'پەدەکە رێگای خۆی ون کردووە، بەدیل گیراوە' -٣-
سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە رایگەیاند، دەوڵەتی تورک، پەدەکەی بە دیل گرتووە و وتی:" پەدەکە رێگای خۆی ون کردووە، کەوتووەتە سەر رێگایەکی هەڵە و مەترسیدار."
سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە رایگەیاند، دەوڵەتی تورک، پەدەکەی بە دیل گرتووە و وتی:" پەدەکە رێگای خۆی ون کردووە، کەوتووەتە سەر رێگایەکی هەڵە و مەترسیدار."
سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) شیکردنەوەی بۆ گۆشەگیری ڕەهای سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، رووداوەکانی ساڵ، بە تایبەتی پەیمانی شەنگال، یاریەکانی پەدەکە لەسەر بەهاکانی گەلی کورد، کردەوەکانی ئاکەپە و مەهەپە، دەستدرێژیەکان لە باکوری کوردستان و تورکیا، تێکۆشان و بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادی، چالاکی مانگرتنی زیندانیان، فشارەکانی سەر زیندانیان و هەنگاوی کەجەکە و کەژەکە بە دروشمی 'کاتی ئازادیە' کرد.
تێکۆشانی گەلی شەنگال لە دژی پەیمانی قڕکردنی ئێزدیەکان بەردەوامە. چەند رۆژ لەمەوبەر سوپای عێراق دەستوەردانی لە کاروباری شەنگالدا کرد. گەلی ناوچەکە لە دژی وەستایەوە و نەیهێشت هێزەکانی سوپای عێراق دەرباسی ناو شەنگال ببن. بە دەوری ئاسایشی شەنگال بازنەی شکۆیان دروست کرد. دوای ئەم هەڵوێستەی خەڵکی شەنگال، پەدەکە لە لێدوانێکدا داوای لە حکومەتی عێراق کرد کە ئەم پەیمانە قێزەوەنە جێبەجێ بکات. بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەم پەیمانە دەبێت چی بکرێت و دەبێت هۆشیاری لە چی ئاستێکدا بێت؟
تێکۆشان و خۆڕاگری خەڵکی شەنگال کە لە ٩ی تشرینی یەکەمەوە دەستپێ کردووە، بە راستی زۆر گرنگ و سەرنج ڕاکێشە. من سەرەتا بە رۆحی خۆڕاگری شەنگال، لەسەر هەڵوێستی گەلی خۆڕاگرمان، بە رێز و حورمەتەوە، جەژنی گەلەکەمان پیرۆز دەکەم. گەلەکەمان ئێستا بۆ رێوڕەسمە ئایینی و عیبادەتەکەیان، لە مانگی رۆژوودایە. دوو جەژنیان بەڕێکرد و ئەمە دوایین جەژنی ئەمساڵیانە. بە بۆنەی جەژنی ئێزیەوە پیرۆزبایی ئاڕاستەی کۆمەڵگای ئێزدی و گشت گەلی کوردستان دەکەم. ئەم جەژنە بوو بە جەژنی خۆڕاگری. ئەمە زۆر گرنگ بوو. ئێستا ئەو هاوپەیمانەی لە نێوان هێزەکاندا کرا، ئامانجەکەی، هەڵوێستەکەی چیبوو، لە ماوەی رابردوودا ئەمەمان شیرۆڤە کردبوو.هاوکات بزوتنەوەی ئازادیش ئەم بابەتەی چەندین جار شیرۆڤە کرد. کۆمەلگای ئێزدی بەردەوام گۆتوبێژ بۆ ئەم بابەتە دەکات. دۆستانی گەلی ئێزدیش بە هەمان شێوە ئەمە شیرۆڤە دەکەن.
