پەرلەمانتارانی کوردی کەرکوک: بەغدا هاوکاربووە لە بەعەرەبکردنی کەرکوک

پەرلەمانتارانی کوردی کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێن: "بەڵگەمان هەیە کە حکومەتی عێراق بەڵگەی ساختەیان دروستکردوە بۆ بەعەرەبکردنی شاری کەرکوک"

دوو رۆژ لەمەوبەر ژمارەیەکی زۆرى عەرەبی ھاوردە بە پاڵپشتی ھێزە عێراقییەکان بەنیازی داگیرکردنی ماڵ و موڵکی کوردانی ئەو ناوچەیە چوونە سەر گوندی پەلکانەی سەر بەناحیەی سەرگەران لە باشوری کەرکوک.

هاولاتیانی ئەو گوندە دەڵێن: ھاوڵاتیینی کورد بۆ بەرگری لە خۆیان ئامادەن، به‌ڵام مەترسی داگیرکردنی خانوو و موڵکی ھاوڵاتییان و زەوییەکانیان ھەیە، ھێزە ئەمنییەکانیش پاڵپشتی عەرەبە هاوردەکان دەکەن، مەترسی ھەیە ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان عەرەبی ھاوردە بە پاڵپشتیی سوپا و پۆلیس و حەشد و خەڵکی پەلکانە ڕوو بدات.

ئەمرۆ یەکشەممە نوێنەرانی گوندی پەلکانە و ناحیەی سەرگەران لە مەکتەب سیاسی یەکێتی نشتیمانی کوردستان لە شاری کەرکوک کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و لەگەل نوێنەرانی کوردی شارەکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لەو هێرش و هەوڵی داگیرکردن و بەعەرەبکردنی ئەو گوندانەی ناوچە جێناکۆکەکان کرد.

پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەی نوێنەرانی کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕێبوار تەها ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پشکی فراکسێۆنی یەکیتی نیشتیمانی کوردستان لە کەرکوک، سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و ئەو داواکاریانەی هەیانە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن دوا.

ڕێبوار تەها لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا وتی: "لای هەمووان ئاشکرایە کە لە کەرکوک بەشێوەیەکی سیستماتیک پرۆسەیەکی بەعەرەبکردن لە کەرکوک بەرێوە دەچێت، ئامانجی ئێمە لەم کۆبوونەوەیە لەگەل نوێنەرانی کوردی ڕەسەنی ئەو ناوچانە ئەوەیە کە لەرێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عێراقی و کوردی پەیامێکی هاوبەش لەگەل نوێنەرانی ناوچەی سەرگەران بدەین کە هەندێک خاڵ هەیە پێویستە بۆ ڕای گشتی روونی بکەینەوە، ئێمە هەمووان دەزانین کە ئەوەی لەو گوندە کوردنشینانە روودەدەن پلانێکە بۆ بەعەرەبکردنی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان."

هەروەها سەبارەت بەتاوانباران و ئەنجامدەرانی پرۆسەی بەعەرەبکردنی ناوچە دابڕێنراوەکان، ڕێبوار تەها وتی: "پرۆسەی بەعەرەبکردن دەستی ناوخۆی تێدایە بەتایبەتی پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک ڕاکان سەعید جبوری، بەداخەوە لەلایەن بەغداوە هاوکاری پرۆسەی بەعەربکردن دەکرێت و بەشیک لە دامودەزگاکانی عێراقیش هاوکارن لە بەعەرەبکردنی ئەم ناوچەیە."

هەروەها سەبارەت بەداواکارییەکانیان وەکو نوێنەرانی کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رێبوار تەها ئاماژەی بەوەشکرد " ئێمە هەموو دەستێوەدانێکی لایەنی سەربازی ڕەتدەکینەوە لەو ناوچەیە، پێشتریش لایەنی سەربازیمان ئاگادار کردبووەوە کە نەبنە لایەنێک لە کێشەکانی ئەو ناوچەیە، هەروەها داوا دەکەین بۆ چارەسەکردنی کێشەی زەوی ئەو ناوچەیە بەپی مادەی ١٤٠ی دەستوری عێراقی چارەسەر بکرێت."

سەبارەت بە کارئاسانی بەعەرەب کردنی ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن چەند لایەنێکی حکومی، ڕێبوار تەها ڕایگەیاند: " چەندین بەڵگەمان دەستکەوتووە کە لایەنی حکومی بەڵگەی ساختەی دروستکردوە بۆ بەعەرەبکردنی کەرکوک و ناوچە دابرێنڕاوەکان، پرۆسەی بەعەرەبکردن دەستی پێکردوە و لێرەوە دەنگی خۆمان وەکو نوێنەرانی کوردی کەرکوک دەگەینینە تەواوی سەرکردەکانی کورد و کە "بابەتی کەرکوک و خانەقین بابەتێکی چارەنووسازە بۆ هەموو تاکێکی کورد" و پێویستە لە بەعەرەبکردنی ئەم ناوچانە بینە دەنگ و گفتوگۆی لەسەر بکەین."

لە کۆتایدا ڕێبوار تەها وتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە رۆڵێکی بەرچاو ببینێت سەبارەت بە رووبەرووبوونەوەی پرۆسەی بەعەرەبکردنی کەرکوک و ناوچە دابڕینراوەکان، پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی لەگەل حکومەتی عیراق هەبێ و کۆبوونەوە ئەنجامبدات لەسەر پرۆسەی بەعەربکردنی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەربوونەوەی ئەو بەعەرەبکردنەی لەسەر ناوچەکانی باشوری کەرکوک و خانەقین روودەدات.''

ف.ق