پژاک: داستانی قەندیل سەلماندی سیاسەتی سەرکوتکردن دژی گەلی کورد، سەرکەوتوو نابێت

بەبۆنەی سیانزەهەمین ساڵیادی داستانی قەندیلەوە، پژاک ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "داستانی قەندیل سەلماندی سیاسەتی سەرکوتکردن دژی گەلی کورد، سیاسەتێکی سەرکەوتوو نابێت".

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بەبۆنەی سیانزەهەمین ساڵیادی داستانی قەندیلەوە ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی پژاک بەم جۆرەیە:

"ڕۆژی ١٦ ی تەمموزی ٢٠١١ دەوڵەتی ئێران بە ئامانجی سەرکەوتنی کۆتایی سیاسەت و بەرنامە کۆمەڵکوژییەکەی دژی گەلی کورد، هێرشی کردە سەر چیای قەندیل و ناوەند و چەقی تێکۆشانی گەلەکەمان. لەسایەی بەرخۆدانی هێزە فیداکارەکان و فیداکاریی گەریلا، ئەم هێرشە فراوانانە، ڕووبەڕووی شکست کرانەوە. لە سیانزەهەمین ساڵیادی ئەم داستانە مەزن و مێژووییەدا، یادی شەهیدەکانمان بەرز ڕادەگرین.

داستانی قەندیل لەڕێگەی شەهیدانی وەک فەرماندە سمکۆ سەرهەڵدان و عەگید سنە و ساریا و زەردەشت و بەرفین چلچمە و هەڤاڵانی شەهیدی ترمانەوە بە ئامانجی بەرزی پاراستنی گەلی کوردی ستەمدیدە هاتەکایەوە. ئەمڕۆش، ئەرکی ئێمە درێژەدانە بە تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی خەونی شەهیدان و بەرخۆدەرانی قەندیل.

ساڵی ٢٠١١ ئێران بە مەبەستی سەرکوتکردن و لەناوبردنی پارتەکەمان، هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر هەرێمی قەندیل دەست پێ کرد. لەم هێرشەدا، دەوڵەتی ئێران بەشێوەیەکی بەرفراوان هەموو هێزەکان و تەکنەلۆژیای مۆدێرن و جاشە ناوخۆییەکانی بەکار‌هێنا. بەڵام هەڤاڵان بە دەرفەتێکی کەمەوە، بەرخۆدانێکی ئەفسانەییان ئەنجامدا. ئەم بەرخۆدانە بە فەرماندەیی فەرماندە سمکۆ و ئەو گەنجانەی بە باوەڕی ئازادی و دیموکراسییەوە هاتنە ڕیزی پارتەکەمانەوە، گەیشتە ئەنجام.

داستانی قەندیل چەند تێگەیەکی گرنگی سەلماند: یەکەم، سەلماندی ڕۆحی بەرخۆدانی ئێمە کە لە فەلسەفەی ئاپۆییەوە سەرچاوە دەگرێت، دوورە لە شکست و ڕادەستبوون. لە هەندێک خاڵدا، هەڤاڵانی گەریلامان بە تیمێکی چەند کەسی بەرامبەر هێرشی سەختی تۆپخانە و هێرشی زەمینی هەزاران سەربازی ئێران، تا دوا هەناسە و تا شەهیدبوون بەرخۆدانیان کرد. ئەم خۆڕاگرییە، مۆراڵی دوژمنی شکاند، تەنانەت هەندێک لە جاشەکان لەژێر کاریگەری ئەم بەرخۆدانە، چەکەکانیان فڕێدا. دووەم، داستانی قەندیل سەلماندی سیاسەتی سەرکوتکردن دژی گەلی کورد، سیاسەتێکی سەرکەوتوو نابێت، گەلی کورد هەردەم ڕۆحی بەرخۆدانی خۆی پاراستووە. بێگومان سەرکوتی زیاتر هەمیشە بەرخۆدانی فراوانتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەروەها سەرکوتی دەسەڵات، ڕەوایەتی تێکۆشانی گەلی کورد دەسەلەمێنێت.