ماوەی دوو مانگە رۆژەڤی هەموومان، بارودۆخی شەنگالە. بێگومان بارودۆخی شەنگال بۆ گشت مرۆڤایەتی و گەلانی جیهان گرنگە. ئەوەی بەسەر شەنگالدا دەسەپێنرێت، تەنها بۆ شەنگال نیە. ئەم پلانە، بەردەوامیی پلانگێریەکەی دژی رێبەری ئاپۆ و کوردستانە. دەبێت مرۆڤ لەناو تابلۆ گەورەکەدا تەماشای بکات و شیرۆڤەی بۆ بکات. بە رێبازی جۆراوجۆر دەیانەوێت ئەم پلانگێریە جێبەجێ بکەن. لە ٩ی تشرینی یەکەمەوە بە شێوەیەکی نائەخلاقانە دەیانەوێت فەرمانێکی نوێ لە ژێر ناوی یاسادا، جێبەجێ بکەن. بەڵام هەڵوێستی گەلی شەنگال ئەم پلان و هەوڵانەی پوچەڵ کردەوە. بۆیە دەبێت باش لە هەڵوێستی گەل تێبگەن، کە چۆن ئەم پلانگێریە گەورەیەی تێکشکاند. مرۆڤ دەبێت لە سێ لاوە تەماشای بارودۆخی شەنگال بکات.
یەکەم؛ گەلی شەنگال چی دەوێت؟ لە راستیدا ئەمە روون و ئاشکرایە. گەلی ئێزدی کۆمەڵگایەکە کە چەندین جار رووبەڕووی فەرمان و قڕکردن بووەتەوە. تا ئێستاش ئەو ئازارە دەچێژت. برینەکانی شەنگال هێشتا چارەسەر نەبوون. گەلی شەنگال ئێدی گەلی ساڵانی پێش ٢٠١٤ نیە. گەلی شەنگال ئیدی خاوەنی بیردۆز، خاوەنی فەلسەفە، خاوەنی ئامرازەکانی تێکۆشان و خاوەن زانستە. گەلی شەنگال دەزانێت کە ئەمە دوایین چانسیەتی. دەبێت هەرێمێکی خۆسەر، پاراستنێکی خۆسەر، بەڕێوەبەرایەتیەکی خۆسەری هەبێت. لەسەر ئەم بنەمایەش دەبێت لە ناو دەستوری عێراقشدا وەکو پارێزگایەک حسابی بۆ بکرێت و جێی خۆی بکاتەوە و پێگەی بناسرێت. دەبێت دەستوری هەمیشەیی عێراق بۆ ئەمە کراوە بێت و پشتیوانیشی لێبکات. گەلی شەنگال و گشت کۆمەڵگای ئێزدی ماوەی ٦ ساڵە بۆ ئەمە تێدەکۆشن. پرۆژەکەیان لە ساڵی ٢٠١٦دا بە فەرمی رادەستی حکومەتی عێراق کردووە. گەلی شەنگال بە نیاز نیە دەوڵەتێک دروست بکات یان لە عیڕاق جیا ببنەوە، بە نیازیش نیە شوێنێک داگیر بکات، بە پێچەوانەوە مافی سروشتی و ژیان و شکۆمەندیەکانی خۆی دەوێت. ئەمەش مافێکی سروشتیانەیە کە وەکو شیری دایکیان لێیان حەڵالە. ئەوەی تا ئێستا بەسەریان هاتووە نایانەوێت جارێکی تر بەسەریان بێتەوە. لەگەڵ ئەمەش، کاتیک ئەو پەیمانە ئیمزا کرا، بۆچوون و هەڵوێستی کۆمەڵگای ئێزدی لەبەرچاو نەگیرا. بە زۆر دەیانەوێت دامودەزگا دیمۆکراسیەکانی شەنگال داگیر بکەن. کۆمەڵگای شەنگال بە بەرپرسیارانە جوڵایەوە. رێبازی دیمۆکراسیان گرتەبەر. ئەنجومەنی دیمۆکراتیکی شەنگال، بزوتنەوەی ئازادی ژنانی شەنگال، هەروەها پارتی ئازادی و دیمۆکراسی شەنگال و گەنجان و ژنان و هەموو پێکهاتەکانی، هەم هەڵوێستیان خستەڕوو، هەم دەرگایان بۆ دیالۆگ کردەوە. ئەو دیالۆگانەی لە ساڵی ٢٠١٤وە بەردەوامن، دەیانەوێت بەهێزتری بکەن. شاند لە دوای شاندیان رەوانەی بەغدا کرد. ئێستاش شاندیان لە بەغدایە کە مەبەستیانە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن.
