ئاڤێستا: بە هەڵبژاردنەکان نەڕۆن، بە بەرخۆدان هەڵدەوەشێن! -٢-

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە رایگەیاند، گەلانی تورکیا و کوردستان تەنها بە رزگاربوون لە رژێمی ئەردۆغان دەتوانێت ئازاد ببن و وتی، "ئەردۆغان و باخچەلی فاشیست ئەگەر بە هەڵبژاردنەکان نەڕۆن، بە بەرخۆدان و تێکۆشان تێکدەشکێن."

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) شیکردنەوەی بۆ گۆشەگیری ڕەهای سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، رووداوەکانی ساڵ، بە تایبەتی پەیمانی شەنگال، یاریەکانی پەدەکە لەسەر بەهاکانی گەلی کورد، کردەوەکانی ئاکەپە و مەهەپە، دەستدرێژیەکان لە باکوری کوردستان و تورکیا، تێکۆشان و بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادی، چالاکی مانگرتنی زیندانیان، فشارەکانی سەر زیندانیان و هەنگاوی کەجەکە و کەژەکە بە دروشمی 'کاتی ئازادیە' کرد.

ئێستا دۆخی تورکیا لەبەر چاوە. بە کردارەکانی ئاکەپە – مەهەپە تورکیا خەریکە لە قەیراندا دەخنکێت. بۆ ئەو قەیرانەش هۆکاری گەورە لە گۆڕێدان، یەکێک لەو هۆکارەکان، واتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کێشەى کوردە. ئەمڕۆ هەمان ئەو عەقڵییەتە دەبینین، کە ئەردۆغانی فاشیست دەڵێت، کێشەى کورد نییە و بەردەوامی بەو عەقڵییەتە دەدات. لەلایەکی دیکەوە، دەوترێت، گوایە دەیەوێت هەندێک ریفۆرم بکات، ئێوە لەوبارەیەوە چی دەڵێن؟ 

ئێستا رووی رەشی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە ئاشکرا بووە. هیچ شتێک نییە، کە بتوانن خۆیانی پێ بشارنەوە. هەموو شێوازەکانی شەڕی تایبەت، توندوتیژی، داگیرکەری و فاشیزمی لەسەر گەلی کوردستان، لەسەر گەلی ناوچەکە و گەلی ئازادیخواز و دیموکراتیک بەکارهێناوە. فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە ئیدی تێکشکاوە. لەسەر لێواری هەڵدێردایە و بە پاڵپێوەنانێک دەڕووخێت. بەڵام بە داخەوە ئەو فاشیزمە لە خۆڕا تێکناشکێت. وادیارە، کە جارێکیتر رژێمی فاشیستیی ئەردۆغان و مەهەپە بەپێی پێشهاتە سیاسیەکانی جیهان دەیانەوێت بڵێن، هەندێک ریفۆرم دەکەن و رێگای سیاسەتی ساختەکارانە و فرتوفێڵ دەگرنە بەر. لە ئەجیندای ئاکەپە – مەهەپەدا جگە لە پاکتاوکردن، تاڵانی، داگیرکەری، پەلاماردان و دستدرێژیکردن و فاشیزم هیچ شتێکی تر نییە. ئیدی شتێک بە ناوی ئاکەپە لە گۆڕێدا نەماوە. ئاکەپە بووە بە مەهەپە. ئەوەی ئەو سیاسەتە بەڕێوەدەبات، عەقڵییەتی مەهەپەیە. مەهەپە دەسەڵاتدارە، عەقڵیان پێدەدات و ئەردۆغان تەسلیمی بووە. هەموو کەس ئەوە باش دەزانێت و بە باشی دەیبینن. هیچ کێشەیەکیان چارەسەر نەکرد، بەڵکو کێشەکانیان زیاتر و قوڵتر کرد. هەر خۆی فاشیزمی ئەردۆغان و ئاکەپە پرۆژەیەک بوو، هێزە هەژمونگەرا و پیلانگێڕەکان ئەو پرۆژەیەیان بردە سەر حکوم و دەسەڵات. لەو رۆژەوە هاتووەتە سەر حکوم تاوەکو ئێستا بۆ چارەسەرکردنی کێشە کورد نزیک نەبووەتەوە، بەڵکو بۆ خۆیان لەسەر بنەمای ئامانجە هەژمونگەراکانیان هەندێکجار هەندێک هەنگاوی جیاوازیان دەگرتەبەر. کاتێک پێویستی بوو وتی، کێشەکى کورد کێشەى منە. کاتێک بینیی پلانەکەی بەوە سەرناکەوێت، ئەمجارە هات و وتی، کێشەى کورد نییە. قسە و پەیامەکانی ئەم دواییە، کە دەیانەوێت پێشی بخەن، هەموو پەیام و ئاماژەن بۆ ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا. بەهۆی سیاسەتەکانی رابردوویەوە ناکۆکیی لە نێوان خۆی و سیستمدا دروستکردووە. دەیانەوێت دیسانەوە بەو قسانە کات بۆ خۆیان بکڕنەوە. ئێمە لە بزووتنەوەى ئازادی و هێزە دیموکراتیکەکان بە باشی لەو عەقڵییەتە تێدەگەین. ئەستەمە جارێکیتر بڕوایان پێ بکات و تەنازول بکات. چونکە هەموو کەس دەزانێت، کە بەو شێوەیە ئەردۆغان ناتوانێت درێژە بە مانەوەى خۆی لە دەسەڵات و حکوم بدات. تورکیا و باکووری کوردستان لە نێوان سیستم و کۆمەڵگەدا، قەیرانی سیاسی ئابووری بەڕێوەدەچێت. لەبەر ئەوەى کۆمەڵگە هەناسەی لەبەر بڕاوە خۆکوشتن، کوشتنی ژنان، هەژاری و برسێتی لە بەرزترین  ئاستدایە. بۆ رزگاربوون لە هەموو ئەو شتانە تاکە رێگای چارەسەری ئەوەیە، لە دژی فاشیزم و بەرخودان بەهێز بکرێت. گەلی تورک و گەلی کوردستان تەنها بەوە دەتوانن لە رژێمی ئەردۆغان رزگاریان ببێت و ئازاد ببن و دیموکراسی بۆ تورکیا بهێن. ئەوە مسۆگەر بووە، کە بە فاشیزمی ئەردۆغان و باخچەلی خاوەنداریکردن لە ژیان و بەهاکانی بە مانای لەناوچوونە. تەنها رێگایەکی چارەسەری هەیە، ئەویش خۆ بە رێکخستنکردنی بەرەی دیموکراسییە و گەشەدانە بە تێکۆشانی بەردەوام. سەرەک فاشیستی ئەردۆغان و باخچەلی بە هەڵبژاردن نەڕووخێن، ئەوا دەبێت بە تێکۆشان و بەرخودان لەبەر یەک هەڵوەشێنرێن.

