تا ئێستا بە دەیان ناوەند و بارەگای سوپا و دەزگای هەواڵگریی و میتی تورکی لە باشوری کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی بوونیان هەیە و ئەو ناوەند و بارەگایانەش رۆژ بە رۆژ بە هاوکاری پەدەکە بەرفراوانتر دەکرێن.
لەو رۆژەوەی بزوتنەوەی ئازادی کوردستان دەستی بە تێکۆشان کردووە، هاوکاری و نۆکەری بۆ دوژمنان هەمیشە بووەتە رێگر لەبەردەم تێکۆشان. یەکێک لەو رێگریانەش، هاوکارییەکانی پەدەکەیە بۆ دەوڵەتی تورک.
لە چوارچێوەی پلانەکانی دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی پەکەکە و بە هاوکاری سیاسەتە هەڵەکانی پەدەکە و بەڕێوەبەرانی حکومەت کە بنەماڵەی بارزانی پێشەنگیی بۆ دەکات، بە دەیان بارەگا و ناوەندی میت و سوپای تورک لە سەر خاکی باشوری کوردستان دروست کراون و لەم چوارچێوەیەشدا رۆڵە و کچ و کوڕانی گەلی کورد کە بۆ ئازادی تێدەکۆشن، شەهید بوون.
کردنەوەی بارەگا و ئامانج لێی...
لە خاڵی سنووری خابوورەوە بەرەو ئاڕاستەی رۆژهەڵات، لە باتیفا، بامەرنێ، ئامێدی، دێرەلوک و شێلادزێ دەوڵەتی تورک کەمپی سوپا و هەواڵگری دروست کردووە. با سەرنجێک بدەینە سەر ئامانج و وردەکاریەکانی کردنەوەی ئەم کەمپانە:
* ئامانج لە کردنەوەی کەمپەکانی باتیفا، بامەرنێ و ئامێدی، هەم کۆنترۆڵکردنی هەرێمی حەفتانین و مەتینایە لە دیوی باکور، هەم بەکارهێنانیانە بۆ ئەنجامدانی هێرش و ئۆپڕاسیۆنەکان. هەروەها ئامانج لە کردنەوەی کەمپی سنوری کانیماسی لە بەرامبەر بامەرنێ، ئەوەیە کە فشار لەسەر هەرێمی حەفتانین دروست بکرێت.
*بە رێگای کردنەوەی کەمپەکانی ئامێدی، دێرەلوک و شێلادزێش دەیانەوێت هەرێمی زاپ و زاگرۆس کۆنتڕۆل بکەن.
*بە کردنەوەی کەمپی دێرەلوک هەوڵ دەدرێت پەیوەندی نێوان هەرێمەکانی زاپ و گارە ببچرێنرێت.
*لەسەر سنووری مەتینا؛ قەرەقۆلەکانی دەشتان، داراتاش، تەپەی سوور، مەهمەتچیک تەپە، کانیماسی و سێ گرد لە دەوروبەری و ئاشوت، زاویتە، کاپرولو، سەربەستا، ئاروشە و ئەلەمینێ دروست کراون.
*لە سنووری هەرێمی زاپ؛ ناوەندی سەربازی سنووری ٤٩. ئالای چەلێ، گرێ، شکێرن سیڤریتەپە، سەرێ سێڤێ، لیوای تۆپی هێرش و قەرەقۆلەکانی بلنجان، خانتەپە، ئەرتوش و گردەکانی کالە، کۆردینە و عەلیشێر بوونیان هەیە.
*لە دێرەلوکەوە بەرەو باشوری رۆژهەڵاتی باشوری کوردستان لە هەرێمەکانی بارزان، مێرگەسور و سۆران کەمپیان داناوە.
*لە هەرێمی سۆرانەوە بەرە باکور، لە دەشتی هێلێ-وە بەرەو سیدەکان. بە کردنەوەی ئەو کەمپە سەربازی و هەواڵگریانەدا، هەر یەک لە خنێرە، خواکورک و کەلاشین بە ئامانج دەگیرێن. هێڵێ خنێرە، خواکورک و کەلاشین هێڵی سنوری فەرمی نێوان تورکیا و ئێران و عێراقە.
*لە ناوچەکانی سەنگەسەر، رانیە و قەڵادزێش، ئامانجی سەرەکیان هێرشەکردنە بۆ سەر قەندیل.
*لە ناوچەی جیلۆش کە دەکەوێتە باکوری هەرێمەکانی خنێرە و خواکورک، قەرەقۆڵی ئۆرەمار و شتازنێ دروست کراون. لە سنوری ئاڤاشینیش قەرەقۆڵەکانی بێسوسن، کارکی، گردی نەرەزە، بێزەل و باروکێ بوونیان هەیە. هەروەها لە خواکورکیش قەرەقول و بارەگای خاپسکێ، هارون و گردی کونسەرڤە بوونیان هەیە.