ئەوەی ئەمڕۆ ئەردۆغان بەسەر شەنگالدا دێنێت، سبەینێ بەسەر کەرکوک و موسل و تەلەعفەریشدا دێنێت
بەڵام دەوڵەتی عێراق هێزێکی گەورەی رەوانەی شەنگال کرد و ئەو هەنگاوە تا ئێستاش بەردەوامە. عێراق دەزانێت کە هیچ زیانێکی لە لایەن ئێزدیەکانەوە پێناگات، بەڵام بە تایبەت دەوڵەتی تورک و پەدەکە فشاری لەسەر دروست دەکەن. عێراق ناچار نیە کە ئەو فشارانە قبوڵ بکات. ئەگەر عێراق، گەلێکی هەژار، گەلێک کە هێندە رووبەڕووی فەرمان و قڕکردن بووەتەوە بەم شێوەیە مافەکانی پێشەل بکات و جارێکی تر ئاوارەیان بکاتەوە، ئەوا ئیدی عێراق ناتوانێت وڵاتێکی فرە نەتەوە و فرە رەنگ بێت. ئایین و ئایینزاکان ئیدی ناتوانن لە عێراق لەگەڵ یەکدیدا بژین. ناکۆکیە مەزهەبیەکان قوڵتر دەبنەوە. ئیدی هەموو لایەنێک حکومەتی ناوەندی بۆ خۆی بە مەترسیدار دەبینێت.
ئیدی بارودۆخەکە وەهای لێدێت کە عێراق بەرەو پارچەبوون دەڕوات. ئەگەر عێراق ئەم مەترسیانە نەبینێت و رێگری لێنەکات، دواجار بەدەستی دەوڵەتی تورک لەناو دەچێت. ئەمڕۆ ئەوەی ئەردۆغان بەسەر شەنگالدا دێنێت، سبەینێ بەسەر کەرکوک و موسل و تەلەعفەریشدا دێنێت. هاوکات بەسەر باشوری کوردستانیش دەیسەپێنێت، لە راستیدا لە ئێستادا سەپاندوویەتی. بۆ ئەوەی عێراق کات بۆخۆی بگەڕێنێتەوە و بۆ ئەوەی رێگری لەم دەسەڵاتە بکات، وەکو ئەوە وایە کە شەنگال دەکاتە قوربانی. ئەمەش خۆ هەڵخەڵەتاندنە، عێراق بەم شێوەیە خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت. بەشێک لە خاکی عێراق لەدەست دەچێت، سبەی رۆژ هەموو بەشەکانی تری عێراق بەیەکەوە لەدەست دەچن. ئابۆری و سیاسەتەکەشی ئەمە هەڵناگرێت و لەناو دەچیت.
عێراق دەزانێت کێ پشتیوانی لە داعش دەکات. عێراق دەزانیت لە ماوەی رووبەڕووبوونەوەی ٧ ساڵی رابردوودا لە چی بارودۆخیکدا بوو و گەیشتووەتە چی قۆناغێک. دەبێت عێراق لەگەڵ کۆمەڵگای ئێزدی لەسەر قبوڵکردنی مافی ئێزدیەکان و لە سەر بنەمای ستراتیجی، بگات بە رێکەوتن. ئەگەر عێراق ئەمە بکات، ئەوا لە بەرامبەر داگیرکەری دەوڵەتی تورک و فشارەکانی پەدەکە، بەهێز دەبێت. دەبێت عێراق نەکەوێتە ناو یاریەکان و کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکات و ئیرادەی گەلی ئێزدی بناسێت.