بێگومان دەستدرێژی وەک کەرەستە و ئامڕازێکی شەڕ لەلایەن دەسەڵاتەوە لەسەر ژنان بەڕێوەدەبرێت. بەڵام لە کاتی دەسەڵاتی ئاکەپەوە دەستدرێژییەکان زیادیان کردووە. بە تایبەتی لەمدواییانەدا لە کوردستان سەربازانی ئەردۆغان بە ئەنقەست دەستدرێژی ئەنجام دەدەن. تێکۆشان و ناڕەزایەتی لەلایەن ژنانەوە لە دژی ئەو رووداوە قێزەوانانەیە هەیە. دەبێت کۆمەڵگەى کورد لە بەرامبەری ئەو کردەوانەدا چۆن هۆشیار بێت و ناڕەزایەتیی خۆی نیشان بدات؟

ئێستا ئەو شتەی، کە زۆر زیاتر لە تورکیا و کوردستاندا دەبینرێت، لەلایەن دیکتاتۆر ئەردۆغان و باخچەلییەوە سەرکوتکردن و سەپاندنەکانیانە بەسەر هێڵی ئازادیی ژناندا. ئەوەش ئاستی ئازادی و ژیانی ژنان لەلایەن دەوڵەت و سیاسەتەکانی دەوڵەتەوە دەخاتەبەرچاو. ئەو رژێمە فاشیستە لە کوردستان و تورکیا ئەنجام و دەستکەوتەکانى ژنان، کە بە دەیان ساڵ بە دەستیان هێناوە یەک بە یەک هێرشیان دەکرێتە سەر. ئەو بەها و نرخانەى ژنانی پیرۆز بە رەنج و تێکۆشان و بەرخودان بە دەستیانهێناون، کەوتوونەتە ژێر هێرشی فاشیزم و عەقڵییەتی باوکسالاری. لە ساڵی ٢٠٢٠دا زۆرترین شت، کە دەسەڵاتی لەسە دروستبوو، جەستەى ژن و دەستکەوتەکانیان بوو.

دەیان ژن دەستدریژییان کرایە سەر و لە ناوبران. هەروەها بە رەنجی هەزاران شەهید و ملیۆنەها هاوکاری ژنان، کە لە رێکخراو و دامەزراوە دیموکراتیکەکاندا بونیاتنرابوون، هێرشیان کرایە سەر و دەستیان بەسەردا گیرا و داگیرکران. بۆ نمونە دەکرێت باس لە هێرشکردنە سەر سیستمی هاوسەرۆکایەتی، داخستنی رێکخراوەکانی ژنان و مەترسیی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئیستەنبول بکرێت. لە بەرامبەر ئەو کردەوانەدا ژنان بە بەردەوامی و بێ پسانەوە لە باکوور و تورکیا، باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و لە سەرتاسەری جیهاندا درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن. عەقڵی پیاو و پیاوسالاری بە هەموو شێوەیەک دژایەتیی ئازادیی ژنان دەکات و توندوتیژیی دژ بە ژنان بەردەوامیی هەیە.