داستانی قەندیل سەلماندی کە بژاردەی سەربازی بژاردەیەکی گونجاو و سەرکەوتوو نییە بۆ پرسی کورد چونکە پرسی کورد پرسێکی سیاسییە و بە ڕێکارێکی دیموکراتیک چارەسەر دەکرێت. دانانی پرسی کورد لە چوارچێوەیەکی ئەمنی و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی کورد لە ڕێگەی سەربازییەوە تەنها زیانەکان زیاد دەکات و پرسەکە دەگۆڕێت بۆ گرێ‌کوێرەیەکی مەزنتر. ئەمەش لە کاتێکدایە کە چارەسەری دیموکراتیکانەی پرسەکە دەتوانێت ئەم زیانانە کەم بکاتەوە و پرسەکە بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام ببات. بۆیە بژاردەی سەربازی پەیوەست بە پرسی کورد، خۆپاراستنی ڕەوا دەکاتە ئەولەوییەت. ئەم چەرخی شەڕفرۆشی و کۆمەڵکوژییەی دەوڵەتی ئێران پێویستە لە شوێن و کاتێکدا ڕابگیرێت.

شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بە ڕوونی نیشانی دا کە بەرخۆدانی قارەمانانەی قەندیل و تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد بناغەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بوو. داستانی قەندیل و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی سەلماندی کە پۆتێنشاڵەکانی گەلی کورد هەمیشە ئارەزووی ئازادی هەیە و کەس ناتوانێت ڕێگری لێ بکات، گەلی کورد هەمیشە درێژە بە تێکۆشانی خۆی دەدات. ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە، ئەم تێکۆشانە چ ڕێڕەوێک وەردەگرێت، ئەمەش تا سنوورێک گرێدراوە بە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد.

داستانی قەندیل پشتیوانییەکی مەزنی گەلەکەمانی لە هەرێمی باشووری کوردستان و تەواوی بەشەکانی تر بەدوای خۆیدا هێنا، سەلماندی کە گەلی کورد تێکۆشانەکەی گەیاندۆتە قۆناغێکی باڵاتر و مۆدێرنتر.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) یادی هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی، بەتایبەت شەهیدانی داستانی قەندیل شەهید سمکۆ سەرهەڵدان و شەهید عەگید سنە و شەهید ساریا و شەهید زەردەشت و شەهید بەرفین و تەواوی شەهیدان، بەرز ڕادەگرێت. ئەوان ڕێگەیەکیان خستۆتە پێشمان، کە هەر خۆیان ڕۆشنگەرانە و فیداکارانە چراکەیان بۆی داگیرساندووە. بۆیە قەرزاری تەواوی شەهیدانین و تەنها بە بەدیهێنانی ئازادی دەتوانین ئەم قەرزە بدەینەوە. ئێمە وانەیەکی مەزنی تێکۆشانمان دژی کۆمەڵکوژی بێبەزەییانەی دوژمن لە شەهیدان و فەرماندەکانی وەک سمکۆ و ساریاوە وەرگرتووە، هیچ ڕێگەیەکی تر شک نابەین، بێجگە لە تێکۆشانی شکۆمەندانە بۆ گەیاندنی گەلەکەمان بە ئازادی. بانگەواز لە گەلەکەمان دەکەین، بە مەزنکردنی تێکۆشان و چالاکییەکانیان، بە ئامادەبوونی پڕ جۆشوخرۆش لە گۆڕەپانەکان و بە پشتبەستن بە ڕۆحی داستانی قەندیل، ڕێگەی شکۆمەندی بەدەستهێنانی ئازادی و بەدیهێنانی دیموکراسی بگرنەبەر. بەرز و پیرۆز بێت یادی شەهیدانمان، تێکۆشانی گەلەکەمان و گەلانی ستەمدیدە هەر بەردەوام بێت".