پەدەکە ئایینی ئێزدیەکانی بەدیل گرتووە
ئەوەی لە بەرامبەر شەنگال، لە هەموو روویەکەوە و بە شێوەیەکی ئاشکرا دوژمنایەتی خۆ دەردەبڕێت، پارتی دیمۆکراتی کوردستان-پەدەکەیە. پەدەکە ئیرادەی خۆی تەسلیم بە تورکیا کردووە. ئەم راستیە، نائاساییە. پەدەکە ئەو رێبازانەی ئێستا گرتوویەتیەبەر، هی شەڕی تایبەت و فاشیزمی ئەردۆغان و باخچەلیە. پەدەکە دوژمنایەتی گەلی شەنگال و لە کەسایەتی گەلی شەنگالیشدا، دوژمنایەتی کۆمەڵگای ئێزدی دەکات. پەدەکە هیچ کات ئیرادەی گەلی شەنگال و کۆمەڵگای ئێزدی نەناسیەوە. وەکو چۆن رووبەڕووی قڕکردنی کردەوە، ئێستاش دەیەوێت تۆڵەی لێبکاتەوە. جەخت دەکاتەوە کە دەبێت ئێزدیەکان لەناو ببرێن. کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شەنگال، پەدەکە رایکردوو و لە چنگی مەرگدا هێشتیەوە.
ئەمەش هەڵوێستیان ئاشکرا دەکات. کاتێک بزوتنەوەی ئازادی هاتە سەرخەت و کۆمەڵگای ئێزدی لە قڕکردن رزگار کرد، لە جیاتی ئەوەی پەدەکە دڵخۆش ببێت بەوەی بزوتنەوەی ئازادی رووبەڕووی داعش بووەتەوە، بە پێچەوانەوە وەکو هێرشێک بۆ سەر خۆی بینی. مەسرور بارزانی چەندین جار هەڕەشەی لە ئێزدیەکان کرد و وتی، "ئەگەر پەکەکە لە شەنگال نەچێتە دەرەوە، ئەوا لە ماوەی دوو کاتژمێردا لەناوتان دەبەین، چونکە ئێوە ناتوانن خۆڕاگری بکەن". ئەو کەسانە تا ئێستاش بەو ئەقلیەتە تەماشای شەنگال دەکەن. لەگەڵ ئەوەی پەکەکە لە بەهاری ساڵی ٢٠١٨دا بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا شەنگالی بەجێ هێشت، پەدەکە هێشتا رازی نەبوو. هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە کۆمەلگای ئێزدی راستی پەدەکەیان لە بەرامبەر خۆیان بینی و دوور کەوتنەوە لە هێڵی پەدەکە. ئەمەش لە حسابی پەدەکەدا نەبوو.
لە کاتی دامەزراندنی پەدەکەوە تا ئێستا، کۆمەلگای ئێزدی هەمیشە وەکو ئامرازێک بەکار هێناوە. لە پارێزگای دهۆک، ئەو ئێزدیانەی لە شێخان و گوند و ناوچەکانی دەژین، پەدەکە بۆ خۆی بەکاریان دێنێت. لالەشی نوورانی لە ژێر کۆنترۆلی پەدەکەدایە. پەدەکە هەموویانی بەدیل گرتووە. ئایینی ئێزدیەکانی بە دیل گرتووە. بە رازیبوونی پەدەکە نەبێت، ناتوانن سەردانی لالەشیش بکەن و تەنانەت عیبادەتی خۆشیان بکەن. لە ماوەی ساڵ و نێویکدا میری ئێزدیەکان گۆڕا، ئەگەر بە دڵی پەدەکە نەبوایا نەیدەهێشت هەڵبژاردنێکیش بەڕێوە بچێت. کاتێک ئێزدیەکان ئەمە دەبینن، بۆ ئەوەی پارچە نەبن، ئەمە قبوڵ دەکەن. ئەگەر لەسەر بنەمای فیکر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ نەبوایا، هەم لە هەڵبژاردنی میر و هەم لە هەڵبژاردنی بابە شێخدا، ئێزدیەکان پارچە دەبوون. کۆمەڵگای ئێزدی بە زانستیانە جوڵایەوە. بۆ یەکێتی ئێزدیەکان و ئێزدیخانی پیرۆز، بە بەرپرسیارانە جوڵانەوە. گەلی شەنگال بە بەرپرسیارانە جوڵایەوە. ماوەی ٦ ساڵە شەنگال لە خۆڕاگریدایە و تیکۆشانیکی بێوێنە بەڕیوە دەبات. هەم پەرەی بە سیستمی خۆسەر و دیمۆکراتیکی خۆی دەدات، هەم خۆی دەپارێزێت. باش دەزانێت کە جگە لە فیکر و فەلسەفە و سیستم، هیچ شتێک ناتوانێت ئێزدیەکان لە فەرمان و قڕکردن رزگار بکات. پەدەکە لە ناو ئێزدیەکاندا بەردەوام ناکۆکی، پارچەبوون و گێرەشێوێنی دروست دەکات.