ئەردۆغان وەزیرێکی ناوخۆی هەیە، وتی چی؟ وتی، "ژن پەکەکە بەڕێوەدەبەن". بۆ ئەوەى بۆ ئەنجامدانی تاوانەکانی بەرامبەر بە ماف و خواستی ژنان بە پەکەکەوە ببەستێتەوە و ئینجا هێرشیان بکاتەسەر و رەوایی بە هێرشەکەى بدات. بێگومان ژن بە تێکۆشانی پەکەکە بەم ئاستە گەیشتووە و ئەوەش راستییەکە. پەکەکە حیزبی ژنانە. رێبەر ئاپۆ رێبەرێکی ژنانە و بۆ ئەوەى ژن ببنە ئیرادە و ورە رێبەر ئاپۆ رەنجێکی زۆر گەورە و تێکۆشانێکی بێ هاوتای ئەنجامداوە. بە بیر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ ژنانی کوردستان بە سیستمە دیموکراتیکەکەیان و سیستمەکەیان بۆ بیردۆزیی ئازادی و بۆچوونی ژنۆلۆژی و هەروەها بە هێزی پاراستنی رەوای خۆیان، بوونەتە ئومێد و بڕوا بۆ هەموو ژنانی جیهان. یەکەمجارە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رێکخستنێکی ژنان هەموو ئامڕاز و رێگا و کەرەستەکانی تێکۆشان و ئازادیی بەدەستهێناوە. لەبەر ئەوەشە ئەو عەقڵییەتەى باوکسالارییە لە ئاستەى ژنان دەترسێت و دەیەوێت بیخنکێنێت و لە ناوی ببات. هێرشە بێ ئەخەلاقانە، ناجوامێرانە و نامەردانە و بە سیاسەتی دوژمنانەى دەستدرێژی دەکاتە سەر ژنانی کوردستان. بە تایبەتی رووداوەکانی دەستدرێژی، کە هەموویان بە پلان بەرامبەر بە ژنانی بەرێوەدەچن لە ناوەندێکەوە پلانی بۆ دانراوە و بەڕێوەدەچێت. رووداوەکەى ئەمدواییەى کەرجۆس رووداوێکی جیاواز و دابڕاو نییە لەو پلان و بەرنامەیەی دژ بە ژنان.

دەوڵەت لە رێگەى دەزگاکانی شەڕی تایبەتەوە بەڕێوەدەچێت. سەرنجڕاکێشە، ئەو شوێنانەى ئەو رووداوانەى تیادا روودەدەن زۆر بە ئەنقەست و تایبەت هەڵبژێردراون. ئەو دەستدرێژییانەی سەر هەموو گەلەکەمان و ژنان دەبینن. لە بەرامبەر ئەوەدا دەبێت هەموو گەلی کوردستان، گەنجانی کورد و بە تایبەتی ژنانی گەنج لە دژی ئەو بێ ئەخلاقییە خاوەن هەڵوێست بن. چاوەڕێ نەکەن ئەو کەسانە لەلایەن دەوڵەتەوە دەستگیر بکرێن و دادگایی بکرێن. چونکە کەسە دەستدرێژکەرەکان بەرنامە بۆ دارێژراو ئەو کارەیان کردووە و بە رێکخستنکراون و دەپارێزرێن. دەبێت گەلەکەمان، ژنان و گەنجان خۆیان لێپرسینەوە لەو کەسە دەستدرێژکار و بێ ئەخلاقانە بکەن. ئێمەى بزووتنەوەى ئازادیی ژنانی کوردستان بە تێکۆشانی خۆمان، دەستی ئەو کەسانە دەبڕینەوە، کە دەستدرێژی دەکەن. پاراستنی ژنان و کۆمەڵگەکەى خۆمان بە ئەرکی سەرەکی و ستراتیژیی خۆمان دەزانین. بۆ ئەوەش هەڵمەتی "ئێمە خۆمان دەپارێزین" لە باکووری کوردستان و تورکیا، بە رووداوەکانی ئەمدواییە ئەوەندەی تر روون بوویەوە، کە هەڵمەتێکی چەند لە جێی خۆیدایەتی. داوا لە هەموو ژنان دەکەم لە بەرامبەر دەستدرێژی، پەلاماردان و پاکتاوکردنی ژناندا بەرەی یەکگرتووی خۆیان دروست بکەن، و یەکگرتوانە تێکۆشانی خۆیان بەهێز بکەن. هێزی ژنانیش دەتوانێت هەموو دیکتاتۆرەکان و سیستمی باوکسالاری لە ناو ببات. دەبێت ژنان بڕوایان بە خۆیان هەبێت و لە سەر هێڵی ئازادیدا تێبکۆشن.

ژ.ت