوای ٢٥ رۆژ ئێمەیان بردە زیندانێکی تر، لەوێش دوای ١٥ رۆژ ئێمەیان رادەستی ئاسایشی یەنەکە لەکۆیە کرد. لەوێ نزیکەی حەفتەیەک ماینەوە. دوای ئەوەی لەوێ وتەیان لێوەرگرتن بە کەفالەت و بە شەرتی دادگا ئازادکراین. بەڵام رۆژی دادا دیاری نەکراوە.
نزیکەی ساڵێکە رێگامان نادەن کرێکاریش بکەین، ئێمەی خەڵکی کەمپەکە خەڵکێکی مەدەنین. نازانرێت کە بۆچی بەم شێوەیە رەفتارمان لەگەڵدا دەکەن. داواکاری ئێمە ئەوەیە کە خیانەتمان لێنەکەن، لە جیاتی ئەوەی دۆستایەتی تورک دەکەن، دۆستایەتی ئێمە بکەن."
پێشتریش ٢٠ کەسی کەمپەکە کە ٥ کەسیان خوێندکار و ١٥ کەسیان کرێکار بوون لە لایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیرکرابوون.
ف.ق