دوایین نمونەی ئەمەش، سەردانی کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان کرد و لە دژی خۆسەری شەنگال خۆپێشاندانیان رێکخست. بەم شێوەیەش ویستیان بڵێن، گوایا ئێزدیەکان لەگەڵ ئێمەدان. هەندێک کەسیان هێنایە سەر تەلەفیزیۆن و قسەیان کرد. هاوکارانی خۆیان لە شەنگال جوڵاند، بەڵام هەموو ئەمانە پوچەڵ بوونەوە. ئیدی نازانێت چیبکات. مەسرور بارزانی بە بێشەرمانە لێدوانیدا و وتی، ئێمە چاوەڕێی عێراقین بۆ ئەوەی بێت و رێکەوتنەکە جێبەجێ بکەین. مەسرور بارزانی بەم لێدوانەی، بانگەوازی بۆ ٧٥هەمین فەرمانی قڕکردنی ئێزدیەکان کرد. دەیەوێت ئەم فەرمانە بە دەستی عێراق جێبەجێ بکات. ئەمەیە کاری پەدەکە، لە سەرتاسەری باشور ئەمە دەکات. ئەردۆغان هیچ کات ناتوانێت لەسەر ئەم رێبازانەی پەدەکە، ئێزدیەکان لەناو بەرێت. رووی راستەقینەی پەدەکە و هەوڵێستە دژەکەی لە بەرامبەر کۆمەڵگای ئێزدی وەکو رۆژی روون دیارە. قوربانیەکەی چی دەبێت با ببێت، کۆمەڵگای شەنگال بە بڕوابوون بە خۆی و بە بێ ترس، خاوەنداری لە مافەکانی خۆی دەکات و لە خۆڕاگریدا دەبێت. ئەوەی دەیگەیێنێتە ئامانجیش، رێبازەکانی ئەم تێکۆشانەیە. بە تایبەت ئەوەی ئەم پەیمانە پوچەڵ دەکاتەوە، ئەوا خۆڕاگری شەنگال و هاوکاری و پشتیوانی دۆستانی کۆمەلگای ئێزدی و گەلی کوردە.