شکستی دەرەوەی سنوور
تا ئێستا دەوڵەتی تورک، بێ شومار بزوتنەوەی ئازادی کوردستانی کردووەتە بیانوو و هەوڵی داوە خاکی باشوری کوردستان ببەزێنێت و داگیر بکات و رێگری لە دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بکات. لەم چوارچێوەیەدا؛
-بۆ یەکەم جار سوپای دەوڵەتی تورک لە ٢٥ی گوڵانی ساڵی ١٩٨٣دا لە باشوری کوردستان دەستی بە ئۆپڕاسیۆنە داگیرکەریەکانی کرد. لە ئۆپڕاسیۆنە داگیرکەریەکەی ئەو ساڵەدا، بە پێی بەڵگە و داتاکان، بە فەرمی ٧ هەزار سەربازی تورک بە قوڵایی ٧ کیلۆمەتر سنووری باشوری کوردستانیان بەزاند. بەڵام بە بێ ئەنجام کشاونەتەوە.
- دەوڵەتی تورک دوای ساڵێک لەو ئۆپڕاسیۆنە، لە ٢٧ی گوڵانی ساڵی ١٩٨٤ لە ژێر ناوی 'کاردانەوەی گەرم' دەستی بە ئۆپڕاسیۆنێکی نوێی داگیرکەری کرد بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان. ئەم هەوڵەشی تا ١ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ بەردەوەام بوو و دوجار بە بێ ئەنجام کشایەوە.
-١٥ی ئابی ١٩٨٦ دیسان بە هەمان مەبەست، سوپای تورک ئۆپڕاسیۆنێکی داگیرکەری دەستپێکرد، بەڵام ئەو هەوڵە نەزۆکەشی کە تەنها رۆژێک بەردەوام بوو، بە بێئەنجام کۆتایی بێهات و سوپای داگیرکەر ناچار مایەوە هێزەکانی خۆی بکشێنێتەوە.
-٤ی ئازاری ١٩٨٧ سوپای تورک جارێکی تر هەوڵیدا سنووری باشوری کوردستان ببەزێنێت و خاکەکەی داگیر بکات، بەڵام هەمان رۆژ بە بێ ئەنجام کشایەوە.
هێزەکانی پەدەکە بەشداریان لە ئۆپڕاسیۆنەکانی سوپای تورکدا کرد
-لە بەرواری ٥ بۆ ١٣ی ئابی ١٩٩١دا سوپای داگیرکەری تورک لە ژێر ناوی 'هەوڵی پاککردنەوە'دا دەستی بە هەوڵە داگیرکەریەکانی کرد و ئەو ئۆپڕاسیۆنەش جارێکی تر بە بێ ئەنجام کۆتایی پێهات و کشایەوە. تا ئێستا پشڕاست نەبووەتەوە کە لەو ئۆپڕاسیۆنەدا ژمارەی سەربازەکان چەند بووە.
-سوپای تورک لە بەرواری نێوان ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ بۆ ١٥ی تشرینی دووهەمی هەمان ساڵ، بە سەرپەرەشتی گەرەناڵی تورک دۆغان گورەش جارێکی تر جموجڵێکی تری داگیرکەری دەستپێکرد. هێزەکانی پێشمەرگە لەو ئۆپراسیۆنەی دەوڵەتی تورکدا جێیان گرت و لە دژی گەریلاکانی بزوتنەوەی ئازادی شەڕیان کرد. لە بارەی ئەو جموجوڵە داگیرکەری و نۆکەریەدا، هیچ ئەنجام و ئامارێک لەبەردەستدا نیە.
-لە مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ سوپای تورک بە هەمان مەبەست ویستی لە دژی هەرێمی خواکورک جموجوڵێکی سەربازی ئەنجام بدات. بەڵام نەیتوانی لەو هەنگاوەیدا سەرکەوتوو بێت و بە بێ ئەنجام جارێکی تر کشایەوە.
-٢١ی ئازای ١٩٩٥ بۆ ٢ی گوڵانی ١٩٩٥ دیسان سوپای تورک لە ژێر ناوی 'جوڵەی پۆڵا' بە سەرپەرەشتی حەسەن کونداکچی کە فەرماندەیەکی سوپای تورک بوو، ئۆپراسیۆنێکی تری دەستپێکرد. بەڵام هەر وەکو ئەوانەی پێشووتر، ئەویش بە بێ ئەنجام کشایەوە. لەو ئۆپڕاسیۆنەشدا هێزەکانی پەدەکە بەشداریان تێدا کرد. لەو جموجوڵە داگیرکەری و نۆکەریەدا، دەوڵەتی تورک و پێشمەرگەکانی پەدەکە کە بەشداریان لەو ئۆپڕاسیۆنەدا کردبوو، رووبەڕووی شکستێکی گەورە بوونەوە و گورزی قوڕسیان بەرکەوت و چەندین کوژرا و برینداریان لێ بەجێماو کشانەوە.
