پەرلەمانتاران لەسەر دەستگیرکراوانی بادینان هاتنەوە دەنگ، داوای بانگهێشتی وەزیری ناوخۆ دەکرێت

ژمارەیەك پەرلەمانتار داوای بانگێهشتكردنی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم دەكەن بۆ پەرلەمان، ئەوەش بە‌پێی ماددە‌ی ٦٦ لە‌ پە‌یڕە‌وی ناوخۆی پە‌رلە‌مانی كوردستان.

رۆژ بە رۆژ کاردانەوەکان لە دژی دەستگیرکراوانی ناوچەی بادینان لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی پارتی دیمۆکراتیک کوردستان-پەدەکە لە زیادبووندایە. لەم چوارچێوەیەدا ژمارە‌ی یاسایی پە‌رلە‌مانتاران یاداشتێكیان ئاڕاستە‌ی سەرۆکایەتی پە‌رلە‌مان كردووە‌ بۆ بانگھێشتكردنی وە‌زیری ناخۆ سە‌بارە‌ت بە‌دە‌ستگیركردنی ڕۆژنامە‌نوسان و چالاكوان لە‌ پارێزگای ھە‌ولێرو دھۆك.

ئەو پەرلەمانتارانە کە ژمارەیان ١٦ کەسە، لە یاداشتەکایاندا داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەن، بابەتی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکانی مەدەنی سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک بخەنە بەرنامەی کار و وەزیری ناوخۆش بانگهێشت بکرێت.

ڕۆژی ٢٠ی مانگی ڕابردووش ١٠ پەرلەمانتار سەبارەت بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس شێروان شێروانی یاداشتێکیان ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان کرد و داوایانکرد بەزووترین کات سەردانییکردنی شێروان بۆ پارێزەر و کەسوکار و پەرلەمانتاران بڕەخسێ و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی خۆی لە دۆسیەکەدا بگێڕێت.

بەپێی بەیاننامەیەکی کەسوکاری دەستگیرکراوەکانی بادینان، کە ئەمڕۆ بڵاویان کردەوە، لە ناوەڕاستی مانگی هەشتی ئەمساڵەوە تائێستا پەدەکە لە سنووری پارێزگای دهۆک ٢٨٠ کەسی دەستگیر کردووە و هێشتا ١٧ کەسیان لەزینداندا ماون و شوێنیان دیار نییە، هەربۆیە داوایان لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای مەدەنی کرد بە فریایانەوە بچن.

ز.ش