گەلی ئێزی بە شەو و رۆژ لەسەر پێیە. بە تایبەتیش ژنان پێشەنگایەتیەکی بەهێز بۆ ئەم چالاکیانە دەکەن. دەبێت گەلی دیمۆکراتیکخواز و گەلی کورد بە گشتی بە چی شێوەیەک خاوەنداری لەم بڕوا رەسەنە و خودی شەنگال بکەن؟
بە زۆری لە ناو راگەیاندنەکاندا ئاگامان لە بارودۆخی شەنگالە. ئەو دیمەنانەی بڵاو دەکرێنەوە، هیوایەکی گەورە دەبەخشنە کۆمەڵگا ژێردەستەکان. هیوا و ئاواتێکی گەورە دەبەخشێتە ژنان و بەرپرسیارێتیەکی گەورەش دەسپێرێتە ئێمە. گەلێک کە خۆی بە رێکخستن بکات، ئەوە دەخاتەڕوو کە خاوەنی چی هێزێکە. بە راستی ئەو خۆڕاگریەی بەڕێوە دەبرێت، زۆر واتادار و پیرۆزە. من بە هەموو جۆش و خرۆشێکەوە پیرۆزبایی لەو خۆڕاگریە دەکەم و سڵاویان بۆ دەنێرم. بۆ نمونە، هەندێک لەو دیمەنانەی بڵاو کرانەوە، مرۆڤ دەیوت، ئێرە جزیری بۆتان و نسێبینی سالەکانی ١٩٩٠-ە. یان لە دیمەنەکانی رابردوودا مرۆڤ دەیوت، ئێرە فەلەستینە. بۆچی ئەم نمونەیە؟ چونکە لە فەلەستین خۆپێشاندانەکان دەستیان پێکرد و رۆحێکیان بەخشیە هەموو هێز و گەلانی ژێردەستە و ژنان و کرێکاران و کەسانی دیمۆکرات و وڵاتپارێز. هەموو کەسێک ئەوەی بینی کە تێکۆشانی فەلەستین بەردەمیان رووناک دەکاتەوە کە ئەمەش سوودی زۆری هەبوو. گەلانی ژێردەستە سوودێکی زۆریان لێبینی و کەوتنە سەر رێگای تێکۆشان. ساڵەکانی ٩٠ لە بەرامبەر فاشیزمی دەوڵەتی تورک، لە جزیری بۆتان، لە نسێبین و شرنەخ بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان، ئەو دیمەنانەی بڵاو بوونەوە، کاریگەری خۆی لەسەر هەموو کەسێک دروست کرد. ئەم رۆحە ٣٠ ساڵە دەژیت. لە شەنگالیش ئەمە شتێکی نوێیە. بۆیە ئێمە دەڵێین زۆر واتادار و گرنگە. ئەم رۆحی خۆڕاگری و تێکۆشانە دوای ئەوە هاتە ئاراوە کە شەنگال رووبەڕووی فەرمان بووەوە. گەلی شەنگال ئێستا دەڵێت، فەرمانەکە زۆر شتی ئێمەی برد، بەڵام جارێکی تر ناهێڵین ئەم بارودۆخە دووبارە ببێتەوە.
بۆیە ئەم خۆراگری و هەڵوێستەی شەنگال، کاریگەریەکی ئەرێنی لەسەر ناوچەکە و کۆمەڵگا ژێردەستەکان و ئازادیخوازەکان دروست دەکات. ئەوانەی سەرکێشی بۆ ئەمە دەکەن دایکان و گەنجانن. ژنان لە هەموو روویەکەوە، چی دیپلۆماسی، چی لە رووی چالاکیەوە، پێشەنگایەتی بۆ ئەمە دەکەن. لە یەکێک لە بەرنامەکاندا باسی ئەوەم کردبوو کە، ئەگەر تەنانەت دایکێکیش مابێت، ناهێڵێت ئەم پەیمانە قڕکەرە سەرکەوتوو بێت. بە راستی ئەو بڕوایەی بە ژنانی شەنگال و دایکان هەمبوو، لەم قۆناغەدا سەلمێنرا. بەم بۆنەیەوە، سوپاسی خۆم ئاڕاستەی گشت ژنان و دایکانی خۆڕاگر دەکەم و پیرۆزباییان لێدەکەم. هاوکات گەنجانی ئێزیدخانیش هەڵوێستیان بۆ پێشەنگایەتیکردن نواند. گەنجانی ئێزیدخان کاتێک بڕوا بە شتێک دێنن، هیچ هێزێک ناتوانێت ببێت بە رێگر لەبەردەمیان. کۆمەڵگای ئێزید بەوە ناسرابوو کە بێخاوەنن، نەزانن و سەرشۆڕن، بەڵام وا نیە، بەڵکو بەو شێوەیە هێڵراونەتەوە. ئێستا رووە خۆڕاگر و ئازادیخواز و وڵاتپەروەر و مرۆڤ دۆستانەکەیان ئاشکرا بووە. رووە زاناکەیان هاتە ئاراوە.
ز.ش