-لە مانگی نیسانی ١٩٩٦ دیسان سوپای تورک جموجوڵێکی داگیرکەری بە فەرماندەیی هیلمی ئوزکوک بە ناوی 'باز' دەستپێکرد، بەڵام ئەو ئۆپڕاسیۆنەش درێژەی نەکێشا و بە ناچاری کشانەوە.
-لە بەرواری ١٤ی حوزەیرانی ١٩٩٦ تا مانگی کانونی دووهەمی ١٩٩٧ سوپای تورک لە ژێر ناوی 'شەپازلە' ویستی جموجوڵێکی داگیرکەری دەستپێبکات، بەڵام ئەو ئۆپڕاسیۆنەش وەکو ئەوانی پێشووتر نەزۆک دەرچوو و پاشەکشەی پێکرا و بە پێچەوانەوە، سوپای ترسنۆکی تورک (شەپازلەیەکی) کوردیی بەرکەوت.
-لە بەرواری نێوان ١٢ی گوڵانی ١٩٩٧ بۆ ٧ی تەموزی هەمان ساڵ، دیسان سوپای تورک بە سەرکێشی ئالتای تۆکات، لە ژێر ناوی 'چەکوش' ئۆپڕاسیۆنێکی داگیرکەری دەستپێکرد. لەو ئۆپڕاسیۆنەشدا سوپای تورک تارومار بوو و بە شکستێکی گەورەوە دیسان کشایەوە.
-٢٥ی ئەیلولی ساڵی ١٩٩٧ تا ١٥ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ، سوپای تورک بە رێگای ئاسمانی لە ژێر ناوی 'شەفەق' و بە سەرکێشی هەر یەک لە فەرماندە سەربازیەکانی تورک حەقی کارادایی، حوسێن کڤرک ئۆغلو و ئیحسان کلچ جموجوڵێکی سەربازیان دەست پێکرد. بەڵام ئەم هەوڵەشیان نەزۆک دەرچوو. لەو شەڕەی ساڵی ١٩٩٧دا لە دژی گەریلاکانی پەکەکە، دیسان هێزەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان-پەدەکە لەگەڵ سوپای تورک بەشداریان کرد و بە پشتبەستن بە سوپای تورک، شەڕی براکوژیان کرد.
-مانگی نیسانی ١٩٩٨ و مانگی گوڵانی هەمان ساڵ دیسان سوپای تورک بە دەیان هەزار سەربازەوە دەستی بە ئۆپڕاسیۆنێکی گەورە کرد لە ژێر ناوی 'موراد'. لەو ئۆپڕاسیۆنە داگیرکەریەشدا پەدەکە لە دژی شەڕڤانانی کورد، هاوکاری دەوڵەتی تورکی کرد و شەڕی براکوژی کرد. دەتوانین بڵێین پەدەکە بوو بە ئامراز و یاریەک لە دەستی دەوڵەتی تورکدا و بوو بە هۆکاری ئەوەی لە ناو کوردا برینێکی قوڵ دروست ببێت!
-لە ساڵی ١٩٩٩ سوپای تورک بۆ ٢٤هەمین جار ئۆپڕاسیۆنێکی تری بۆ دەرەوەی سنوور دەستپێکرد. ئەنجامی ئەو ئۆپڕاسیۆنەش کە لە ژێر ناوی 'ساندویچ' بەڕێوە چوو، هیچ جیاوازیەکی نەبوو لەگەڵ ئۆپڕاسیۆنە نەزۆکەکانی تری.
-سوپای تورک لەگەڵ هێزەکانی پەدەکە لە ٤ی گوڵانی ساڵی ٢٠٠٠دا هێرشیان کردە سەر هەرێمی حەفتانین، بەڵام ناچار بوون دوای ٤ رۆژ بکشێنەوە.
'شەڕی کورد و کوردی حەڕام کرد، بەڵام...'
دوای ئەم ئۆپڕاسیۆنانە کە نە دەوڵەتی تورک و نە پەدەکە نەیانتوانی پەکەکە و گەریلاکانی ئازادی لەناو بەرن، مەسعود بارزانی وتی، 'تا من زیندوو بم، رێگە بۆ شەڕی کورد و کورد نادەم.' بەڵام ئۆپڕاسیۆنەکانی تورکیا هەر بەردەوام بوون و حکومەتەکەی پەدەکەش بێدەنگ مایەوە. ئۆپڕاسیۆنە قڕکەریەکانی دەوڵەتی تورک تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بەردەوامن.
ئۆپڕاسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور نەوەستان، بەردەوام بوون
-٢٥هەمین ئۆپڕاسیۆنی سوپای تورک بۆ 'دەرەوەی سنوور'، ویستیان بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی لە مانگی کانونی دووهەمی ساڵی ٢٠٠٧دا ئەنجام بدەن. بەڵام ئۆپڕاسیۆنەکە زیاتر لە رێگای ئاسمانیەوە کرا و دیسان بە بێ ئەنجام کۆتایی پێهات.
-٢١ی شوباتی ساڵی ٢٠٠٨ تا ٢٩ی هەمان مانگ دیسان سوپای تورک لە ژێر ناوی 'گونەش' و بە سەرکێشی ئیلکەش باشبوخ ئۆپڕاسیۆنێکی دەستپێکرد. بەڵام بە پێی وتەکانی باشبوخ، پەیتا پەیتا سوپاکەیان بۆ دواوە کشاوەتەوە. بە وتەی گەریلاکانیش 'سوار هاتن و پیادە رۆشتنەوە'. سوپای تورک وەکو هەموو جارەکانی تر، چەندین تەرم و کەلوپەلی سەربازیان بەجێهێشت و رایانکرد.
-١٧ی ئابی ٢٠١١ بۆ ٢٤ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ دیسان سوپای تورک دەستی بە هەوڵێکی داگیرکەری کرد، بەڵام چارەنووسی ئەم هەوڵەشی جیاواز نەبوو لەو هەوڵەکانی تری.
-٢٤ی تەموزی ٢٠١٥ سوپای تورک هەوڵیدا سنووری باشوری کوردستان ببەزێنێتەوە، بەڵام هەمان رۆژ ئاوڕیشی نەدایەوە و رایکرد.
-١١ی ئابی ٢٠١٥ دیسان بە سەرکێشی فەرماندەیەکی فاشیستی تورک بە ناوی هولوس ئاکار بزوتنەوەیەکی داگیرکەری دەستی پێکرد، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی، کۆتایی پێهات.
لە چوارچێوەی هەمان ئەو هێرشانەدا لە ساڵی ٢٠١٧ بە رێگای ئاسمانی هێرشک کرایە سەر کەمپی شەهید روستەم جودی (مەخمور) و شەنگال و قەرەجۆغی رۆژئاوای کوردستان.
-٢٨ی گوڵانی ٢٠١٩ دیسان بە سەرکێشی هەمان فەرماندەی تورک (هولوس ئاکار) و بە هاوکاری و پشتیوانی پەدەکە لە ژێر ناوی (چنگ) ئۆپڕاسیۆنێکی سەربازی دەستی پێکرد. لەگەڵ دەستپێکردنی ئەو هەوڵە داگیرکەریە، دەزگاکانی راگەیاندنی دەوڵەتی تورک لەگەڵ ئەوەی شەڕێکی دەروونی تایبەت بەڕێوە دەبەن، بەڵام رۆژانە سوپای تورک گورزی قوڕسی بەردەکەوێت و ناتوانێت هەنگاوێکیش بەرەو پێشەوە بێت. بۆیە دەوڵەتی تورک شەڕەکەی گۆڕیوە بۆ شەڕی تەکنیک.
-١٥ی حوزەیرانی ئەمساڵیش (٢٠٢٠) چەندین هێرشی ئاسمانی کراونەتە سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و شەنگال و مەخمور.
لە ئێستادا سوپای تورک گرنگیەکی زیاتر دەدات بە هێرشی ئاسمانی، ئەویش بە رێگای فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی کەشف و فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوان و هێزەکانی گەریلا لە حەفتانین و خواکورک و هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بەردەوامن لە شەڕ و تێکۆشاندان.
پەدەکە ئەم جارە رێبازی تری گرتووەتەبەر
لەم ماوەیەدا، بە هاوکاری پارتی دیمۆکراتی کوردستان-پەدەکە هەوڵ دەدرێت، هێزی گەریلا لە زینی وەرتێ و هەرێمی گارە گەمارۆ بدرێت. ئەمەش وەکو هەوڵێکی پەدەکەیە بۆ دروستکردنی شەڕی براکوژیی نێوان کورد، لە بەرامبەردا بۆ ئەوەی ئەو شەڕە دروست نەبێت بانگەوازی زۆر دەکرێت و هەوڵێکی زۆر دەدرێت. بەڵام لایەنی پارتی دیمۆکراتی کوردستان-پەدەکە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، سوورە لەسەر دەستپێکردنی ئەو شەڕە نەگریسە.
ز.ش